25/2/2021 06:43 PM

چەند رێکار بۆ پاککردنەوەی ریخۆڵە

یەکێک لە ئەندامە گرنگەکانی کۆئەندامی هەرس، قولون یان ریخۆڵە گەورەیە و تەندروستیی سیستمی هەرس تا رادەیەکی زۆر گرێدراویی تەندروستیی ئەم ئەندامەیە. هەندێک کەس لەسەر ئەو بڕوایەن کە بۆ باشبوونی چالاکییەکانی کۆئەندامی هەرس، دەبێ ریخۆڵە گەورە پاک بکرێتەوە، بەڵام توێژینەوە جۆراوجۆرەکان کاریگەربوونی پاککردنەوەی ریخۆڵە بۆ باشبوونی چالاکییەکانی ئەم ئەندامەیان دەرنەخستووە. سەرەڕای ئەم بابەتە، پاککردنەوەی ریخۆڵە رەهەندی پۆزەتیڤی هەیە و هەندێک لە کێشەکان بۆ نموونە قەبزی لەناو دەبات. هەروەها دەگوترێ پاککردنەوەی ریخۆڵە بەرگیری لە شێرپەنجەی ریخۆڵە دەکات. لەدرێژەدا لەگەڵ چەندین رێکار بۆ پاککردنەوەی ئەم ئەندامە گرنگە ئاشنا دەبین.

*خواردنەوەی بڕێکی زۆر ئاو و گەیاندنی ئاو بە ئەندامەکانی جستە هۆکارە بۆ چالاکیی زیاتری کۆئەندامی هەرس و پاکبوونەوەی ریخۆڵە. شووتی، تەماتە، کەرەوەز و کاهوو بەشێکن لەو خۆراکانەی کە ئاوێکی زۆر لە پێکهاتەیاندا هەیە و دەتوانن جگە لە ئاو لەم خۆراکانەش کەڵک وەربگرن.

*پاککردنەوەی ریخۆڵە بە خوێ یەکێکی دیکە لە رێکارەکانە بۆ ئەم مەبەستە. بەر لە خواردنی نانی بەیانی کەوچێکی چا خۆری خوێ لە ئاوی شیلەوگەرمدا تێکەڵ بکەن و بیخۆنەوە. هەوڵ بدەن ئەم کارە لە کاتێکدا ئەنجام بدەن کە کاتی پشوودانە و زیاتر لە ماڵەوەن چونکە پێویستە زوو زوو سەردانی توالێت بکەن.

*ریشاڵ یەکێک لەو مەوادەیە کە زۆر جار لە سیستمی خۆراکدا سەرنجی پێنادرێت. ریشاڵ جووڵەی ریخۆڵە زیاد دەکەن و بەم شێوەیە بەرگیری دەکەن لە کۆبوونەوەی مەوادی زیادی لە ریخوڵەدا. ریشاڵەکان بەسوودن بۆ لەناوبردنی حاڵەتی قەبزبوون و هەروەها بەکتریا بەسوودەکانی ناو ریخۆڵە بەهێز دەکەن.

*ئاومیوە جۆراوجۆرەکان بەناوبانگن بۆ پاککردنەوەی ریخۆڵە. میوە و سەوزە خێرایی دەبەخشن بە پرۆسەی پاککردنەوەی ریخۆڵە چونکە خاوەن ریشاڵێکی زۆرن، بەڵام بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری ریشاڵ زیانی تایبەت بە خۆی هەیە. بەڵام ئەم هۆشدارییە بۆ کاتێکە کە خواردنی میوە و سەوزە یەکجار زۆر بێت و دۆخی لەم چەشنەش زۆر ئەستەمە بێتە ئاراوە. کەوابوو خواردنی میوە و سەوزە لەیاد مەکەن.

*ماست و سرکەی سێو و بەگشتی ئەو خۆراکانەی دەرئەنجامی پرۆسەی ترشانن (تخمیر) بۆ پاککردنەوەی ریخۆڵە بەسوودن چونکە دەبنە هۆی بەهێزبوونی بەکتریا بەسوودەکانی ناو کۆئەندامی هەرس.

 

سەرچاوە: healthline

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved