4/3/2021 06:42 PM

نەخۆشیی گولی چیە؟

نەخۆشیی گولی هەوکردنێکی بەکتریایی درێژخایەنە کە بەهۆی بەکتریایەک بە ناوی «مایکۆبەکتریۆم لپرە»ـەوە دروست دەبێت. ئەم هەوکردنە سەرەتا لەسەر عەسەبەکانی دەست و قاچ، پێست، دیوارەکانی لووت و سیستمی هەناسەدان شوێندانەر دەبێت. گولی دەبێتە هۆی دروستبوونی برینی پێستی، زیانبەرکەوتنی عەسەبەکان و لاوازبوونی ماسولکەکان. ئەم نەخۆشییە ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆی ناشیرین بوونی فۆرمی جەستە و ئیفلیجی. گولی یەکێک لە کۆنترین نەخۆشییەکانە کە مرۆڤ تووشی بووە و ئەگەرچی لە زۆرینەی وڵاتان ئەم حاڵەتە تۆمار دەکرێت بەڵام تایبەت بە ناوچە گەرمێنەکان.
نیشانە سەرەکەییەکانی ئەم نەخۆشییە بریتین لە: لاوازبوونی ماسولکەکان، سڕبوونی دەست و قاچ و دەرکەوتنی برین لەسەر پێست. ئەم برینانە دەبنە هۆی ئەوەی کەسی تووشبوو کەمتر هەست بە گەرمی و ئێش بکات. ئەم برینانە پاش چەندین هەفتەش چاک نابنەوە و رەنگەکەی یان سپی و یان بەهۆی ورووژانەوە سوور هەڵدەگەڕێت.
دەگوترێ بەکتریای مایکۆبەکتریۆم لپرە لە رێگای بەرکەوتن لەگەڵ شلەمەنیەکانی کەسی تووشبوو بە گولی دەگوازرێتەوە. ئەم نەخۆشییە بە ئاسانی ناگوازرێتەوە بەڵام پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ کەسانی تووشبوو هۆکارە بۆ گواستنەوەی ئەم نەخۆشییە. بەکتریای مایکۆبەکتریۆم لپرە لەوانەیە  لە جەستەی کەسێکدا بێت بەڵام 5 بۆ 20 ساڵ دەخایەنێت هەتا نیشانەکانی دەردەکەون. 
رێکخراوتی جیهانی تەندروستی لە ساڵی 1995ـدا شێوازێکی دەرمانی بۆ چارەسەرکردنی هەموو جۆرەکانی گولی دروست کرد. ئەم دەرمانە لە سەرانسەری جیهاندا دەستدەکەوێت. جگە لەوە، زۆرینەی ئەنتی‌بایۆتیکەکانیش دەتوانن ئەم نەخۆشییە لەناو ببەن.
وەرینی قژ، لاوازیی ماسولکەکان، زیانبەرکەوتنی تاهەتایی عەسەبەکانی دەست و قاچ، لەناوچوون و گیرانی هەمیشەیی لووت، کوێر بوون و نەزۆکی بەشێکن لە دواهاتەکانی نەخۆشی گولی.

 

سەرچاوە: healthline

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved