1/6/2021 11:47 AM

دۆزینەی زرێپۆش و تەقەمی سەردەمی نازییەکان لە ماڵی پیرەپیاوێکی ئەلمانی

پیاوێکی بەساڵاچووی ئەلمانی رۆژی هەینیی رابردوو بە تۆمەتی راگرتنی نایاسایی کۆمەڵیک چەک و تەقەمەنی تایبەت بە سەردەمی نازییەکان لە دادگا لێپێچینەوەی لێکرا.
دەگوترێ ئەم پیاوە تەمەن 84 ساڵە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، زرێپۆشی سەربازی، چەکێکی دژە-ئاسمانی، ژمارەیەک هاوەن‌هاوێژ، چەکی هێرشبەرانە، چەکی سووک و ئۆتۆمات و نیوە ئۆتۆمات و هەروەها زیاتر لە 1000 فیشەک لە نهۆمی ژێرزەوی ماڵەکەی لە شاری «کیل»ـی ئەلمانیا کەڵەکە کردووە. ئەم چەکانە لە ساڵی 2015 و لە کاتی توێژینەوەیەکی بەربڵاو بە مەبەستی دۆزینەوەی ئەم کۆگایانە، لە ماڵی ئەم پیرەپیاوەدا دۆزرایەوە.
بەپێی راپۆرتەکان، 9 کاتژمێری خایاند هەتا بەرپرسە ئەمنییەکانی ئەلمانیا توانیان ئەو زرێپۆشەی کە کێشەکەی نزیکەی 40 تەن بوو، لە نهۆمی ژێرزەویی ماڵی ئەم پیاوە بەتەمەنە بهێننە دەرەوە.
پیاوە تۆمەتبارەکە لە قسەکانی خۆیدا گوتوویەتی ئەم زرێپۆشەی وەکوو «ئاسنە کۆن» لە بەریتانیا کڕیوە. بەپێی راپۆرتەکان، سکاڵاکاران هەوڵ دەدەن روونی بکەنەوە ئەم چەکانە بەکارهاتوون یان نا و ئەم بابەتە رۆڵێکی گرنگی لەم دۆسیەیەدا هەیە.
ئەگەر روون ببێتەوە کە ئەم چەکانە لەو ماوەیەدا بەکارهاتوون، سکاڵاکاران دەتوانن کاری ئەم پیرەپیاوە وەکوو پێشێل کردنی ئاشکرای یاسای کۆنتڕۆڵ کردنی چەکە سەربازییەکانی ئەلمانیا بهێننە ئەژمار و هەڵبەت هەندێک تۆمەتی دیکەش خراوەتە پاڵ ئەم پیاوە. ئەمەش دەتوانێ نزیکەی 5 ساڵ سزای زیندان کردنی لێبکەوێتەوە. دەگوترێ ئەو چەکە دژە-ئاسمانییەی لە ماڵی پیاوە بەتەمەنەکە دۆزراوەتەوە ئێستاش ئیش دەکات!

 

سەرچاوە: jpost

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved