19/4/2021 09:13 PM

سلێمانی.. ھەر شوێنێك پابەند نەبێت سزادەدرێت

قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، رۆژانە ژمارەی توشبووانی كۆرۆنا لە زیادبووندایەو خۆپارێزی و پابەندبوون بە ڕێنماییەكان باشترین رێگەچارەیە بۆ رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی زیاتری كۆرۆناو كەمكردنەوەی ژمارەی قوربانیان. 

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ خاوەنی ھۆڵەكانی وەرزش و لەشجوانی كۆبویەوەو رایگەیاند: بەداخەوە جارێكیتر ڤایرۆسی كۆرۆنا رووی لە ھەڵكشان كردووەتەوەو بەھۆیەوە ژمارەی توشبووان و قوربانیان بەرزبووەتەوە، ئەگەر رێگەكانی خۆپارێزی لە ئاستێكی بەرزدا لەبەرچاونەگیرێت ناوەندە تەندروستییەكان توانای چارەسەركردنی ھەموو توشبووانی نابێت و ئەوكات ئەگەری كارەساتێكی مرۆیی بەدوور نازانرێت.

وتیشی: بۆ ئەوەی نەگەینە ئەو قۆناغە مەترسیدارە، پێویستە لەسەر ئاستی تاك و ھەموو ئەو شوێنانەی كە رێگە بە كاركردنیان دراوە پابەندی رێنماییە خۆپارێزییەكان بن. 

قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەش كرد، نامانەوێت ئاستەنگ لەبەردەم كاركردن و بژێوی ژیانی خەڵك دروستببێت، بۆ ئەوەی كارو كاسبی خەڵك بەردەوامبێت و جارێكیتر ژیان و كاری خەڵك پەكینەكەوێت، پێویستە ھەمووان لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بین و خۆپارێزی لە ئاستی باڵادا لەبەرچاوبگرین.

راشیگەیاند: خوازیارین ناچار نەبین شوێنەكان بەھۆی پابەندنەبوونیان دابخەین، بەڵام ئەگەر كاركردنی ھەر شوێنێك ببێتە ھۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا ناچارین سزای ئەو شوێنانە بدەین كە پابەند نابن، داواشی لە ھۆڵەكانی وەرزش و لەشجوانی كرد بەتەواوی پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزی بن و نەبنە ھۆكاری بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بۆ ئەوەی بەپێی رێكارە تەندروستیەكان بەردەوامبن لە كاركردن. 

خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved