13/3/2021 02:30 PM

رجێمی ڤێگان چییە؟

رجێمی ڤێگان رجێمێکی گیایی تۆکمەیە و بەسوودە بۆ کۆنتڕۆڵی شەکری خوێن و دابەزینی کێش. ڤێگانەکان جگە لەوەی گۆشت ناخۆن، بەرهەمەکانی دیکەی ئاژەڵانیش ناخۆن بۆ نموونە شیرەمەنی، هەنگوین و هێلکە. هەروەها ئەو خۆراکانەش ناخۆن کە "جیلاتین"ـیان تێدایە، چونکە جیلاتین کۆمەڵێک پرۆتینیان تێدایە کە لە ئاژەڵەوە بەرهەم دێن. ڤێگانەکان هەروەها زۆر ئاگاداری ئەوەن سابوون، کەرەستەی جوانکاری و گیراوەی پاککەرەوە کە لەسەر ئاژەڵان تاقی کراونەتەوە، بەکار نەهێنن. ڤێگانەکان جۆرێک دەژین کە زیان بە ئاژەڵان نەگەیەنێن. ئەوان بە مەبەستی پاراستنی تەندروستیی جەستە، بەرگری لە مافی ئاژەڵان و پاراستنی ژینگە ئەم لایف ستایلەیان هەڵبژاردووە. لە دەرێژەدا دەمانهەوێ بزانین لەدوای ئەوەی کەسێک بوو بە ڤێگان چ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی و نەرێنی بەسەر جەستەیدا دێت.

سیستم خەوەکەتان باشتر دەبێت: ڤێگانەکان زیاتر ئەو خۆراکانە دەخۆن کە ریشاڵیان تێدایە. توێژینەوەکان دەریانخستووە ئەوە لەوانەیە باشترین شێوە بێت بۆ خەوێکی باش لە شەودا. ئەو کاربۆهیدراتەی ڤێگانەکان دەیخۆن زۆر لە باری پێکهاتەوە زۆر سادەن و ئەم جۆرە کاربۆهیدراتانە هۆکارن بۆ بەرهەمهاتنی هۆرمۆنی سێرۆتۆنین، واتە ئەو هۆرمۆنەی یارمەتیتان دەدات باشتر بخەون.

کێشتان دادەبەزێت: بەپێی توێژینەوەکان ئەنجامدانی رجێمی ڤێگان کاریگەری لەسەر کێشی جەستە هەیە. لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوت ئەو کەسانەی ڤێگانن لەماوەی تاقیکارییەکەدا نزیکەی 3 کیلۆگرام لە کێشیان دابەزیبوو.

هۆرمۆنەکانتان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت: سۆیا ئەگەرچی دەتوانێ جێگرەوەیەکی باش بێت بۆ گۆشت، بەڵام زێدەرۆیی لە خواردنەکەیدا کاریگەریی نەرێنی لەسەر جەستە هەیە. ئەم بابەتە کاتێک روو دەدات کە لەجیاتی گۆشت بەردەوام پرۆتینی سۆیا بەکار بێنن. بەپێی توێژینەوەکان زێدەڕۆیی لە خواردنی سۆیادا کارکردی غودەی تیرۆئید تێک دەدات، واتە ئەو غودەیەی ئەرکەکەی هاوسەنگ کردنی هۆرمۆنەکانی جەستەیە.

ورووژانی جومگەکان کەم دەبێتەوە: کەرە، پەنیر و فاست فوودەکان بە هۆی ئەوەی زۆر چەورن دەتوانن هۆکار بن بۆ ورووژانی جومگەکان. بەپێی توێژینەوەکان ئەو کەسانەی رجێمی ڤێگان ئەنجام دەدەن کەمتر تووشی رۆماتیزم دەبن چونکە ئەو چەورییەی دەیخۆن زۆر کەمە.

ئیشتیاتان دەکرێتەوە: وازهێنان لە سیستمێکی خواردن کە پڕاوپڕە لە خوێ، چەوری و شەکر دەتوانێ کاریگەریی لەسەر عەسەبەکانی زمان کە تامەکان لە یەک جیا دەکاتەوە، هەبێت. کاتێک روو لە خۆراکی گیایی دەکەن هەستەوەریی ئەو عەسەبانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ئەم گۆڕانە دەتوانێ بە مانای هۆگری ئێوە بێت بەو خۆراکانەی پێشتر نەتاندەخوارد.

 

سەرچاوە: brightside

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved