8/3/2021 06:10 PM

دانیشتووانی گوندێک لە نیپاڵ تەنها یەک گورچیلەیان هەیە!

لەو 75 خێزانەی ئەم گوندە، لانیکەم یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵە، یەکێک لە گورچیلەکانی خۆی فرۆشتووە. "هۆکسە"، گوندێکی بچووکە لە رۆژهەڵاتی "کاتماندۆ"ـی پایتەختی وڵاتی نیپاڵ کە بە هۆی ماڵە خشتینەکانیەوە بەناوبانگە. کار کردن لە زەوییەکانی ئەم گوندە هەموو رۆژێک تەنها 2 دۆلار داهاتی بۆ دانیشتووان هەیە و هەر بۆیە ئەم گوندنشینانە هەموو رۆژێک بۆ کار کردن هاتوچۆی شار دەکەن. بەڵام ئەم گوندە بچووکە جگە لە رواڵەتە ئاساییەکەی، هەقیقەتێکی تاریک و خەفەتباری لە خۆیدا حەشار داوە.
چیرۆکەکە بەم شێوەیە دەست پێدەکا کە قاچاخچییەکانی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ لەماوەی یەک دەیەدا بەشێوەی ئاسایی سەردانی گوندە بچووکەکەنی هاوشێوەی "هۆکسە"ـیان دەکرد. ئەوان هەوڵیان دەدا دانیشتووانی هەژار و نەخوێندەواری ئەم گوندانە فریو بدەن و بۆ دزینی ئەندامەکانی جەستەیان رەوانەی باشووری وڵاتی هیندیان بکەن. یەکێک لەو فریوانە ئەوە بوو کە سادەیی و هەژاری خەڵکەکەیان بەکار دێنا و پێیان دەگوتن لەجیاتی ئەو گورچیلەیەی دەریدێنن، دووبارە گورچیلەیەکی دیکە سەرهەڵدەداتەوە! هەندێک لە قوربانیانی ئەم جینایەتە دزراون و ناچار کراون گورچیلەیان لەدەست بدەن و هەندێکیان بێ ئەوەی بزانن چی روو دەدات بە قاچی خۆیان رۆیشتوونەتە ناو ژووری عەمەلیات کردن و گورچیلەیان لەدەست داوە.
بەشێکی دیکە لەم گوندنشینانە ئاگاداری زیانەکانی ئەم کارە بوون بەڵام بۆ دەستەبەرکردنی پارچە زەوییەک یان خانوبەرەیەک روویان لەم کارە کردووە. دزەکان گورچیلەی ئەم گوندنشینانەیان بە بڕی 220 دۆلار دەدزی و بە 9000 دۆلار دەیانفرۆشتەوە. بەپێی بۆچوونی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هەموو ساڵێک 10هەزار عەمەلیاتی پەیوەنددانی ئەندامەکانی جەستە لە بازاڕی رەشدا ئەنجام دەدرێت و 900 ملیۆن دۆلار دەڕواتە ناو گیرفانی دەڵاڵەکانەوە.
بەڵام چیرۆکە دڵتەزێنەکە هەر لێرەدا کۆتایی نایە. بوومەلەرزەیەکی 7.9 ریختەری لە ساڵی 2015 و لە 29 کیلۆمەتری باشووری رۆژهەڵاتی "لامجۆنگ"ـی وڵاتی نیپاڵ و لە قووڵایی 15 کیلۆمەتری زەویدا رووی دا و تەنانەت بووە هۆی هەرس هێنانی شاخی "ئێڤێرێست". ئەم رووداوە زیانبەرکەوتنێکی زۆری لێکەوەتەوە کە جگە لە نیپاڵ سنوورە هاوبەشەکان لەگەڵ چین و هیندیشی تووشی زیان کرد. ئەم رووداوە هەژاری و بێ‌دەرەتانی خەڵکی ئەم گوندەی چەند قاتی دیکە بەرز کردەوە و هەر بۆیە بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی ئەم گوندە ناچار بوون گورچیلەی خۆیان بفرۆشن.

 

سەرچاوە: historyofyesterday

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved