23/4/2021 10:02 PM

راگه‌یه‌نراوی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری بۆ رۆژی جیهانی كتێب

وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕۆژی جیهانی كتێب و مافی نووسه‌راندا راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌و تێیدا هاتووه‌، وزه‌و تواناكانی خۆمان ته‌رخانده‌كه‌ین بۆ هه‌رچی زیاتر گرنگیدان به‌ كتێب و فراوانتركردنی حه‌زو كلتوری خوێندنه‌وه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگای كوردستاندا به‌گشتی و لاوان به‌تایبه‌تی.

ئه‌مه‌ش ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یه‌:

راگه‌یه‌نراوی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی هه‌رێم له‌ رۆژی جیهانی كتێب و مافی نووسه‌راندا:

له‌ ساڵی 1995-ه‌وه‌، ڕێكخراوی یۆنسكۆ بڕیاریداوه‌ كه‌ ڕۆژی ٢٣ی نیسان ڕۆژی جیهانی كتێب و مافی نووسه‌ره‌و له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا، به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ چالاكی جۆراوجۆر ده‌كرێ و بایه‌خی كتێب له‌ ژیانی گه‌لان و په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌كان و نه‌ته‌وه‌كان، له‌ ڕێی كتێبه‌وه‌ وه‌بیرده‌هێنرێته‌وه‌ و ڕێزی لێده‌گیرێت.

وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌م ڕۆژه‌دا پیرۆزبایی له‌ نووسه‌ران و توێژه‌ران و خوێنه‌رانی كتێب و كتیبخانه‌كان و هه‌موو ده‌زگانی وه‌شاندن ده‌كات و ڕۆڵ و بایه‌خیان به‌رز ده‌نرخێنێ. هه‌روه‌ها دووپاتیده‌كاته‌وه‌ كه‌ وزه‌و تواناكانی خۆی ته‌رخانده‌كات بۆ هه‌رچی زیاتر گرنگیدان به‌ كتێب و وه‌شاندن و فراوانتركردنی حه‌زو كلتووری خوێندنه‌وه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگای كوردستاندا به‌گشتی و لاوان به‌تایبه‌تی.

بێگومان، له‌م بۆنه‌ جیهانییه‌شدا، ئه‌وه‌ دووپاتده‌كه‌ینه‌وه كه‌ كوالیتی جۆری و چه‌ندایه‌تی كتێب، كه‌ په‌یوه‌نداره‌ به‌ هه‌موو ژانره‌ ئه‌ده‌بی و زانستییه‌كانه‌وه‌، پێویسته‌ زمان و ڕێنووس و بابه‌ته‌كانی كتێب به‌ نووسین و وه‌رگێڕانه‌وه‌، خزمه‌ت به‌ زمان و په‌ره‌پێدانی بكات و بچنه‌ خانه‌ی خزمه‌تكردن به‌و ئامانج و پرینسیپانه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردستان و دیدگای حوكمڕانیمانی له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌، به‌تایبه‌تی پرینسیپه‌كانی ئازادی و به‌رپرسیاریه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاشته‌وایی و پێكه‌وه‌ژیان و ڕێزگرتن له‌ هه‌مه‌جۆریی نه‌ته‌وه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و بیروڕاو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی فیكری تیروریستانه‌و توندڕه‌وی.

كتێب جگه‌له‌وه‌ی كایه‌یه‌كی هزرمه‌ندانه‌یه‌ بۆ فێربوون و په‌ره‌پێدانی توانا مه‌عریفییه‌كان، هه‌روه‌ها ئامڕازو كه‌ناڵێكی پڕبایه‌خه‌ بۆ په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌كان و گه‌لانی جیهان، بۆیه‌ هێزی چاكه‌ی گشتی و په‌ره‌پێدانی هاوشانی كلتووری و پاراستنی تایبه‌تمه‌ندییه‌كان و كۆشش بۆ له‌یه‌كتر گه‌یشتن و ڕێزگرتن له‌ جیاوازییه‌كان، له‌ كتێبدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بن و له‌نێوان گه‌لانی جیهاندا ته‌ونی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ ڕاده‌كێشێ و ڕێكده‌خات و پته‌وتریان ده‌كات.

وێڕای نووسه‌رو وه‌رگێڕ، خوێنه‌ر كۆڵه‌گه‌یه‌كی سه‌ره‌كییه‌ له‌م بواره‌داو پێویسته‌ جگه‌ له‌ هاندان و خۆشویستنی خوێندنه‌وه‌ له‌لای، بشزانرێ چ كتێبێكی پێشكه‌ش ده‌كرێ و به‌ چ زمان و ئاستێكی هونه‌ری پێشكه‌شی ده‌كرێ، بۆ ئه‌وه‌ی حه‌زی خوێندنه‌وه‌ی زیاترو پانتایی خوێندنه‌وه‌ی فراوانتر بكرێ.

گه‌لی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندیی كلتووریی و جیهانبینی خۆی بۆ به‌ها مرۆییه‌كان، به‌ جیهان بناسێنێ و به‌ هی ئه‌وانیش ئاشنابێ، پێویسته‌ بایه‌خی زیاتر به‌ هه‌موو ژانره‌كانی كتێب بداو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ڕێی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان و زانكۆو ناوه‌نده‌ ئه‌ده‌بی و زانستییه‌كانه‌وه‌،  توانای یاسایی و دارایی پێویست بۆ ئه‌م بواره‌ ته‌رخانبكات و په‌ره‌ی پێبدات.

كتێب، له‌پاڵ بایه‌خی زانستی و مه‌عریفی، پارێزه‌رو په‌ره‌پێده‌ری زمانه‌و پێویسته‌ ئه‌و ناجۆرییه‌ی ئێستا له‌ زمانی نووسین و میدیایی ئێمه‌، سه‌باره‌ت به‌ زمانی دایكمان، زمانی كوردی به‌ هه‌موو شێوه‌زاره‌كانی و زمانی نه‌ته‌وه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، زیاتر جێی بایه‌خی نووسه‌ران و توێژه‌ران و داموده‌زگا فه‌رمی و ئه‌كادیمییه‌كانمان بێ و ڕێكبخرێته‌وه‌و به‌ كۆشش و هه‌ماهه‌نگی هه‌مووان، چاكسازییه‌كی بنه‌ڕه‌تی تێدا بكرێ.

دووباره‌ پیرۆزبایی له‌ نووسه‌ران و توێژه‌ران و وه‌رگێڕان و خوێنه‌رانی كتێب ده‌كه‌ین و ده‌ستی ماندووبوونیان ده‌گوشین.

وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان

 

خاك



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved