29/3/2021 07:53 PM

کۆرۆنــا... دیاری فیکری لیبڕالی بۆ مرۆڤایەتی

 

پ.ی.د. ئسماعیل بەرزنجی

لەوانەیە لەسەرەتاوە ئەو پرسیارە لای خوێنەر درووست ببێ کە کۆرۆنا نەحۆشیەکی جیهانییە و لە چینەوە سەریهەڵداوە، بۆچی دەبێ دیاری دەستی فیکری لیبڕاڵی بێت کە ماکەکەی لە ڕۆژئاوایە؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەبێ کەمێک بگەڕێینەوە بۆ دواوە لە مێژووی ڕۆژئاوا و شارستانیەکەی و بگەڕێین بۆ پێگەی مرۆڤ لە هزر و بیری ئەواندا، بەشێوەیەکی گشتی لە قۆناغە مێژووییە یەک لە دوای یەکەکانی ڕۆژئاوادا تا گەیشتن بە قۆناغی پۆست مۆدێرنە مرۆڤ سەنتەر و چەقی هزر و بیرکردنەوەیان بووە، ئەگەرچی ئەو مرۆڤ سەنتەریە لە سەدەکانی ناوەڕاست و قۆناغی ڕۆشنگەریی و ڕێنیسانس و دواتر سەردەمی مۆدێرنە شەقڵ و تایبەتمەندی جیاوازی هەبووە، بەڵام هێڵی گشتی کۆکەرەوەی هەموو قۆناغەکان بووە.
مرۆڤ سەنتەریی واتا تێڕوانین و بیرکردنەوە و هەڵوێستی فەلسەفی لەبارەی بوون و بوونەوەر  و تیۆریزەکردنی هەموو بوارەکانی ژیان لە گرنگی و پێگەی مرۆڤەوە سەرچاوە بگرێت، بەحوکمی ئەوەی فیکر سەرچاوەی کایە مەعریفیەکانیترە و هەموویان لە داڕشتنی تێز و تیۆرەکانیاندا لە فیکرێکی دیاریکراو و چوارچێوەیەکی فەلسەفیەوە هەڵدەهێنجن ئەم مرۆڤ سەنتەرییە لە هەموویاندا ڕەنگیداوەتەوە.
ئەگەر بمانەوێ جیاوازیەکی جەوهەری لەنێوان پێگەی مرۆڤ لە قۆناغی مۆدێرنە و پێش ئەودا بکەین دەتوانین بڵێین مرۆڤی سەردەمی مۆدێرنە مرۆڤێکی تاکڕەهەندی ماددییە داڕنراو لە لایەنی ڕوحی تا ڕادەی نەبوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر سەرچاوە و مەرجیعی فیکر و کایە مەعریفیەکان بووە، بۆ نموونە کاتێک باس لە مافی مرۆڤ کراوە سرووشتی مرۆڤبوونی لەبەرچاو گیراوە، بەواتای ئەوەی پێکهاتەی جەستەیی و دەروونی ئەو چی دەخوازێت لە ژیاندا پێویستە بۆی دابین بکرێت بەبێ لەبەرچاو گرتنی ڕەنگ و پێست و نەژاد کە ئەمانە هیچ لە جەوهەری مرۆڤبوون ناگۆڕن، یان لە دانانی یاسا بۆ وڵاتدا ڕەچاوی ئەو سرووشتی مرۆڤبوونە کراوە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی مرۆڤەکان بەیەکترییەوە، دیسان لەبواری ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبیدا بۆگەڕاوە (المرجع) هەر مڕۆڤ بووە وەک سەنتەر و چەقی لێوەدەرچوون، بەهەمانشێوە لەبوارەکانی ئابووری و بازرگانی و سیاسەتی نێودەوڵەتی و .....هتد.
ئەمەش وایکردووە کە هەر شتێک لە مرۆڤەوە بێت و لە تایبەتمەندییەکانی ئەو بێت جێگای بایەخ و گرنگی بێت، وەک دەروونزانی و زمان و تەندرووستی کلتوور و ژیانی کۆمەڵایەتی، بە کورتی مرۆڤ لەو قۆناغانەدا سەروەر و چەقی گەردوون و بوونەوەر و هەموو شتەکانیتر بووە، بۆیە هەمیشە فیکر بەخشەر و بەرهەمهێنەری کایەکانیتر بووە.

Ismaeel sent Today at 10:25 AM
بەڵام کاتێک شارستانی نوێی ڕۆژئاوا پێی نایە قۆناغی دوای مۆدێرنە ئەوا ڕەوشێکی خراپ هاتە ئاراوە سەبارە بە تێڕوانین لە مرۆڤ پێگە گرنگەکەی لە ژیاندا، تەنانەت ئەو مرۆڤە تاکڕەهەند و بێ ڕوحەش نەما کە پێشتر هەبوو، لە سەنتەری ژیان و بوونەوەر و چەقی بیرکردنەوە لادرا.
ئەمە چۆن ڕوویدا؟
کاتێک مۆدێرنە گەیشتە دوا قۆناغەکانی بەهۆی پێداگریی زۆری لەسەر ئازادی تاک لە چۆنیەتی ژیانیدا و گرنگیدان بە کلتووری تاکگەرایی و ئازادی لە بازرگانیکردن و ڕێخۆشکردن بۆ گەشەکردنی سەرمایەداری پاشان هاتنەئارای جیهانگیریی، یەکگرتنێک لە نێوان فیکر و کایەی ئابووریدا درووست بوو، ئەویش لەوەدا کە فیکری لیبڕاڵی زۆر کاری دەکرد لەسەر ئازادی تاک لە هەڵبژارنی شێوەی ژیانیدا و دژایەتیکردنی هەموو جۆرە سێبەر و سەقفێک کە کاربکاتە سەر ئەو ئازادیەی، واتا ڕەتکردنەوەی وصایە لە هەر شوێنێکەوە بێت، خێزان، عەشیرەت، نەتەوە، تەنانەت دەوڵەتیش، سەرمایەداریش وەک سیستمی ئابووری باو لە ڕۆژئاوا ئەم هەلەی قۆستەوە بۆ زیاتر دابڕینی تاکەکان لەیەکتری و لە خێزان و کۆمەڵگاکانیان تا بە ئاسانی کار لە بژاردەی ژیانیان بکات و بیانکات بە کڕیاری بەردەوامی کاڵا و بەرهەمەکانی.
لەمەوە سەرمایەداریی وەک سیستمی ئابووری بوو بە مەرجیع و سەرچاوە بۆ تیۆریزەکردنی فیکر، واتە تەواو بارەکە
پێچەوانە بووەوە، لە جیاتی ئەوەی فیکر سیستمی ئابووری بەرهەم بهێنێت و داتای پێویستی بداتێ، سەرمایەداری بوو بە ماک و سەرچاوەی تێزی فیکریی، لەمەوە قۆناغی سەرمایەداری دواین و لیبڕالیزمی نوێ بوون بە دووڕووی یەک دراو بۆ بچووککردنەوەی مرۆڤ و سادەکردنەوەی و نەهێشتنی ڕۆڵی لە ژیاندا، هەموو ئەمە لەم چەند دەیەی کۆتایی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا ڕوویدا کاتێک شارستانی نوێی جیهان لە ڕۆژئاوا چووە قۆناغی پۆست مۆدێرنەوە.
مرۆڤ کرا بە کائینێکی ماددی بەکاربەر و کڕیاری شتومەک و کاڵا، بە ڕیکلام و دەزگای میدیایی گەورە زۆر بە ئاسانی ئاڕاستە کرا بۆ ئەو مەبەستەی سەرمایەداریی دەیخوازێت، ئێستا مرۆڤ بیرناکاتەوە بەڵکو ئەو ڕێگایە دەگرێتەبەر کە بەناوی مۆدێل و ڤێرژن و نەوەی تازەوە زۆی دیاری دەکرێت، چونکە مرۆڤ خۆی مەبەست نیە وەک سرووشتی مرۆڤبوونی، بەڵکو مرۆڤ پێویستە وەک کڕیارێکی بەردەوام.

Ismaeel sent Today at 10:25 AM
جا ئەگەر لۆجیکی سەرمایەداریی تەنها قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایە و بەرهەمهێنان و بەکاربردن بێت، ئەوا مرۆڤ تەنها دوو ڕۆڵ دەگێڕێت: یەکێکیان کارکردن بۆ کارگە و کۆمپانیا گەورەکان تا بەرهەمیان زۆرتر و زۆرتر بێت، ئەویتریش کڕینی بەرهەمەکان و بەکاربردنیان بۆ چێژی ماددی و هیچیتر.
بۆیە مرۆڤبوون چیە؟ بەزەیی و ئەخلاق و بەهاباڵاکان پارە ناکەن، پارەش پەیدا ناکەن، باوکایەتیکردن یان دایایەتیکردن و بەخێوکردنی منداڵ بەهیچ شێوەیەک کار نیە چونکە بەهایەکی ماددی نیە، یان باشتر بڵێین کەس پارەی پێنادات.
کەواتە کاتێک مرۆڤ ئاوا بێبەها دەکرێت کێ گرنگی دەدات بە تەندرووستی و ژیانی ئەگەر قازانج و بەهایەکی ماددی لەبەرامبەردا نەدرێت؟ کێ لادەکاتەوە لەو لایەنە مرۆڤایەتیەی کە پارەی تێدا پەیداناکرێت؟
خراپترین شتێک کە نیولیبڕالیزم کردی نەهێشتنی ڕۆڵی دامەزراوە کۆمەڵایەتی و فەڕمیەکان بوو، واتە نەهێشتنی ڕۆڵی خێزان و کاریگەریی لە ژیانی تاکەکاندا، هەروەها لاوازکردنی ڕۆڵی دەوڵەت و نەهێشتنی هەیمەنەی بەسەر هاوڵاتیانەوە، کاتێک ئەم دوو سێبەرە لەسەر مرۆڤەکان لادەچن ئیتر دەبنە نێچیری کۆمپانیا چاوچنۆکەکان و دەکەونە بەر ڕەحمەتی بێویژدانی و خوێنمژییان چونکە ئەوان تا ئەوکاتە مرۆڤێکیان قبووڵە کە بەرهەمهێن و کڕیار بێت لە هەمانکاتدا، تا جووت و ئاشیان بەیەکەوە بگەڕێت.
ئێستا ئەگەر کۆرۆناش نەبووایە و هەر نەخۆشیەکیتری درمی بووایە، ئەوەی کە کردی بە جیهان هەر دەیکرد چونکە ژینگەیەکی لەبار لە جیهاندا هەیە بۆ بڵاوبوونەوەی، کەس گوێ بە مرۆڤ و مرۆڤ سەنتەریی نادات، هیچ ناکرێت لەبەر خاتری خودی مرۆڤ تا ئەو مرۆڤە کڕیار و ئیشکەرە نەبێت کە سەرمایەداری و لیبڕالیزم دەیانەوێت، دەمرێت یان نەخۆش دەکەوێت کێشە نیە، کاتێک کێشەیە کە زیان لە سامان و قازانج و بەرهەمی کارگەکان بدات.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved