5/5/2021 12:16 PM

نەخۆشیی چەوریی جگەر چیە و نیشانەکانی چین؟

نەخۆشیی چەوریی جگەر دەستەواژەیەکی گەشتییە بۆ کۆبوونەوەی چەوری لە جگەردا. ئەم حاڵەتە لەناو ئەو کەسانەدا کەوا کحول بەکار دێنن زیاترە. بەڵام ئەم نەخۆشییە جگە لە کحول هۆکاری دیکەشی هەیە کە پێی دەڵێن چەوری جگەری ناکحولی (NAFLD-Non alcoholic fatty liver disease). شەکرە، قەڵەوی و خۆراکی نەگونجاو بەشێکن لە هۆکارەکانی چەوربوونی جگەر. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە لێڵ بوونی رەنگی پیسایی و میز دەتوانێ نیشانەی تووشبوون بە چەوریی جگەر بێت.
ئەم نەخۆشییە چەندین قۆناغی هەیە و قۆناغە کۆتاییەکانی ئەم نەخۆشییە جێی مەترسین. بەداخەوە زۆرینەی خەڵک تووشی حاڵەتی سووکی ئەم نەخۆشییە بوون و پشت گوێی دەخەن و ئەوەش مەترسییەکە جدی‌تر دەکاتەوە. هیپاتیتی ناکحولی جۆری پێشکەوتووی NAFLDـە و لە ئەنجامدا جگەر تووشی ورووژان دەبێ و بە بەردەوامی جگەر بریندار دەکات. هەڵبەت لەم حاڵەتەشدا جگەر ئەرکەکانی خۆی ئەنجام دەدات. بەپێی توێژینەوە پزیشکییەکان ئەگەر میزی کەسێک لێڵ بێت مەترسیی تووشبوون بە جگەری چەوری لەسەرە.
زەردیی چاو، شین بوونەوەی پێست، بوونی خوێن لەناو رشانەوەدا، پیسایی و میزی لێڵ، سەرگێژبوون و خورانی پێست بەشێکن لە نیشانە گرنگەکانی ئەم نەخۆشییە. هەواڵی دڵخۆشکەر ئەوەیە کە بە ئاسانی دەتوانی بەرگیری لە پێشڕەوی NAFLD بکەیت و بە خۆراکی گونجاو و لایف ستایلێکی تەندروست دەکرێ جگەر بێتەوە سەر دۆخی نۆرماڵ. هەوڵ بدەن سیستمی خۆراکەکەتان بەم شێوەیە بێت:

*خواردنی ئەو کاربۆهیدراتانەی ریشاڵیان زۆرە
*نەخواردنی ئەو خواردنانەی شەکریان زۆر تێدایە بۆ نموونە کۆلا
*پارێز بکەن لە زێدەڕۆیی لە خواردنی چەوریدا
*شەش مانگ جارێک سەردانی پزیشک بکەن

 

سەرچاوە: express

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved