28/4/2021 05:34 PM

لەکاتی گۆڕینی وەرزەکاندا ئەو هەشت خاڵە فەرامۆش مەکە


گۆڕینی وەرزەکان کاریگەری خۆی لەسەر شێوازی ژیان دائەنێت، جلوبەرگ و هەروەها خواردنیش گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، کەوابوو پێویستە شیوەی گرنگیدان بە پێستیش بگۆردرێت، کە بە بەشێکی گرنگی جەستە دێتە ئەژمار و پێویستە پارێزگاری لێبکرێت. ئەو کاتانەی کەشوهەوا لە ساردەوە دەگۆڕێت بۆ گەرم، یان بە پێچەوانەوە، بە شیوەیەکی بەرچاو دەتوانیت ئەو گۆڕانکارییە لە پێستیشدا ببینیت، کە هەست ئەکەیت پێستت فرێش دەبێتەوە یان ئەوەیکە بەرەو وشکی دەڕوات. دەتوانیت بۆ پارێزگاری زیاتر لە پێستت، لەکاتی گۆڕانی وەرزەکاندا، ئەم یاسایانە لەبەرچاو بگریت:



1. لە وەرزی بەهاردا جلوبەرگی کراوە بکە بەرت، هەروەها  تا دەتوانیت خۆت دوربخەوە لە هۆکارەکانی ئالێرژی و هەستەوەری.

2. لە وەرزی هاویندا کە تیشکی خۆر زۆر بەتین‌ترە و پلەکانی گەرما بەرزدەبێتەوە، بەیانییان کار و چالاکییەکانت ئەنجام‌بدە یان دوای بخە بۆ ئێوارە.

3. لە وەرزی پاییزدا کرێمی کالاندولار بەکار بهێنە، هەروەها خۆت دوربەخەوە لە خواردنە توندەکان.

4. لە وەرزی زستاندا بەئاوی زۆر گەرم دەست و قاچت مەشۆ و بە بەردەوامی کرێمی شێدارکەرەوە بەکاربهێنە.

5. تەنها بیر لە پاراستنی پێستی روخسارت مەکەوە، پێستی جەستەش پێویستی بە بایەخ و پاراستنە، پێویستە لەپاش گەرماو بە وریاییەوە جەستەت وشک بکەیتەوە و کرێمی شێدارکەرەوە بەکاربهێنیت، هەروەها گرنگی بدە بەو خۆراکانەی کەوا ڤیتامین E تێدایە.

6. شێداربونی بەردەوامی پێست کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر پاراستنی پێست و ئەگەر بەبڕی پێویست ئاو بخۆیتەوە، نەتەنها پێستت گەش و جوان دەمێنێتەوە، بەڵکوو یارمەتی دواخستنی پیریش دەدات.

7. بەبەردەوامی بەکارهێنانی کرێمی دژە خۆر سودی زۆری هەیە بۆ پێست، بەبێ لەبەرچاوگرتنی کەش و هەوا، هەتاو بێت یان هەور، هەر دوو کاتژمێر جارێک بەکاری بهێنە.

8. هەر کرێمێک تایبەتمەندی خۆی هەیە، لە وەرزە گەرمەکاندا نەرمکەرەوە بەکار بهێنە و لەکاتی سەرمادا شێدارکەرەوە.



سەرچاوە : mirror
خاک _ شاهۆ




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved