3/3/2021 02:16 PM

پەیوەندیی نێوان خۆراکی چەور و خەمۆکی

بۆ تاوتوێی وردی پەیوەندیی نێوان خۆراکی چەور و تووشبوون بە خەمۆکی، توێژەران لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە سانفراسیسکۆ، زانکۆی گلاسکۆ و کۆلێژی کینگ، ژمارەیەک مشکیان بۆ ماوەی 3 بۆ 8 هەفتە خستە بەر رجێمێکی خۆراکی چەور. لەم ماوەیەدا، رەفتار و دژکردەوەی مشکەکان لە بارەی تووشبوون بە خەمۆکییەوە تاوتوێ کرا.
لە ماوەی توێژینەوەکەدا دوو تاوقیکاریی راگرتنی کلک (tail suspension) و تاقیکاریی مەلە (swim teste) بۆ تاوتوێی خەمۆکی لە مشکەکاندا ئەنجام درا. ئەم دوو تاقیکارییە، دوو تاقیکارین بۆ بەراوردی گۆڕانکارییەکانی خوو و رەفتاری لە مشکەکاندا لە تاقیکارییە ئەزموونییەکاندا. لەم تاقیکاریانەدا جیاوازیی نێوان ئەو مشکانەی سیستمێکی خۆراکی چەوریان هەبوو (60٪ـی کالۆریەکەیان لە چەوری وەردەگرت) لەگەڵ گرووپێکی دیکە لە مشکەکان کە سیستمێکی خۆراکیی ئاساییان هەبوو بەراورد کرا.
هەر ئەو جۆرەی چاوەڕوان دەکرا، ئەو مشکانەی سیستمێکی خۆراکی چەوریان هەبوو، رەفتارەکانیان لە ماوەی تاقیکارییەکەدا کۆمەڵێک نیشانەی خەمۆکی پێوە دیار بوو. ئەوان لە تاقیکاریی مەلە و راگرتنی کلکدا زۆر تەوەزەلتر بوون لە مشکەکانی دیکە. جووڵە نەکردن یەکێک لە نیشانەکانی خەمۆکییە. هۆکاری بێ جووڵەیی مشکەکان بەهۆی زیادبوونی کێشەوە نەبوو بەڵکوو هۆکارەکەی ئەو ئاڵوگۆڕانە بوو کە لە مێشکانیدا رووی دابوو. کەوابوو بەرزبوونەوەی ئاستی چەوری لە سیستمی خۆراکدا، دەرکەوتنی نیشانەکانی خەمۆکی لێدەکەوێتەوە.
خواردنی لەڕادەبەدەری چەوری دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی ئاسیدە چەورەکان لە بەشی «هیپۆتالامووس»ـی مێشکدا و ئەمەش چالاکیی سروشتی پرۆتینەکان ئاڵۆز دەکات.

 

سەرچاوە: psychologytoday

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved