1/5/2021 11:35 AM

چەند رێکار بۆ لەناوبردنی پرخەی خەو

بەپێی توێژینەوەیەک، لە وڵاتی بەریتانیا 20 ملیۆن کەس کێشەی خەویان هەیە و هۆکارەکەی پەیوەندیدارە بە پرخەی خەوی هاوسەرەکەیانەوە. چەند رێکاری سادە بۆ لەناوبردنی ئەم دەنگە ئازاربەخشە هەیە کە یەکێک لە پسپۆڕان شرۆڤەی کردووە و لەدرێژەدا دەیخەینە روو. "جۆی ریچارد" ناوی ئەم پسپۆڕەیە کە دەڵێ: "هەموو کەس تووشی پرخەی خەو دەبێت و ئەمەش پەیوەندی بە سیستمی خۆراک، چۆنیەتی خەوتن و شوێنی دەرچوونی پرخەکە لە دەم یان لووتەوە هەیە."
ئەو لەدرێژەدا باسی 4 خاڵ دەکات کە بە ئاسانی لە ماڵەوە دەتوانن ئەنجامی بدەن. یەکێک لەم رێکارانە بەکارهێنانی باڵنجی جەستەیە. ئەو لەم بارەیەوە دەڵێ: "خەڵک لایان وایە باڵنجی جەستە تەنها بۆ ئاسوودەبوونە بەڵام رۆڵێکی زۆر گرنگیان لەم بوارەدا هەیە. ئەم باڵنجانە هاوشێوەی باڵنجی کاتی دووگیانی ناهێڵێت کەسەکە لە کاتی خەودا بێتە سەر پشت. ریچارد دەڵێ زۆرینەی ئەوانەی پرخەیان هەیە لەسەر پشت دەخەون.
رێکاری دووهەمی ریچارد، تۆپی تێنسە. ئەو داوا لە نەخۆشەکانی دەکا هەندێک تۆپی تێنس یان شتێکی رەق لە پشتیان ببەستن بۆ ئەوەی کاتێک دەکەونە سەر پشت بەخەبەر بێن. بە گوتەی ریچارد ئەم رێکارە زۆر وڵامدەر بووە.
رێکاری سێهەم نەخواردنی هەندێک خۆراکی تایبەتە بەر لە خەوتن، بۆ نموونە شەکر و کافەئین و پەنیر. ریچارد لەم بارەوە دەڵێ: "بەپێی توێژینەوەکان زێدەرۆیی لە خواردنی شیرەمەنی بەر لە خەو، پرخەی شەوانە زیاد دەکات. خواردنەوەی چا بەر لە خەوتنیش دەتوانێ هۆکار بێت بۆ پرخەی خەو.
دوایین رێکار بەکارهێنانی گیرەی لووتە. ئەم گیرانە لە دەرمانخانەکان دەست دەکەون. ئەم گیرانە لەسەر لووت جێگیر دەبن و بە کردنەوەی کونەکانی لووت هەوایەکی زیاتر دێتە ناو لووتەوە.

* ئەم رێکارانە لەوانەیە بە تەواوی پرخەی خەو چارەسەر نەکەن، بەڵام تا رادەیەکی زۆر ئەم حاڵەتە ئازاردەرە کەم دەکەنەوە.

 

سەرچاوە: mirror

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved