4/4/2021 02:22 PM

بووکی ئاتەخان چیرۆکی بەریەککەوتنی دوو کلتوری جیاواز


هۆشیارجەمال


چیرۆکی بووکی ئاتەخان لە نووسینی خاتوو " گەلاوێژ"ە کە زەمەنی نووسینی ڕووداوەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کە لە وڵاتی بەریتانیا نووسراوە، بەشێکی سەرەکی شوێنی ڕووداوەکان هەردوو شاری سلێمانی وەک نوێنەری کلتوری ڕۆژهەڵات و شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا وەک نوێنەری کلتوری ڕۆژئاوایە. کە هاوسەرگیری کوڕە کوردێکی پەنابەر کە خەڵکی شاری سلێمانی لەگەڵ کچێکی شاری لەندەن دەبێتە هەوێنی ڕووداوەکان.
هەروەها زۆربەی کارەکتەرەکانی ئەم چیرۆکە ژنان و کچانن، کە زۆربەی گفتوگۆکانی ناو چیرۆکەیان داگیرکردوە.
ڕووداوەکان لەوکاتەوە دەستپێدەکەن کە "حەسەن" و ژنە ئەوروپیەکەی بە ناوی "جێنیی" دەگەڕێنەوە شاری سلێمانی و لەوێ دەژین ماوەیەک لێرەوە جیاوازیەکانی نێوان هەڵسوکەوت و کردار و ڕەفتاری دوو خێزانی جیاواز بەیەک دەستپێدەکەن کاتێک کە ژنێکی جیاواز بە کلتور و ئاین و دابونەریتی کوردەواری دەکەوێتە ناو خێزانێکی کوردەوە، کە هێمای خۆشەویستی و ڕێزگرتن لە ناو ژنانی کوردا ئەوەیە زۆرترین خواردن بدەن بەم بووکەیان جلوبەرگی کوردی بە زۆر لەبەر بکەن و هەردەم بیخەنە دۆخێکی سەختی دەرونیەوە.
نووسەر لە چیرۆکەکەیدا بە وردی ئیشی لەسەر شوێن و گەڕەکەکانی ناو شاری سلێمانی کردوە وەک گەرەکەکانی سابونکەران و سەرچنار و قلیاسان، وەک جوگرافی ناسێکی شارەزا بە ناوچەکە باسی کردوە ، هەروەها بۆ وڵاتی بەریتانیاش بەهەمان شێوە باسی شەقام و کوچە و کۆڵانی ئەو وڵاتەی کردوە کە ئەمەی دووەمیان هۆکاری ئەوەیە کە نووسەر خۆی چون لە سلێمانی ژیاوە لە تاراوگەش بەشێكی ژیانی بەسەربردووە.

کاتێک کە شوێنی ڕووداوەکان هەر شاری سلێمانیە و بوکی ئاتەخان "جێنیی" هێشتا لە سەردانەکەیان نەگەڕاونەتەوە بۆ شاری لەندەن، مانگی ڕەمەزان دێت و ئیتر پرسی ئاین پاتنایی چیرۆکەکە داگیر دەکات و ئیسلام بوون و نەبوونی "جێنی" دەبێتە بابەتی قسەی ژنان و لۆمە دەکرێت لەسەر ئەوەی بە ڕۆژو نیە و نوێژ ناکات، ئایا بەڕاستی بووە بە ئیسلام یان ئیسلام نیە، بەڵام کاتێک کە گفتوگۆکان زیاد دەبێت دەردەکەوێت زۆربەی ئەوانەی لەو شوێنە دانیشتون وسەرکۆنەی " جێنیی" دەکەن . لە هەمان کاتدا خۆیان لە قۆناغێکی تەمەنیاندا نوێژیان نەکردوە و ڕۆژویان نەگرتووە یان نایکەن لێرەوە تێدەگەین کە نەتەوەی کورد ئاینی هێندەی لە زادەی کلتور وەرگرتووە، ئەوەندە لە زادەی نێو دەقەکانی وەرنگرتوە کە ئاینی ئیسلام مسوڵمان ناچار دەکات و فەرمانی پێدەکات بە نوێژی بەردەوامی ڕۆژانە و ڕۆژوی مانگی ڕەمەزان بگرێت، کە ئەمەش دەیسەلمێنێت بەشێکی کۆمەڵگای کوردی هێندەی مەبەستێتی ئاین بە کەسی بەرامبەر جێبەجێ بکات هێندە مەبەستی نیە خۆی ئەرکە ئاینیەکان جێبەجێ بکات.

بەشێکی تری چیرۆکەکە ژیان کردنە لە شاری لەندەن کە ئەمەش دوای ئەوە دەستپێدەکات کە "حەسەن و جێنیی" بە هاوەڵی "پەخشان"ی خوشکی حەسەن و "سۆزان"ی ئامۆزای دەگەڕێنەوە وڵاتی بەریتانیا کە دووبارە بەرکەوتنی دوو کلتور ڕوودەدا کاتێک وەک ماڵی دایکی "جێنی" سەگ بەخێو دەکەن و لە ناو ماڵەکەیان لەگەڵیان دەژی و بۆ خوشکەکەی "حەسەن" ئەم دیمەنە نامۆیە و پێی نائاسایە، بەڵام پاش ئەوەی "جێنیی" دایکی ئاگادار دەکات کە ئەم کلتورە لە کوردستان نیە سەگەکە دەبەنە دەرەوەی ماڵە لە بەر ڕێزگرتن لە کلتوری کورد، کە لێرەوە ئەو جیاوازیە زۆرە دەردەکەوێت لە نێوان تاکێکی ڕۆژهەڵاتی و تاکێکی ڕۆژئاوای لە یەکەمیاندا کاتێک " جێنیی" میوانیان بوو سەرکۆنەی جۆری جلوبەرگی و نان خواردن و دانیشتن و هەستان و دیندار نەبوونی دەکرا کە کلتوری ڕۆژهەڵاتی بوو، بەڵام لە دووەمیاندا کە کلتوری ڕۆژئاوایە لە بەر ڕێزی ئەوان ئاژەڵەکەیان ناردە ماڵێکی تر بۆ ئەوەی ئەمان بێزار نەبن.

هەر لەم چیرۆکەدا نووسەر کاری کردوە لەسەر نیشاندانی دۆخی بەشێک لە ژنان لە ئەوروپا کە چۆن ژیانێکی سەختی پڕ لە ئیش دەبنە سەر و لە ژیانیاندا سەختی دەبینن، بەڵام ئاژەڵان گرنگی تایبەتیان پێ دەدرێت لە خزمەتکردن و ڕێزگرتنیان لە ماڵەوە لە دەرەوەش کە زۆرجار بوونەتە هۆی پیسکردنی ژینگەش.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved