18/3/2021 06:29 PM

ئەگەری دروست بوونی بەردی زەرداو لە چ کەسانێکدا زۆرترە؟


تورەگەی زەرداو ئەندامێکی شێوە هەرمێییە لە جەستەی مرۆڤدا کە دەکەوێتە بەشی ڕاستی سک و لە ژێر جگەرەوە جێگیر بووە. تورەگەی زەرداو هەڵگری شلەی زەرداوە کە ئاوێتەیەکی ھاوسەنگە لە ئاو، کوڵیسترۆڵ، ترشی زەرداو، فۆسفۆلید، بۆیەی زەرداو، سۆدیوم، پوتاسیۆم و چەند کانزایەکی دیکە.

شلەی زەرداو کە یارمەتی هه‌رسكردنی خواردن ئەدات لەناو‌ جگه‌ردا دروست ده‌بێ و له‌ تورەگەی زه‌رداودا كۆده‌بێته‌وه‌ و له‌ كاتی هه‌رسی خواردندا ئه‌ڕژێنرێته‌ ناو ڕیخۆڵه‌وە. خه‌ستبونەوە و ڕه‌قبوونی بڕێك له‌و شله‌ی زه‌رداوە دەبێتە هۆی بەرهەم هاتنی بەردی زەرداو کە لەگەڵ دروستبونی چەند نیشانەیەک کە لە کەسەکەدا دەردەکەوێت و هەست بە ئازار دەکات.

چ کەسانێک مەترسی زۆرتریان لەسەرە؟

- خانمان زۆرتر لە پیاوان تووش دەبن.
- ئەو کەسانەی کە تەمەنییان لە سەرەوەی 40 ساڵە، بەڵام لە کەسانی گەنجیشدا دەردەکەوێ ئەگەرچی ڕێژەکەی کەمترە.
- ئەو کەسانە کە ئاستی کێشیان بەرزە و قەڵەون.
- خانمانی دووگیان.
- ئەو کەسانە کە خواردنی پڕ چەوری و کۆلیسترۆڵ دەخۆن و کەمتر گرینگی بە خواردنی ڕیشاڵ دەدەن.
- ئەو کەسانەی کەوا ئەم کێشەیە لەناو بنەماڵەکەیاندا هەیە.
- تووشبوانی نەخۆشی شەکرە.
- بەکارهێنەرانی هەندێک دەرمانی پزیشکی، لەوانە دەرمانەکانی هۆرمۆنی ئیسترۆژین.

بە چ شێوەیەک مەترسی تووشبون کەمبکەیتەوە؟

- ژەمەکانت لە کاتی خۆیدا بخۆ و هیچ ژەمێک فەرامۆش مەکەو بۆ ماوەیەکی زۆر خۆت بە برسێتی مەهێڵەوە.
- هاوسەنگی کێشی جەستەت ڕابگرە، نە خۆت زۆر لاواز کە و نە خۆت تووشی قەڵەوی بکە.
- بە مەبەستی دابەزاندنی کێش، هیچ جۆرە دەرمانێک، بەبێ ڕێنمایی دوکتۆر بەکار مەهێنە.
- لە وەرزش بەردەوام بە.


سەرچاوە: Insider

خاک _ شاهۆ




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved