1/3/2021 05:50 PM

تاسەتان کردووم؟ 4 ساڵی‌تر دەگەڕێمەوە!

دۆناڵد ترەمپ لە یەکەم وتاربێژیی گەورەی خۆیدا کە کۆنفڕانسی سیاسیی محافزەکاران، ناسراو بە CPAC گوتی: «گەڕانەوەیەکی سەرکەوتووانەی بۆ کۆشکی سپی دەبێت» و هاوکات بە توندی رەخنەی لە دادگای باڵای ئەم وڵاتە گرت بەهۆی ئەوەی نەیوێراوە دەرئەنجامی «هەڵبژاردنە فێڵبازانەکەی» ئەم دواییانە پووچەڵ بکاتەوە و گوتیشی بایدن کاولترین مانگی یەکەمی سەرۆکایەتی مێژووی مۆدێرنیی ئەمریکای ئەزموون کردووە. ترەمپ لەبەرانبەر جەماوەرێکا کە لە ئۆرلاندۆی فلۆریدا کۆ ببوونەوە گوتی: «هێشتا تاسەتان نەکردووم؟»
ئەو لە قسەکانیدا گوتی بەتەما نییە هیچ حزبێکی سیاسیی نوێ دابموزرێنێت چونکە ئەم کارە دەبێتە هۆی لاوازبوونی حزبی کۆماری و بەڵێنی دا ساڵی 2024 جارێکی دیکە ببێت بە بەربژێری سەرۆکایەتی ئەمریکا. ئەم قسانە لەدوای ئەو دەنگۆیانەی مانگی رابردوو سەبارەت بە بڕیاری ترەمپ بۆ رێکخستنی حزبێکی سیاسیی نوێ دەبیسترێت. ترەمپ لە 90 خولەک وتاربێژیدا چەندین جار باسی فێڵبازی لە هەڵبژاردنەکانی کرد و گوتی دادگای باڵای ئەم وڵاتە دەبێ سەبارەت بەم چاوپۆشیەی شەرم بکات.
ترەمپ لەدرێژەدا گوتی: «دیموکراتەکان ڤایرۆسە چینییەکەیان کردە بیانوویەک بۆ گۆڕینی سەرجەم یاساکانی هەڵبژاردن بەبێ ئەوەی کە ناوەندەکانی یاسادانانە ویلایەتییەکان ئەم کارە پشتڕاست بکەنەوە و بەم جۆرە بوونە هۆی نایاسایی بوونی ئەم ئاڵوگۆڕانە». ترەمپ هەروەها رەخنەی لە فەیسبووک و تویتەر گرت و گوتی: «سەرجەم پلانەکان بۆ پاراستنی یەکێتی لە هەڵبژاردن لە سەرانسەری جیهاندا بێ‌واتایە ئەگەر ئازادی را دەربڕینمان نەبێت.»

 

سەرچاوە: dailymail

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved