14/3/2021 07:07 PM

سوودەکانی چای باویلکە(پەپوولەپایزە)

بێگومان فڕینی پەپوولەپایزەتان بینیوە؛ ئەو گیایە لەگەڵ ئەوەی بە چڕی تێکەڵ بە هەستی شاعیرانەی مرۆڤەکان بووە، کۆمەڵێک سوودی تەندروستیشی هەیە. ئایا دەتانزانی دەکرێ چای پەپوولەپایزە ئامادە بکەیت؟ لەم بابەتەدا بەشێک لە سوودەکانی ئەم خواردنەوە ناوازەیە دەخەینە روو.

ئاوی زیادی لە جەستە دوور دەخاتەوە: ئەگەر کێشەی غازاتی سکتان هەیە، چای پەپوولەپایزە دەتوانێ ئەم کێشەیەتان چارەسەر بکات چونکە گورچیلە چالاک دەکات و میزتان دێت و بەم جۆرە شلەمەنییەکانی جەستە هاوسەنگ دەبن.

تەندروستیی جگەر دەپارێزێت: لە زۆرینەی فەرهەنگەکاندا ریشەی پەپوولەپایزە وەکوو چارەسەرێک بۆ نەخۆشییەکانی جگەر بکار دێت. بەپێی توێژینەوە سەرەتاییەکان، ریشەی ئەم گیایە کیسەی زراو چالاک دەکات، کەوابوو ریشەی پەپوولەپایزە بۆ پاکردنەوەی ژەهرەکانی جگەر، کێشەکانی چاو و پێست بەسوودە.

جێگرەوەیەکی سروشتییە بۆ قاوە: پەپوولەپایزە لە هەندێک لە فرۆشگەکان دەست دەکەوێت بەڵام دەتوانن خۆشتان کاتێک سەردانی سروشت دەکەن، بیدۆزنەوە. پاشان ریشەی ئەم گیایە لەسەر ئاگر ببرژێنن تا رەنگەکەی دەبێت بە قاوەیی. ئینجا لەگەڵ ئاوی گەرم تێکەڵی بکەن و پاش ئەوەی پاڵاوتتان، لەجیاتی قاوە بیخۆنەوە.

دابەزینی کێش: چای پەپوولەپایزە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کۆئەندامی هەرس هەیە. هەڵبەت ئەم کاریگەریانە بۆچوونی ئەو کەسانەن کە ئەم گیایەیان بەکارهێناوە و هێشتا هیچ توێژینەوەیەکی زانستی ئەم بۆچوونەی پشتڕاست یان رەد نەکردووەتەوە. پەپوولەپایزە بەشێوەی مێژوویی بۆ کەمکردنەوە ئیشتیای خواردن، هێورکردنەوەی کێشەکانی هەرس و قەبزی کەڵکی لێوەرگیراوە.

دژەشێرپەنجەیە: لەم دواییانەدا توێژینەوەکان سەبارەت بە کاریگەریی پەپوولەپایزە بۆ لەناوبردنی شێرپەنجە، هەندێک دەسکەوتی دڵخۆشکەری لێکەوتووەتەوە. ئەم توێژینەوەیەدا کە لە کەنەدا ئەنجام دراوە، ریشەی پەپوولەپایزە توانی بەبێ زەخت خستە سەر خانە تەندروستەکان، ببێتە هۆی لەناوچوونی خانەکانی شێرپەنجە.

 

سەرچاوە: healthline

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved