31/5/2021 09:18 AM

یادێک لەو ئاواتانەی هەرەس مەودای نەدان

مەحموود محەمەدیان

حەڤده و بڕێک بووی. شێوانی یەکێک له رۆژە ساردەکانی زستان بوو. بڕیارت دا دوای خەوتنان بچیه لای خاوەن‌کار و پێی بڵێی چی دی کرێ‌کۆڵیم پێ ناکرێ و به هیوام لەمەودوا ئاواتەکانم له کۆڵ نێم و رێگه سەخت و قاقڕەکان بۆ ئەوان ببڕم. هەر واشت کرد. چوویەوە ماڵ و چاوێکت به ناو ماڵ و حەسار و دەرکە و باندا گێڕا. هەرچی فکرت لێ دەکردەوە ئەو هەمووە ئاواتەی وا کون و کەلێن و قوژبنی ماڵەکەتانی تەنیبۆوە شانی نەدەچووە ژێر و به ناچاری حەبەسای. بەو لەشه مێرمناڵانەیەوە بیری پیاوێکی بەتەمەنت له خۆتدا حەشار دابوو. له نێو خێزانەکەتدا تەنیا دایکت هەندێک هەستی بەو شتە کردبوو و هەر بۆیه جاروبار بەو بارەدا دەیلاواندییەوە.  دەنا ئەویش زۆربەی جاران لەبەر شتی دیکه بزە و حەزی دەخستیه سەر لێو.  ئەو شەوە شەوێکی گرنگ بوو. یەکەم جار بوو باری ئاواتت له کۆڵ دەنا؛ ئەویش ئاواتەکه هی خۆت بوو. نەتدەزانی سووکه یا قورسه. نەتدەزانی سەخته یا ناسکه و دەبێ زۆر به پارێزەوە هەڵیگری. بەڵام یەک شتت به باشی دەزانی ئەویش ئەوە بوو که بۆ ئەو بارە نەناسیاوە هیچ پارەیەک وەرناگری. تووشی جۆریک شێتی هاتبووی. شەو بەرەو درەنگان هەنگاوی دەنا و تۆش وردە وردە خۆت پێچاوه و بارەت له خۆت شەتەک دا و ماڵئاواییت له هەمووان خواست. ئەوان بێ ئاگا بوون که ئەمشەو چیت به کۆڵەوەیه. بەڵام دایکت هەر به هەنیسکەوە بەرێی کردی و ماچێکی ئەویندارانەی لەسەر گۆنات نەخشاند. دوای دوورکەوتنەوە له ماڵ تووشی هاوکارەکانت هاتی و گەرم و گوڕ سڵاوت لێ کردن. ئەوانیش هەر بیست و بڕێک دەبوون و نەدەبوون. ئەوانیش به تۆیان نەزانی و تەنانەت نەشیانپرسی چیت پێیه. تۆش نەتپرسی لەوان. به قەتار و به دووی یەکدا وەڕێ کەوتن. به پێچەوانەی شەوانی‌تر زۆر به کەمی و کورتی قسە دەهات و دەچوو. یەکگرتوویەکی سەیری ساز کردبوو ئەو بێدەنگییه. هەمووتان به بارەکانتانەوە دەتکوت له خاچ دەراون. به نەرمەهەنگاو  ڕچەتان له بەفر و سەهۆڵ بەستەڵەک دەشکاند و دەچوونه پێش.  تەنیا دەنگێک دەهات. . . ئەویش هی ئەو بەفرە بوو که له ژێر هەنگاوەکانتاندا خۆی درێژ دەکردەوە ئەگینا هەر بێ دەنگی بوو و بێ دەنگی. تا زیاتر دەچوونه پێش ئەو شکەت قایمتر دەبوو که باری ئەو هاوڕێیانەشت له چەشنی ئەوەی خۆته و بەڵام دەنگ ناکەن. هەموو له نێو بیر و خەیاڵاتی خۆیاندا پەنگیان دەخواردەوە و هەنگاویان دەنایەوە.
بێدەنگی به دوورەدەنگێک شکا. هەموو هاتنەوە سەر خۆ. راوەستان و چاوتان به وڵاتدا خشاند. شتێکی وا نەبوو و دیسان رێگەتان گرته بەر بەڵام ئەوجار قسه و باس دەستی پێکرد. دەنگەکه نزیکتر دەبۆوە و قسەکانی ئێوەش هەر دەهاتوو گەرمتر دەبوو. لە پڕ تەقەیەک کرا بەڵام ئێوەیان نەهەنگاوت. زۆرتان پێ سەیر بوو. دیسانیش تەقە کراوە و ئەوجارەش ئێوە وەبەر نەکەوتن. لەو کاتەدا ئێوە بە بەر بنارێکدا که زۆر لێژ و هەڵەت بوو تێپەڕ دەبوون. ئەگەرچی شەو بوو بەڵام سپیایی بەفر دەبیندرا.
هاوار له کوڕەکانی پێشەوە هەستا. هەڵێن هەڵێن. . . بەفرەکه هاتووە بەسەرماندا هەڵێن. . . هەنگەمه ساز بوو. تۆش وەکی ئەوان رێی هەڵاتنت گرته بەر بەڵام ماسولکەکانی تۆ زۆر لەوە کزتر بوون که هەرەسەکه ببەزێنن. یەکەم چنگی هەرەسەکه وێت کەوت. دووهەم و سێهەم و چوارەم و پێنجەم و. . . ئێستا تۆ به بارێک له حەز و ئاوات و جامانەیەکی کۆنەوە له ناوەندی بەفر و بەستەڵەک و سرما دای. هەناسەکانت بەشی تواندنەوەی ئەو بەفرە قورسه ناکەن که دایپۆشیوی. حەزەکانیشت هێندە مەترسیدار نەبوون که بەفر ئاواهێرشت بکاته سەر و ماچەکەی دایکتت لێ بستێنێ.
دوایین هەناسەکانت بەخشی به بەفر و ئاوات،بەڵام ئەوان هانی هەستانەوەیان پێ نەدای.
وەک چۆن تۆ بەفرت بەسەردا هات دڵنیا به ئێمەش زەمەنمان بەسەردا دێ و رەنگه لە بیرمان بمێنی ساڵ نا ساڵێک له رۆژی ١ــی مەیدا یادت بکەینەوە.  یان بتکەین به بیانوو و تەلارەکانی تارانی پێ قایمتر کەین یان ئاوری چەقبەستوویی خۆمانی پێ بگەشێنینەوە.  خولاسه زۆرت بۆ ئێمه بە جێ هێشت. . . تا هەین مەمنوونتین ئەی کۆڵبەرە بچکۆلەکەی تەنیشت گۆمەشین.  ئێستا بازگرێک پێویسته هەڕەشەکانی به دژی بەفر تۆمار بکاتەوە و رەزازییەک که به پڕ به گەروو بیچریکێنێ و داپیرە و باپیرەیەک که یەخه دابدڕن و سۆمای چاوەکانیان له دڵی سەدانی وەک من و تۆدا بچێننەوە. . . .

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved