13/3/2021 02:34 PM

سوودەکانی گیای رۆزماری

رۆزماری گیایەکە کە زیتر لە دەوروبەری دەریای ئیجە دەروێت. ئەم گیایە وەکوو مادەیەک بۆ بەتامکردنی خواردنەکان بەکار دێت و هەڵبەت سوودی تەندروستیشی هەیە. ئەم گیایە لە خواردنە ئیتاڵییەکاندا زۆر بەکار دێت. رۆزماری لە بنەماڵەی نەعنایە بەڵام بەنیسبەت ئەو گیایانەی لەم بنەماڵەیەدا پۆلێنبەندی دەکرێن، هەندێک گەرمتر و تاڵترە و ئەوەش تامێکی خۆش دەدات بەو خواردنانەی کە رۆزماری لێ زیاد دەکرێت. لەدرێژەدا بەشێک لە سوودە تەندروستییەکانی ئەم گیایە دەخەینە روو.

بەهێزکردنی بیرگەی مێشک: توێژینەوەکان سەبارەت بە کاریگەریی رۆزماری لەسەر بەهێز کردنی بیرگەی مێشک ئێستاش بەردەوامە. بەم حاڵەوە نیشانەکانی کاریگەری ئەم گیایە لەسەر ئەم بەشەی مێشک بۆ هەمووان سەلماوە. رۆزماری بەرگیری لە ئاڵزایمێر و لەناوچوونی عەقڵ دەکات.

باشترکردنی دۆخی دەروونی و کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ: تەنها بۆنی رۆزماری دەتوانێ یارمەتی دۆخی دەروونی، زەینی و کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و سترێسەکان بکات.

بەهێزکردنی سیستمی بەرگری: پێکهاتە چالاکەکانی ناو رۆزماری تایبەتمەندی ئەنتی‌ئۆکسیدەنتی، دژە-ورووژان و دژەشێررپەنجەیان هەیە. ئەم 3 تایبەتمەندییە هۆکارە بۆ ئەوەی رۆزماری لەگەڵ ئەو نەخۆشییانەی تەندروستیی جەستە لاواز دەکەن، رووبەڕوو بێتەوە.

دژەبەکتریایە: "هێلیکۆبەکتر پیلۆری" جۆرێک بەکتریای مەترسیدارە کە دەتوانێ ببێتە هۆی برینی گەدە. بەڵام توێژینەوەکان دەریانخستووە خواردنی رۆزماری بەرگیری لە گەشەی ئەم بەکتریایە دەکات.

هێورکەرەوەی ئێشەکانی گەدەیە: بە شێوەی نەریتی لە هەندێک لە فەرهەنگەکاندا رۆزماری وەکوو چارەسەرێک بۆ ئێشی گەدە، قەبزیم غازاتی ریخۆڵە و سکچوون بەکار دێت. ئەم بابەتە تا رادەیەکی زۆر بە هۆی تایبەتمەندیی دژە-ورووژانی رۆزمارییەوەیە. رۆزماری بەخێرایی جووڵەکانی ریخۆڵە رێک دەخات.

بەهێزکردنی سیستمی سووڕی خوێن: رۆزماری بزوێنەری جەستەیە بۆ بەرهەمهێنانی خڕۆکەی سوور و سووڕی خوێن لە دەمارەکاندا زیاد دەکات. ئەم تایبەتمەندییە دەبێتە هۆی ئەوەی ئۆکسجین و خۆراک لەکاتی پێویستدا بگات بە خانەکانی جەستە بۆ ئەوەی پرۆسەی پیتابۆلیزم نەوەستێت.

 

سەرچاوە: organicfacts

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved