11/5/2021 10:14 AM

ئەو ڤیتامینانەی تەندروستیی ددان دەپارێزن

کەمبوونی هەندێک لە ڤیتامینەکان لە جەستەدا هۆکارە بۆ بەدیهاتنی کێشەی گەورە بۆ تەندروستیی دەم و ددان. کەوابوو دەبێ ئەم پێداویستییە بە باشترین شێوە دەستەبەر ببێت ئەگینا تەندروستیی گشتیی جەستە و ددانەکان دەکەونە مەترسییەوە. فڵچەی ددان و بەکارهێنانی دەزوی پاککردنەوەی ددان چەند رێکاری باشن بۆ ئاگاداری ددانەکان بەڵام گەیاندنی ڤیتامین و مادە کانگەییەکان به ددان بژاردەیەکی گرنگترە.

ڤیتامین A: ئەم ڤیتامینە جگە لەوەی چاو بەهێز دەکات، یارمەتی بەرهەمهاتنی ئاوی دەم دەدات کە دەتوانێ مادە ژەهراوییەکان لەسەر دەم و پووک پاک بکاتەوە. ئەم ڤیتامینە لە گێزەر، پرتەقاڵ، پەتاتە، سپێناخ و زەردێنەی هێلکەدا دەست دەکەوێت.
ڤیتامین B: ئەم گرووپە لە ڤیتامینەکان میکانیزمی خانەکانی جەستە کۆنتڕۆڵ دەکات و هەروەها دژی کزانەی دەم و ورووژانی پووکە. گرنگترین ڤیتامینەکانی گرووپی B بریتین لە نیاسین و ریبۆفلاوین کە لە بادەم، شیرەمەنی، ماسی و گۆشتی سووردا دەست دەکەوێت.
ڤیتامین C: کەمبوونی ڤیتامین C هۆکارە بۆ شل بوونەوەی ددان، خوێنبەربوونی پووک و مەترسیی نەخۆشییی "پریۆدنتاڵ". ئەم ڤیتامینە لە پێکهاتەی پرتەقاڵ و هاوشێوەکانی، برۆکلی، لیمۆ، پەتاتە و شلیکدا جێگیر بووە و دەتوانن بەکاریان بێنن.
کالسیۆم: کالسیۆم مادەیەکی کانگەیی زۆر گرنگە و ئێسک بەهێز دەکات. 99٪ـی سەرجەم کالسیۆمەکان لە ئێسک و بەتایبەت دداندا جێگیر بوون. کەوابوو دەبێ ئەم مادەیە لە خۆراکی رۆژانەدا هەبێت بۆ ئەوەی ددانەکانتان تەندروست بن. ئەم مادە گرنگە لە سەوزەواتەکان، شیرەمەنییە بێ شەکرەکان و چەرەساتەکاندا دەست دەکەوێت.
ڤیتامین E: ئەم ڤیتامینە بەرگیری لە نەخۆشییەکانی پریۆدنتاڵ و ورووژانەکانی ناو دەم دەکات و هەروەها ئەنتی‌ئۆکسیدەنتێکی زۆر زۆر بەسوودە. ئەڤەکادۆ، ماسی، زەیتی سەوزەوات و گەنم سەرچاوەی سەرەکین بۆ دابینکردنی ئەم ڤیتامینە.

 

سەرچاوە: 123dentist

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved