25/2/2021 06:45 PM

چەند خاڵێک سەبارەت بە چارەسەریی نەخۆشیی ئەلزایمێر

ئەگەرچی چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەلزایمێر بوونی نییە، بەڵام دەرمان و پێشگیری دەتوانێ خێرایی رەوتی گەشەی قۆناغەکانی ئەم نەخۆشییە خاو بکاتەوە. مەبەست لە دەرمان کردن لەڕاستیدا کۆنتڕۆڵی چالاکیی زەینی و رەفتاری نەخۆش و کەمکردنەوەی خێرایی دەرکەوتنی نیشانەکانە.
گۆڕانکارییەکانی سیستمی خۆراک، راهێنانە جەستەیی و زەینییەکان و دەرمانەکان دەتوانن کاریگەریی پۆزەتیڤ لەسەر نیشانەکانی نەخۆشیی ئەلزایمێر دابنێن. دەرمانە کیمیاوییەکان بە مەبەستی رێکخستنی راوگوێزەرە عەسەبییەکان بۆ بیرکردنەوە، بیرهاتنەوە و توانستەکانی پەیوەندی گرتن دەدرێن بە نەخۆشەکان، بەڵام ئەم دەرمانانە نەخۆشییەکە چارەسەر ناکەن. تەنانەت لەوانەیە پاش ماوەیەک هیچ کاریگەرییەکیان نەبێت. لەوانەیە کەسی تووشبوو بە ئەلزایمێر بۆ بیرهاتنەوەی ئەوەی کە کەی دەرمانەکانی بخوات پێویستی بە یارمەتی هەبێت.
هەندێک جار پزیشکەکان درمانەکانی دژەدڵەڕاوکێ و دژەخەمۆکی دەدەن بە تووشبووان بۆ کۆنتڕۆڵی خووەکانیان. وەرزشی نیوە قورس بۆ نموونە پیاسەکردن دەتوانێ خووی ئەم نەخۆشانە رێک بخات و سوودی بۆ تەندروستیی گشتیی جەستەیان هەیە بۆ نموونە تەندروستیی دڵ، جومگە و ماسولکەکان. بەڵام هەندێک لە تووشبووانی ئەلزایمێر نابێ بە تەنهایی پیاسە بکەن چونکە ئەگەر هەیە رێگەی ماڵەوە لەیاد بکەن و بزر بن؛ کەوابوو واباشە لە ماڵەوە وەرزش بکەن.

 

سەرچاوە: healthline

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved