23/2/2021 06:36 PM

کۆریای باکوور، گەورەترین مەترسی لەسەر جیهان لە 2021ـدا

بەپێی راپۆرتێک کە لەلایەن ئەمریکاوە بڵاو بووەتەوە سەرەکیترین ناوەندی ئەتۆمی کۆریای باکوور لە سەرەتای زستانەوە تا ئێستا بەشێوەی بەردەوام خەریکی چالاکی بووە. ئەو وێنانەی لە سەتەلایتەکانەوە وەرگیراون دەریدەخەن لەم ماوەیەدا ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکان لە دەوروپشتی ئەم ناوەندە لە هاتوچۆدا بوون. هەڵبەت هیچ بەڵگەیەکی ئەوتۆ سەبارەت بەوەی کە رێئاکتۆرەکانی ئەم ناوەندە چالاک کرابنەوە لەبەر دەست نییە.
ئاژانسی هەواڵدەریی Yonhabـی کۆریای باشوور باس لەوە دەکات ئەم وێنانە نیشانەی چالاکیی بەردەوامی وزەخانەی پیتاندنی ئۆرانیۆمە لە ماوەی زستاندا. سەرەتاکانی ئەم مانگەش چەندین راپۆرت بڵاو بوونەوە کە دەریدەخەن کۆریای باکوور هەڕەشەیەکی کارەساتبارە بۆ سەر جیهان. کارناسان هۆشداری دەدەن کە چەکە ئەتۆمییەکانی ئەم وڵاتە و هەروەها ئەو تاقیکاریانەی بە بەردەوامی لەسەر سارۆخە باڵستیکەکان ئەنجام دەدرێن گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر ئارامیی جیهان لە 2021ـدا.
جێی ئاماژەیە کیم جونگ ئوونی رێبەری کۆریای باکوور لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ئەندامانی پارتی کرێکارانی کۆریای باکوور رایگەیاندووە کە ئەمریکا سەرەکیترین دوژمنی ئەم وڵاتەیە. ئەو لە قسەکانیدا بە توندی رەخنەی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا بەنیسبەت بنەماڵەی پاشایەتییەوە گرتووە. لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو کۆریای باکوور پەردەی لە ساروخێکی باڵستیک لادا کە بە گوتەی کارناسان دەتوانێ ئەمریکا لەناو ببات.
پەردەلادان لەم ساروخە رێک بەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ئەنجام درا و دەتوانێ هۆشدارییەکی ئاشکرا بێت بۆ بەرپرسانی نوێی کۆشکی سپی.

 

سەرچاوە: express

خاک _ پشکۆ کامەران





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved