23/4/2021 10:14 PM

مارکێت و کۆگاو كارگه‌كانی ئاو ئاگادارده‌كرێنه‌وه‌

سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت: ئاوی له‌ده‌به‌نراو‌ له‌ پله‌ی گه‌رمی به‌رزو به‌رتیشكی خۆر دابنرێت یان به‌ دانه‌پۆشراوی بگوازرێته‌وه،‌ لیژنه‌كان شوێنه‌كه‌و شۆفێره‌كه‌ روبه‌ڕووی رێكاری یاسایی توند ده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌شكر حه‌مید سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: پێشتر له‌رێگه‌ی سه‌ردانی لیژنه‌كان و راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ دوكان، ماركێت، كۆگاو كارگه‌كانی ئاو ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ له‌هه‌ر شوێنێك‌ ئاوی له‌ده‌به‌نراو‌ له‌ پله‌ی گه‌رمی به‌رزو به‌رتیشكی خۆر دابنرێت یان له‌كاتی گواستنه‌وه‌یدا دانه‌پۆشراو بێت، قائیمقامیه‌تی سلێمانی شوێنه‌كه و شۆفێره‌كه‌ش‌ روبه‌ڕووی رێكاری یاسایی توند ده‌كه‌نه‌وه‌.

وتیشی: پێشئه‌وه‌ی ئاو بكرێته‌ ناو ده‌به‌ پلاستیكه‌كان، له بری كلۆر ‌ماده‌ی ئۆزۆن (O3) بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ی ده‌به‌كان به‌كارده‌هێنرێت، له‌كاتی به‌ركه‌وتنی به‌ تیشكی خۆر، ئۆزۆنه‌كه‌ شیده‌بێته‌وه‌ بۆ (O2) له‌گه‌ڵ ئۆكسجینێكی چالاك، (O2) به‌بێ كێشه‌ له‌گه‌ڵ ئاو تێكه‌ڵده‌بێت، به‌ڵام مانه‌وه‌ی یه‌ك ئۆكسجین له‌ش توشی نه‌مانی به‌رگری ده‌كات.

روونیكرده‌وه‌: به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی بۆ (25) پله‌ی سه‌دی،‌ به‌شێكی پلاستیكه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئاوی ناو ده‌به‌كه‌‌‌ كارلێك ده‌كات و ده‌بێته‌ هۆكاری سه‌ره‌كی بۆ توشبوون به ‌نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌و تێكچوونی هۆرمۆنه‌كان به‌تایبه‌ت له‌ خانماندا.

ئاماژه‌ی به‌وهش‌كرد، قائیمقامیه‌تی سلێمانی نوسراوی ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی كردووه‌ بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌و بارهه‌ڵگرانه‌ی ئاوی له‌ده‌به‌نراو به ‌دانه‌پۆشراوی ده‌گوازنه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی هه‌ر شوێنێك سه‌رپێچی بكات و ئاوی له‌ده‌به‌نراو له‌ پله‌ی گه‌رمی به‌رزو به‌رتیشكی خۆر دابنێت له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ شوێنه‌كه‌و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕووی رێكاری یاسایی توند ده‌كرێته‌وه‌.

خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved