1/3/2021 05:49 PM

زانكۆی سلێمانی خەڵاتی مامۆستایانی كۆلێژی زمان دەكات

ڕاگەیاندنی كۆلێژی زمان لەزانكۆی سلێمانی..
سەرۆكایەتیی زانكۆی سلێمانی‌و ڕاگرایەتیی كۆلێژی زمان، خەڵاتی رێزلێنانیان بە خشیە مامۆستایانی خانەنشینی كۆلێژی زمان لە زانكۆی سلێمانی.
بەمەبەستی ڕێزگرتن‌و پێزانین لە هەوڵ‌و ماندووبوونی خزمەتی زانكۆیی‌و هەگبەی زانستیی مامۆستایانی خانەنشینی كۆلێژی زمان، لە مەڕاسیمێكی شایستەدا، خەڵاتی ڕێزلێنانیان، بە خشیە نۆ مامۆستای كۆلێژی زمان.
لەم مەراسیمەدا دوو خەڵات بەسەر مامۆستایاندا دابەشدەكران، خەڵاتێكیان لەلایەن سەرۆكایەتیی زانكۆی سلێمانییەوە، كە بریتییە لە قەڵغانی ڕێزلێنانی زانكۆی سلێمانی، خەڵاتەكەی تریش، قەڵغانی ڕێزلێنانی كۆلێژی زمانە، كە لەلایەن ڕاگرایەتیی كۆلێژی زمانەوە پێشكەشكرا.
د. ڕەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی خوێندرایەوە كە تێیدا باسی لە رۆڵی ئەو مامۆستا بەڕێزانە كرد ، كە ساڵانێكی زۆری تەمەنیان لە پێشخستنی رەوتی زانست و ئەكادیمیا و خزمەتی زانكۆی سلێمانیدا بەخشیووە.
وتیشی: وەك سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی خۆمان بە قەرزارباری ئەم مامۆستایانە دەزانین كە چەندین ساڵە خزمەت بە زانكۆی سلێمانی دەكەن و لە ئێستاشدا دەتوانین سود لە تواناكانیان وەربگرین و راوێژیان پێبكەین، بۆیە ئەمڕۆ سەرۆكایەتی زانكۆ وەك وەفایەك و رێزێك بۆ هەوڵ و ماندووبوونیان بە ئەركی خۆی دەزانێت لەم مەراسیمەدا رێز لەم مامۆستا بەڕێزانە بنێت.
دواتر د. شاخەوان راگری كۆلێجی زمانی زانكۆی سلێمانی وتەیەكی پێشكەشكردوو رایگەیاند: وەك كۆلێجی زمانی زانكۆی سلێمانی بەئەركی خۆمان زانی بەرامبەر ئەو خزمەتە زۆرەی بە زانكۆی سلێمانی و كۆلێجی زمانیان كردووە وەك رێزو وەفایەك بۆ ماندوبوونی چەند ساڵەیان ئەم مەراسیمە بۆ ئەم مامۆستا بەڕێزانە رێكبخەین كە ئەمڕۆ خانەنشین بوون.
ژیاننامەی مامۆستایانی خانەنشینی كۆلێژی زمان لە زانكۆی سلێمانی:
پرۆفیسۆر دكتۆر فایەق مستەفا ئەحمەد
ساڵی 1964-1965 بروانامەی بەكالوریوسی لە كۆلێژی ئادابی زانكوی بغداد وەرگرتووە
ساڵی 1977 ماستەر ودكتۆرای لە كۆلێژی ئادابی زانكۆی قاهیرە بەدەست هێناوە
لەزانكۆكانی موصل وسلێمانی كۆیە وكەركوك وتكریت وەكو مامۆستا وسەرپەرشتیار كاریكردووە
خاوەنی 13 كتێبە لە بواری ئەدەب ورەخنە وپەروەردە
نزیكەی 100 وتاری لە گۆڤارەكاندا بڵاوكردوەتەوە
سەرپەرشتی چەندین نامەی ماستەر وتێزی دكتۆرای كردووە
بەمامۆستای یەكەمی زانكۆی سلێمانی هەڵبژێردراوە لە ساڵی 2011
پرۆفیسۆر دكتۆر عبدالوهاب عبدالله چروستانی
لەساڵی 1973 بروانامەی دبلۆمی لە پەیمانگەی مامۆستایان لە هەولێر وەرگرتووە
لە ساڵی 1989 بەكالوریوسی لە زمانی عەرەبی لە كۆلێژی پەروەردەی زانكۆی صلاح الدین بەدەستهێناوە
لە ساڵی 1999 بروانامەی ماستەری لە زانكۆی سلێمانی بەدەستهێناوە
لە ساڵی 2007 بروانامەی دكتۆرای لە كۆلێژی ئادابی زانكۆی موستەنسریە بەدەستهێناوە و تێزی دكتۆراكەی وەك كتێب بەچاپ گەیەنراوە
وەك مامۆستا وسەرۆك بەش لە كۆلێژی زمانی زانكۆی سلێمانی كاریكردووە
گفتوگۆ وسەرپەرشتی نامەی ماستەر وتێزی دكتۆرای كردووە
پ.د. ئەنوەر قادر محەمەد، ساڵی 1980 بڕوانامەی ماستەری لە وڵاتی ڕووسیا لە كۆلێژی ڕۆژنامەنووسیی زانكۆی (لینینگراد) وەرگرتووە، دواتر ساڵی 1986 لە ئەنجومەنی زانستیی كۆلێجی ڕۆژهەڵاتیی زانكۆی لینینگراد، بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری ئەدەبی كوردیدا،بەدەستهێناوە، جەنابیان پلەی زانستیی پڕۆفیسۆریان هەیەو لە ساڵانی 2004 تا 2017، لە زانكۆی سلێمانی، كۆلێژی زمان/ بەشی كوردی، مامۆستا بوون‌و خزمەتیان كردووە. بەڕێزیان خاوەنی چەندان لێكۆڵینەوەو بەرهەمی زانستیی بەپێزن‌و هاوكات گفتوگۆو سەرپەرشتیی چەندین نامەی ماستەرو تێزی دكتۆرایان كردووە.
پ.د. محەمەد عبدالفتاح حمە سعید، ناسراو بە (د.محەمەدی مەحویی)، ساڵی 1986 بڕوانامەی بەكالۆریۆس‌و ماستەری لە وڵاتی نەمسا لە زانكۆی (سازبۆرگ) وەرگرتووە، دواتر ساڵی 1988- 1989 لە وڵاتی نەمسا لە زانكۆی (سازبۆرگ) بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری زانستی زماندا تایبەت بە ڕستەسازیی كوردیی، بەدەستهێناوە، پاشان لە ساڵی 1989-1990 لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای نەمساوە زەمالەی خوێندنی وەرگرت بۆ لێكۆڵینەوە لە سەر مۆرفۆلۆژیی‌و فۆنۆلۆژیی كوردیی، كە لە زانكۆی سلێمانیش، بۆ بەستانداردكردنی زمانی كوردیی، كاریكردووە. جەنابیان پلەی زانستیی پڕۆفیسۆریان هەیەو ماوەی (8) ساڵ لە نەمساو (20) ساڵ لە زانكۆی سلێمانی خزمەتی زانكۆییان هەبووەو خاوەنی چەندان لێكۆڵینەوەو بەرهەمی زانستیی بەپێزن، هاوكات گفتوگۆو سەرپەرشتیی چەندین نامەی ماستەرو تێزی دكتۆرایان كردووە.
پ.د. فازیل مەجید مەحموود، ساڵی 1989- 1990 بڕوانامەی ماستەری لە بەشی كوردیی كۆلێژی ئادابی زانكۆی (صلاح الدین) وەرگرتووە، دواتر ساڵی 2000 بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری ئەدەبی كوردیدا، لە بەشی كوردیی كۆلێژی زمانی زانكۆی سلێمانی بەدەستهێناوە، جەنابیان پلەی زانستیی پڕۆفیسۆریان هەیەو ماوەی (45) ساڵ خزمەتی زانكۆییان هەبووە، كە خاوەنی چەندان لێكۆڵینەوەو بەرهەمی زانستیی بەپێزن، هاوكات گفتوگۆو سەرپەرشتیی چەندین نامەی ماستەرو تێزی دكتۆرایان كردووە.
پ.د. عبدالقادر حەمە ئەمین، ساڵی 2000 بڕوانامەی ماستەری لە بەشی كوردیی كۆلێژی زمانی زانكۆی (سلێمانی) وەرگرتووە، دواتر ساڵی 2008 بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری ئەدەبی هاوچەرخی كوردیدا، لە بەشی كوردیی كۆلێژی زمانی زانكۆی سلێمانی بەدەستهێناوە، جەنابیان پلەی زانستیی پڕۆفیسۆریان هەیەو ماوەی (20) ساڵ خزمەتی زانكۆییان هەبووە، كە خاوەنی چەندان لێكۆڵینەوەو بەرهەمی زانستیی بەپێزن، هاوكات گفتوگۆو سەرپەرشتیی چەندین نامەی ماستەرو تێزی دكتۆرایان كردووە.
پ.د.فارووق عومەر صدیق، لە ئینستوتی زانستی زمانی ئەكادیمیای زانستی سۆڤێت، دكتۆرای لە زمانناسیدا وەرگرتووە، ئەندامی كارای ئەكادیمیای كوردییە لە هەولێر، لە نووسینی لێكۆڵینەوەو باسی زمانناسیدا، بایەخی داوە بە (زمانناسیی گشتی، گراماتیك، سیمانتیك، لێكسیكۆلۆژیی، فرێزیۆلۆژیی، ئیتمۆلۆژیی)، جەنابیان پلەی زانستیی پڕۆفیسۆریان هەیەو ماوەی زیاتر لە (40) ساڵ خزمەتی زانكۆییان هەبووە، كە نووسەری چەند كتێب‌و چەندین وتاری ڕۆژنامەیی‌و ڕادیۆیە، سەركاری چەندەها نامەی ماستەرو دكتۆرایە.
پ.د. محمد دلێر ئەمین محەمەد، ساڵی 1989 بڕوانامەی ماستەری لە بەشی كوردیی كۆلێژی ئادابی زانكۆی (صلاح الدین) وەرگرتووە، دواتر ساڵی 2000 بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری ئەدەبی كوردیدا، لە بەشی كوردیی كۆلێژی زمانی زانكۆی سلێمانی بەدەستهێناوە، شایانی باسە، لێكۆڵینەوەكەی بەڕێزیان، یەكەم تێزی دكتۆرا بوو، كە لەسەر ئاستی زانكۆی سلێمانی گفتوگۆ كرا، جەنابیان پلەی زانستیی پڕۆفیسۆریان هەیەو ماوەی (31) ساڵ خزمەتی زانكۆییان هەبووە، كە خاوەنی چەندان لێكۆڵینەوەو بەرهەمی زانستیی بەپێزن، هاوكات گفتوگۆو سەرپەرشتیی چەندین نامەی ماستەرو تێزی دكتۆرایان كردووە.
پ.د. مەحموود فەتحوڵا ئەحمەد، ساڵی 1988 بڕوانامەی ماستەری لە بەشی كوردیی كۆلێژی ئادابی زانكۆی (صلاح الدین) وەرگرتووە، دواتر ساڵی 1998 جارێكی دیكە بڕوانامەی ماستەری لە وڵاتی سوید لە زانكۆی گۆپنبێرگ(Gothenburg) بەدەستهێناوە، پاشان ساڵی 2005 بڕوانامەی دكتۆرای لە شاری (لەندەن) لە دامەزراوەیەكی زانستیدا لە بواری زمانەوانیی كوردیدا، بەدەستهێناوە، جەنابیان پلەی زانستیی پڕۆفیسۆریان هەیەو ماوەی (18) ساڵ خزمەتی زانكۆییان هەبووە، كە خاوەنی چەندان لێكۆڵینەوەو بەرهەمی زانستیی بەپێزن، هاوكات گفتوگۆو سەرپەرشتیی چەندین نامەی ماستەرو تێزی دكتۆرایان كردووە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved