22/2/2021 10:14 PM

لێکۆڵینەوە لە هۆکاری خۆکوشتن لە کەمپەکان دەکرێت

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتانەی لەبارەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە کەمپەکان رودەدەن، لێکۆڵینەوە دەکات و دەیەوێت هۆکاری راستەقینەکانی بدۆزێتەوە.

ئیڤان فائق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق رێنماییدا بە ئامادەكردنی توێژینەوەیەك لەبارەی هۆكاری حاڵەتەكانی خۆكوشتن كە لەناو هەندێك لە كەمپی ئاوارەكاندا روودەدەن.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری حاڵەتەكانی خۆكوشتن لە عیراق بە سەرۆكایەتی وەزیری كۆچ و كۆچبەران دووەم كۆبوونەوەی خۆی لە بارەگای وەزارەت لە بەغدای پایتەخت ئەنجامدا، بە ئامادەبوونی كەریم نوری بریكاری وەزارەت و ئەندامانی لیژنەكە.

بەگوێرەی راگەیەنراوێكی وەزارەتی كۆچبەران كه تيايدا هاتووە، لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ئیڤان فائق ستایشی هەوڵی بەرچاوی لیژنەكەی كرد كە بەمدواییانە لەمیانی سەردانی كامپی ئاوارەكاندا خستوویانەگەڕو ژمارەیەك راپۆرتیان لەبارەی حاڵەتەكانی خۆكوشتن ئامادەكردووە كە لە هەندێك لە كەمپەكاندا روویانداوەو پێویستی هەڵوەستەكردن لەسەر  هۆكارە راستەقینەكانی سەرهەڵدانی ئەو دیاردەیە.

ئیڤان ئاماژەشیداوە بەو هۆكارانەی كە پاڵنەرن بۆ روودانی حاڵەتەكانی خۆكوشتن و دیارترینیشیان خۆی لە فشاری دەروونی و خێزانیدا دەبینێتەوە. 

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، وەزیری كۆچ و كۆچبەران رێنماییدا لەبارەی ئامادەكردنی توێژینەوەیەكی تەواو و هەمەلایەنە لەسەر ئەو پرسە بە هاوكاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و ئاشكراكردنی هۆكارە راستەقینەكانی ئەو دیاردەیەو پێشكەشكردنی چارەسەری بەپەلەو پێویست بۆ ئەو دیاردەیە.

داواشی لەو رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییانە كرد كە لەبواری تەندروستیدا كاردەكەن، بەرنامەكانیان چڕبكەنەوەو ژنان و قوربانیانی توندوتیژی لەڕووی دەروونییەوە رابهێنرێن، بەتایبەتی بۆ ئەو كارمەندانەی لەناو كەمپی ئاوارەكاندا كاردەكەن، هاوكات داواشیكرد پەلەبكرێت لە تەواوكردنی رێكارەكانی سەنتەرەكانی راهێنان لە قەزای شەنگال و كۆتایهێنان بە پرسی خێزانە ئاوارەكان و دابینكردنی هەموو پێداویستییەكانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە.

خاك - راگەیاندنی وەزارەتی كۆچ




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved