11/3/2021 03:22 PM

بۆچی ژاپۆنییەکان لەسەر زەوی دەخەون؟

ئەگەرچی لەئێستادا لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان خەڵک لەسەر سیسەم دەخەون بەڵام لەوانەیە لە ماڵەکانی خەڵکی ژاپۆندا هیچ سیسەمێک نەدۆزیتەوە. ژاپۆنییەکان جگە لە پەیڕەو کردنی نەریتی وڵاتەکەیان، بە چەندین هۆکاری تەندروستی لەسەر زەوی دەخەون. لەڕاستیدا توێژینەوەکان دەریانخستووە خەوتن لەسەر زەوی کۆمەڵێک سوودی تەندروستی بۆ جەستە هەیە و لەدرێژەدا بەشێکیان دەخەینە روو.

لەوانەیە ئێشی پشت کەم بکاتەوە: خەوتن لە شوێنێکی تا رادەیەک رەق و تەخت بەسوودە بۆ پشت و لەوانەیە ئێوە لەو ئێشەی چەندین ساڵە ئازارتان دەدات رزگار بکات. بێگومان خەوتن لەسەر سیسەم ئاسوودەترە بەڵام دۆشەکی سیسەمەکە پاش ماوەیەک قووڵ دەبێت و بەم جۆرە زەخت دێتە سەر بڕبڕەی پشت.

دەتوانێ فۆرمی جەستە بپارێزێت
: ئەگەر لە کاتی خەودا جەستەتان لە دۆخێکی باشدا جێگیر بێت و بڕبڕەی پشتتان پاڵپشتێکی باشی هەبێ، لە ماوەی رۆژدا دەتوانن پشتتان رێک رابگرن. خەوتن لەسەر زەوی فۆرمی جەستە دەپارێزێت چونکە کاتێک پشت ئازار نەبینێت، ئیتر پێویست نییە خۆتان کووڕ بکەنەوە.

سوودی بۆ سیستمی سووڕی خوێن هەیە: کاتێک لەسەر زەوی دەخەون، کێشتان بەشێوەی بەرابەر بەسەر ئەو جێگەیەدا کە لێی خەوتوون بڵاو دەبێتەوە و بەم جۆرە زەختێکی کەمتر دێتە سەر بەشە جۆراوجۆرەکانی جەستە. لەو حاڵەتەدا خوێن بە ئاسانی دەتوانێ بە هەموو بەشەکان بگات.

لە کاتێکی گونجاودا لە خەو هەڵدەستن: ئەگەر وا هەست دەکەن بەیانیان بە ئەستەمی لە سیسەمەکەتان دێنە دەرەوە، بزانن کە تەنها نین و زۆر کەس ئەم کێشەیەیان هەیە. کاتێک لەسەر زەوی دەخەون چونکە جێگەکەتان زۆر نەرم و ئاسوودە نییە، ئاسانتر واز لە خەو دێنن و هەڵدەستن.

لەباری ئابوورییەوە گونجاوترە: خەوتن لەسەر زەوی سوودی بۆ گیرفانیشتان هەیە. بۆ کڕینی دۆشەک و سیسەم دەبێ پارەیەکی زۆر سەرف بکەن؛ لانی‌کەم 1000 دۆلار. بەڵام خەوتن لەسەر زەوی جگە لە سوودە تەندوستییەکانی، سوودی ئابووریشی هەیە.

*سەرەڕای ئەو باسانەی کرا ئەم کەسانە واباشە هەر لەسەر سیسەم بخەون: ئەو کەسانەی نەخۆشی ئێسکیان هەیە، ئەو کەسانەی بەنیسبەت تۆز هەستیارن، ئەو کەسانەی هەمیشە سەرمایانە و کەسانی بەساڵاچوو.

 

سەرچاوە: brightside

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved