30/3/2021 05:18 PM

بۆنی ناخۆشی دەم نیشانەی کام نەخۆشی مەترسیدارە

بۆنی ناخۆشی دەم زیاتر لە خودی کەسەکە بۆ کسانی دەوروبەری ئازار ئەدات و بەداخەوە ئەمە وایکردوە تا هەندێک کەس لەئاست ئەم گرفتە کەمتەرخەم بن. بەڵام کەسێک کە ئەم حاڵەتەی هەبێ دەبێ گرنگییەکی زۆری پێبدات چونکە نیشانەی تێکچونی هاوسەنگییە لەناو جەستە و بەپێی وتەکانی پزیشکێکی پسپۆڕی بریتانی، بۆنی ناخۆشی دەم دەتوانێ ئاماژە بێت بە شەکرەی جۆری دوو!

پزیشکێکی پسپۆڕی بریتانی (دكتۆر كریس ستیل) لە چاوپێكەوتنێكیدا لە بەرنامەی This Morning وتی: "كاتێک مرۆڤ توشی نەخۆشی شەكرە دەبێت، ڕێژەیەكی زۆری "كیتۆن" لەناو جەستەیدا بەرهەم دێت، ئەمەش وا ئەکات کە بە تێپەڕبونی كات بۆنی دەمی کەسەکە ناخۆش بێت، بەتایبەتی کاتێک بۆنەکە هاوشێوەی سێوێكی خراپ یان پاککەرەوەی بۆیەی نینۆک بێت، كە زۆربەی كاتەکان كەسە نزیكەكانی هەستی پێدەكەن نەک خودی کەسەکە".

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەشدا کە: "جەستەی ئەو كەسانەی کەوا توشی ئەم نەخۆشییەن ناتوانێت شەكر بۆ بەرهەمهێنانی وزە بەكاربهێنێت، بۆ قەرەبوو کردنەوە ڕووئەکاتە سوتاندنی چەورییەکان و ئەمە وائەکات لەناو جەستەیاندا كیتۆن بەرهەم بێت و بەم شێوەیە بۆنی دەمیان بگۆڕدرێت و ناخۆش بێت".

دكتۆر كریس ستیل لە درێژەی قسەکانی خۆیدا وتی : "بۆنی ناخۆشی دەم تەنها ئاماژە ناکات بۆ نەخۆشی شەكرە، بەڵکو دەتوانێ یەکێک بێت لە نیشانەکانی گرفتی جگەر، گەدە و گورچیلە. کەوابوو پێویستە سەردانی پزیشکی تایبەت بکەیت، بەتایبەتی کاتێک کە بۆنەكە بەردەوام هەیە و ڕوو لە زیادبوونە".

سەرچاوە: radiotimes
خاک _ شاهۆ

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved