20/6/2021 11:45 PM

دوو ده‌یه‌ شانازی وه‌رزشكاره‌ كورده‌كان بڵاوكرايه‌وه‌

له‌ باخچه‌ی ڕێكخراوی گه‌شه‌پێدانی مه‌ده‌نیه‌ت (CDO) له‌ شاری سلێمانی، كتێبی (دوو ده‌یه‌ شانازی وه‌رزشكاره‌ كورده‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عیراق 2000-2020) له‌ مه‌راسیمێكدا بڵاوكرايه‌وه‌.

ئاماده‌كاری كتێبه‌كه‌، نووسه‌رو ڕۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی (هه‌رێز جه‌مال)ه‌و كاره‌كه‌ش پێكهاتووه‌ له‌ ته‌واوی ژیانی ئه‌و وه‌رزشكاره‌ كوردانه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عیراق له‌ 20 ساڵی ڕابردوو له‌ پاڵه‌وانێتییه‌ ده‌ره‌كییه‌ ڕه‌سمییه‌كانی وه‌ك ئۆلۆمپیاد، جامه‌ جیهانیيه‌كان، پاڵه‌وانێتییه‌كانی ئاسیاو عه‌ره‌ب و رۆژئاوای ئاسیاو وڵاتانی ئیسلامی به‌ شێوه‌یه‌كی ره‌سمی به‌شداربوون.

كاره‌كه‌ش به‌رهه‌می زیاتر له‌ دوو ساڵ گەڕان و لێكۆلینه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ته‌واوی یاریزانان و ناوبژیوانان و راهێنه‌ران و زیاتر له‌ 300 وه‌رزشكاری له‌خۆگرتووه‌.

كتێبه‌كه‌ به‌ سپۆنسه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ رۆژنامه‌نووسان چاپكراوه‌و به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ كتێبێكی ڕۆژنامه‌وانی وه‌رزشی به‌ به‌رزترین كوالێتی ڕه‌نگاوڕه‌نگ دێته‌ به‌رهه‌م.

هه‌رێز جه‌مال زیاتر له‌ 15 ساڵه‌ سه‌رقاڵی كاری ڕۆژنامه‌وانیه‌و پێشتریش دوو كتێبی چاپكراوی بڵاوكراوه‌ته‌ كه‌ ئه‌وانیش ڕێبه‌ری ڕۆژنامه‌وانی ڕۆژنامه‌نووسی و له‌پشت هێڵه‌كانی یاریگاوه‌یه‌.


خاك - پوكمیدیا




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved