10/3/2021 11:09 AM

چەند راستیی سەرنجڕاکێش سەبارەت بە بووکی بنەماڵەی پاشایەتیی بەریتانیا

بڵاوبوونەوەی گفتوگۆی "ئۆپێرا وینفری" لەگەڵ "مێگان مارکڵ و شازادە هاری" چەند رۆژێکە هەرایەکی زۆری لە سۆشیاڵ میدیادا ناوەتەوە. لەم گفتوگۆیەدا بووکی دووەمی بنەماڵەی پاشایەتیی بەریتانیا رایگەیاند کە بە هۆی ئازاردانەکانی ئەم بنەماڵەیەوە بەتەما بووە خۆی بکوژێت و کاتێک دوگیان بووە بەشێک لە ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە نیگەرانی رەنگی پێستی مناڵەکەی بوون.
مێگان و هاری یەک ساڵە دەستیان لە بنەماڵەی پاشایەتی کێشاوەتەوە و ئێستا لە ئەمریکان بۆ ئەوەی بەدوور لە جەوی فەرمی کۆشکی پاشایاتی، بەو شێوەیەی کە حەزیان لێیە بژین بەڵام ئەو هەواڵانەی لەم ماوەیەدا لەم خێزانە پاشایەتییە بڵاو بووەوە دەریدەخات کە ئەم دوو کەسە زۆریش بێ مەیل نین کە لە میدیاکان دوور بن. ئەمە بیانوویەکە بۆ ئەوەی لەم بابەتەدا تیشک بخەینە سەر چەند راستیی سەرنجڕاکێش سەبارەت بە بووکی دووەمی بنەماڵەی پاشایەتی بەریتانیا.

بنەماڵە و ئاستی خوێندن: مێگال مارکڵ ساڵی 1981 لە لۆس‌ئانجلێسی ئەمریکا لەدایک بووە. دایکی ئەمریکی-ئەفریقییە و باوکیشی بە رەگەز دانیمارکی-ئیرلەندییە. مێگان لە کۆلێژی کچانی کاتۆلیک خوێندوویەتی و پاشان لە 2003ـدا لە بەشی شانۆی زانکۆی "نۆرس وێستێرن" بڕوانامەی وەرگرتووە.

دەرکەوتنێکی بەهەڵکەوت: ئەم هونەرمەندە تەلەفیزیۆنییە، لە ئاهەنگێکدا سەرنجی دەرهێنەرێکی راکێشا و لەپاشان بە پێشنیاری ئەم دەرهێنەرە لەلۆس‌ئانجلێس مایەوە و یەکەم جار لە 2002ـدا لە زنجیرە درامای "نەخۆشخانەی گشتی/ General Hospital"ـدا رۆڵی گێڕا.

مۆدێلێک کە تەنها کارەکەی راگرتنی جانتایەک بوو: مێگان بەر لەوەی بەناوبانگ بێت، بۆ ئەوەی تێچووەکانی ژیانی دابین بکات لە کێبەرکێیەکی تەلەفیزیۆنیدا بە ناوی "Deal or No Deal" مۆدێلێک بوو کە تەنها ئەرکەکەی راگرتنی جانتایەک بوو.

بەهرەی نهێنی: مێگان بەر لەوەی بە شێوەی پرۆفیشناڵ دەست بکات بە چالاکی لە بواری ئەکتەریدا، سەرقاڵی خۆشنووسی بوو. ئەو لەو بەرەیەوە دەڵێ:«من پێشتر بۆ بانگێشتنامەی ئاهەنگەکان کاری خۆشنووسیم ئەنجام دەدا. لەو کاتەدا سەرقاڵی تاقیکاری بووم بۆ ئەکتەری و ئەم کارەش چالاکییەکی لاوەکی بوو. خۆشنووسی هونەرێکە کە خەریکە لەناو دەچێت.»

ژیانی خۆشەویستی: مێگان ساڵی 2011 لەگەڵ «ترۆر ئەنگلسۆن» هاوسەرگیری کرد. ئەم دووانە لە 2004ـدا لەگەڵ یەک ئاشنا بوون  و لە 2010ـدا بوونە دەزگیران و دوای ماوەیەک لە یەک جیا بوونەوە. دواتر مێگان لەگەڵ «روی مەک لۆری»، یاریزانی گۆڵف و پاشان لەگەڵ «کۆری ڤیتیل»، شێفی بەناوبانگی ئەمریکی پەیوەندی هەبوو.

پیشەی سیاسی: مارکێل بەر لەوەی ببێت بە ئەکتەر، لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ئەرجەنتین کاری دەکرد. بە گوتەی خۆی لەم سەردەمەدا بۆ ئەوەی خەرجیی و پێداویستییەکانی دابین بکات زۆری ئازار چێشتووە.

 

سەرچاوە: fame10

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved