24/4/2021 11:24 PM

سلێمانی.. 34 شوێن داخراون

قائیقمامی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە 10 رۆژی یەكەمی مانگی رەمەزاندا لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەت 34 شوێنیان روبەڕووی داخستن كردووەتەوەو 145 ئاگاداریيان بە خاوەن شوێنەكان داوە جارێكیتر سەرپێچی نەكەن، دەشڵێت: ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی و هاووڵاتیان جێبەجێی دەكەین.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی ئاماری كارو چالاكییەكانی 10 رۆژی یەكەمی مانگی رەمەزانی ئاشكراكردو رایگەیاند: بەهۆی كڕینی بەشێكی زۆری پێداویستی رۆژانەی هاووڵاتیان خواردن و خواردنەوەیە، خشتەی كاركردنی لیژنەكان لە مانگی رەمەزاندا جیاوازبووە لەگەڵ رۆژانی پێشووتردا، لە هەڵمەتێكی بەردەوامدا لیژنەكان سەردانی دوكان و بازاڕو شوێنە گشتییەكانی سلێمانی و ناحیەكانی بازیان، تانجەرۆو بەكرەجۆیان كردووە.

وتیشی: لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە دە رۆژی یەكەمی مانگی رەمەزاندا زیاتر لە (2.814) سەردانیان ئەنجامداوە، لەو ژمارە (211) پسوڵەی سەرپێچیان لە شوێنەكان تۆماركردووەو (145) ئاگادارییان داوەتە خاوەن شوێنەكان كە پابەندی مەرج و رێنماییەكانی كاركردن بن و جارێكیتر سەرپێچی نەكەنەوە، بەپێچەوانەوە شوێنەكەیان روبەڕووی داخستن و رێكارە یاساییەكان دەكرێتەوە.

روونیكردەوە: بەهۆی جێبەجێنەكردنی ‌مەرجەكانی تەندروستی و ڤێتێرنەری و رێنماییەكانی دیكەی كاركردن و پابەندنەبوون بە رێكارەكانی خۆپارێزی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی (34) شوێنیان داخستووەو (5) شوێنیشیان داوەتە دادگا.

ئاماژەی بەوەشكرد: لە ئەنجامی پشكنینە بەردەوامەكانی لیژنە هاوبەشەكان بۆ ئەو كاڵاو شمەك و خواردەمەنیانەی رۆژانە هاووڵاتیان بەكاریدەبەن، توانیویانە دەست بەسەر زیاتر لە (34) تۆن بگرن و دواتر لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە لە دەرەوەی ناوچەی نیشتەجێبوون لەناوبراون، بڕی غرامەشی بە (15) ملیۆن و (625) هەزار دینارەو بەپێی یاساو رێنماییە داراییەكان دەخرێتەوە سەر داهاتی گشتی.

داوای لە خاوەن شوێنەكانيش كرد پابەندی مەرج و رێنماییەكانی كاركردن بن، نابێت خواردن و خواردنەوەكان له ‌دەرەوی ماركێتەكان و لەبەر پلەی گەرم و تیشكی خۆر دابنرێت، چونكە رێنماییه تەندروستییەكان‌ جەخت لە دروستكردنی كاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەكەنەوە، بەپێچەوانەوە ناچاردەبین  شوێنەكان روبەڕووی داخستن و خاوەنەكانیشیان رێكاری یاسایی بەرامبەریان بگیرێتەبەر.

قائیمقامی سلێمانی هاووڵاتیانی شاری سلێمانی دڵنیاكردەوە كه شارەكە پاكوخاوێنەو لیژنەكانیش بەردەوامدەبن لەسەر بەدو‌اداچوونەكانیان، ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی و هاووڵاتيان جێبەجێی دەكەین و لیژنەكانیش بەردەوامدەبن لەسەر  بەدواداچوون و پشكنییەكانیان، سوپاسی هاووڵاتیانی شاری سلێمانی كرد كە هاوكارو پشتیوانی لیژنەكان دەكەن، هاوكات سوپاسی راگەیاندنەكانی كرد بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی بەردەوام روماڵی كارو چالاكییەكانی لیژنەكان دەكەن.

خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved