20/3/2021 12:33 AM

چاره‌سه‌ری لاوازی

د.كامه‌ران ره‌سوڵ ژاژڵه‌یی پسپۆڕی زانستی خۆراك و نه‌شته‌رگه‌ری گشتی بابه‌تێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ كه‌می كێشی جه‌سته‌و چاره‌سه‌رییه‌كانی.

د.كامه‌ران له‌ بابه‌ته‌كه‌یدا ڕوونیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ زیادبوونی كێش گرنگه‌؛ به‌ڵام لاواز نه‌بوونه‌وه‌ گرنگتره‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ده‌رمانی زیادبوونی كێش و ته‌واوكه‌ره‌ خۆراكییه‌كان هه‌ن، به‌وپێیه‌ی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مرۆڤه‌كان كێشه‌ی لاوازی و كه‌می كێشی هه‌یه‌و به‌رده‌وام به‌دوای چاره‌سه‌ردا ئه‌گه‌ڕێن و زۆربه‌یان بۆ ماوه‌یه‌ك هه‌ندێك ده‌رمان به‌كارئه‌هێنن و كێشیان زیاد ئه‌كات و دوای وازهێنان دووباره‌ كێشیان داده‌به‌زێته‌وه‌.

هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ری كه‌می كێش:
1-دیاریكردنی كێشی نموونه‌یی به‌گوێره‌ی باڵاو ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌ز.
2-ئه‌نجامدانی فه‌حسی پێكهاتووی له‌ش (BMA) بۆ زانینی ڕێژه‌ی ماسولكه‌و چه‌وری و ئێسقان و ئاو له‌ جه‌سته‌دا.
3-وه‌رگرتنی زانیاری ته‌واو ده‌رباره‌ی نه‌خۆش و مێژووی حاڵه‌ته‌كه‌و نیشانه‌و ده‌رئه‌نجامه‌كانی.
4-فه‌حسكردنی ئه‌و كه‌سه‌ له‌لایه‌ن پزیشكه‌وه‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی هۆكاری لاوازی و زانینی ئه‌و شیكارانه‌ی پێویستن و دواتر دانانی ده‌رمان و به‌رنامه‌ی خۆراكی گونجاو.
5-ئه‌نجامدانی شیكاری تاقیگه‌و تیشك و سۆنارو هه‌ناوبینین به‌گوێره‌ی پێویست.
6-چاره‌سه‌ری هۆكاری لاوازی ئه‌گه‌ر بتوانرێت.
7-به‌كارهێنانی ده‌رمانی زیادكردنی ئیشتهاو ته‌واوكه‌ره‌ خۆراكی و ڤیتامینه‌كان به‌تایبه‌ت ڤیتامین بی كۆمپلێكس و زینك بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی به‌گوێره‌ی پێویست به‌ڵام له‌ژێر ڕێنمایی پزیشكی پسپۆڕی زانستی خۆراكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پڕۆگرامی خۆراكی ته‌ندروست و گونجاو.

زیادبوونی كێش گرنگه‌؛ به‌ڵام لاواز نه‌بوونه‌وه‌ گرنگتره‌:
1-پێویسته‌ ده‌رمان بۆ ماوه‌یه‌كی كورت و دیاركراو به‌كاربێت به‌ڵام ڕێنمیاییه‌كان هه‌میشه‌یین.
2-ده‌رمانی زیادكردنی ئیشتهای ڕێگه‌پێدراو نابێت له‌پڕ بوه‌ستێنرێن به‌ڵكو گرنگه‌ به‌ ته‌دریج كه‌مبكرێنه‌وه‌.
3-هیچ ده‌رمانێك نیه‌ به‌ گه‌ره‌نتی (%۱۰۰) كێش زیادبكات له‌ زانستی پزیشكیدا.

ئه‌م ڕێنماییانه‌ زۆر گرنگن بۆ پارێزگاری له‌ كێشی نموونه‌یی و لاشه‌ی ته‌ندروست:
*زوو هه‌ستان و خواردنی نانی به‌یانی پێش سه‌عات هه‌شتی به‌یانی؛ شه‌وان پێویسته‌ پێش سه‌عات ده‌و نیو بخه‌وه‌ به‌تایبه‌ت ڕۆژانی هه‌ینی و پشووه‌كان.
*له‌ پێش نان خواردن به‌ نیو سه‌عات و كاتی خواردن ئاو و ماستاو و شه‌ربه‌ت و خواردنه‌وه‌ گازییه‌كان و دۆ مه‌خۆره‌وه‌.
*ئه‌نجامدانی وه‌رزش به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام، ڕۆژانه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك چاره‌ك یان زیاتر.
*نه‌خواردنی ترش، لیمۆندۆزی، ترشیات، بیبه‌ری توند، میوه‌ی ترش بۆ ماوه‌ی دوو مانگ.
*ڕۆژانه‌ ۸ په‌رداخ ئاو بخۆره‌وه‌ له‌نێوان ژه‌مه‌كان به‌ڵام نیو سه‌عات دوای ژه‌مه‌كان پێویسته‌ ئاو بخورێته‌وه‌.
*ڕۆژانه‌ سێ جار یان زیاتر میوه‌ی هه‌مه‌جۆر بخۆ؛ میوه‌ی خۆماڵی و وشكراو باشتره‌.
*خواردنی سارده‌مه‌نی و خواردنه‌وه‌ گازیه‌كان ڕێگه‌ پێدراوه‌ له‌نێوان ژه‌مه‌كان.
*پێویسته‌ چاو قاوه‌ كه‌م بخورێته‌وه‌و لانیكه‌م یه‌ك سه‌عات پاش ژه‌مه‌كان بخورێته‌وه‌.
*ئه‌و كه‌سانه‌ی ئیشتهای خواردنیان نیه‌ پێویسته‌ بێ سه‌رپه‌رشتی پزیشكی پسپۆڕ ده‌رمانی ئیشتها به‌كارنه‌هێنن و به‌ هێواشی و به‌ ته‌دریج كه‌مبكرێته‌وه‌.
*ڕۆژانه‌ یه‌ك سه‌عات یان زیاتر بچۆره‌به‌ر هه‌تاو له‌نێوان سه‌عات نۆی به‌یانی بۆ سێی عه‌سر.

خاك - ئا/ لانه‌ كاشان



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved