21/3/2021 06:54 PM

توێژینەوەیە: دەکرێ تا پێنج مانگ دوای چاکبوونەوە لە کۆرۆنا هەستی بۆنکردن نەگەڕێتەوە


توێژینەوەیەکی نوێی دەستەی پزیشکانی پسپۆری کۆئەندامی مێشک و دەمار ئاشکرای کردووە که لەناو زۆربەی ئەو کەسانەی وا لە کۆرۆنا چاک‌دەبنەوە، تا پێنج مانگ دوای چاکبوونەوەشیان، بۆن‌کردن و تام‌کردنیان ئاسایی نابێتەوە.

نەمانی هەستی بۆن‌کردن و تام‌کردن یەکێکە لە نیشانە بەربڵاوەکانی نەخۆشی کۆرۆنا، بەشێکی زۆر لەو کەسانەش کە چاک‌دەبنەوە بەدەست نەبوونی ئەو دوو هەستەوە دەناڵێنن.

لەو توێژینەوەیەدا کە لەلایەن دەستەی پزیشکانی پسپۆری کۆئەندامی مێشک و دەمار خراوەتە ڕوو و تێیدا 813 تووشبووی کۆرۆنا بەشدار بوون، پزیشکان دوای لێکدانەوەی داتای تووشبووان بۆیان دەرکەوت بەشێک لەو کەسانە تا نزیکەی پێنج مانگ لەدوای چاکبوونەوەشیان هەستی بۆن‌کردن و تام‌کردنیان ئاسایی نەبووەتەوە.

پزیشکەکان ئەم حاڵتە دەگەڕێنەوە بۆ هەو کردن و زیان بەرکەوتنی دەمارەکانی بۆن‌کردن و هەروەها ئەو بەشانە لە مێشک کە پەیوەندییان بە بۆنەوە هەیە.

د. دایڤید گۆڵدبێرگ، پزیشکی پسپۆری نەخۆشییەکانی هەناو و هەو کردن لە نیویۆرک، دەڵێ: هەستی بۆن‌کردن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەرییەکی هەیە لەسەر هەستی تامکردن، هەر بەم هۆکارەش کاتێک بۆن ناکەین هەستی تام‌کردنیشمان تێک‌دەچێت.

ئەم پزیشکە پسپۆرە روونیدەکاتەوە، کاتێک دەماری بۆنکردن زیانی بەر دەکەوێت، ماوەیەکی پێویستە بۆ ئەوەی چاک‌ ببێتەوە و پرۆسەکە بە ئارامی ئەڕواتە پیشەوە. ئەگەری ئەوە هەیە کە چەند مانگێک یان تەنانەت چەند ساڵێکیش بخایەنێت.

د. رابێرت گلاتێر، پسپۆڕی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی لینۆک هیل لە ئەمریکا دەڵێت: ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەڕواتە ناو بەشێکی بچووکی مێشکەوە کە پێی دەڵێن (Olfactory bulb) کە بەرپرسە لە هەستی بۆن‌کردن، کاتێک بەشێک لە خانەکانی ئەو ناوچەیە دەمرن، ئەگەری ئەوە هەیە کە نەخۆشەکە بۆماوەیەکی زۆر هەستی بۆن‌کردن و تام‌کردنی ئاسایی نەبێتەوە.


سەرچاوە: theconversation

خاک _ شاهۆ




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved