22/6/2021 04:24 PM

رۆژی جیهانیی یۆگا

رۆژی جیهانی یۆگا هەموو ساڵێک لە 21ـی مانگی شەشدا بەڕێوە دەچێت. دروشمی ئەمساڵی ئەم رۆژە «یۆگا بۆ تەندروستی»ـیە. دروشمێک کە بووەتە پرسی سەرەکیی مرۆڤی ئەم سەردەمە. بەهۆی جیهانی بوونی ئەم رووەداوەوە، بەگشتی 3 بۆ 4 مانگ پێشتر ئامادەکارییەکان بۆ ئەم رۆژە ئەنجام دەدرێت. ئەم رووداوە دواجار لە رۆژی دیاریکراوی خۆیدا بە بەشداری ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا بەڕێوە دەچێت. هەڵبەت ئەمساڵ دووەم ساڵە بە هۆی کۆرۆناوە ئەم رێوڕەسمە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوە دەچێت.
پاندێمی کۆرۆنا تەنها قەیرانێکی جەستەیی نییە بەڵکوو کاریگەری دەروونیشی بووە، بە جۆرێک کە زۆرینەی خەڵکی جیهان بە هۆی سنووردارکردنەوەی هاتوچۆ و ئەو مەرگانەی کە هەموو رۆژێک بە هۆی ئەم ڤایرۆسەوە دێنە دی، تووشی کێشەی دەروونی، خەمۆکی و دڵەڕاوکێ بوون. بەڵام ئەنجامدانی یۆگا بۆ ئەوە کەسانەی تووشی حاڵەتی لەم چەشنە بوون یارمەتیدەرە. نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا شرۆڤەی کردووە ئامانجی ئەم وەرزشە بەرزکردنەوەی لایەنی جەستەیی و دەروونیی ئێمەیە.
نەتەوە یەکگرتووەکان هەفتەی رابردوو بەیاننامەیەکی سەبارەت بە رۆژی جیهانیی یۆگا بڵاو کردەوە: «ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی جیهان بۆ پاراستنی گەنجێتی خۆیان و هەروەها لەناوبردنی گۆشەگیری کۆمەڵایەتی و خەمۆکی، کە لە سەردەمی کۆرۆنادا پەرەی سەندووە، روو لە یۆگا دەکەن. یۆگا رۆڵێکی گرنگ لە پاراستنی دەروونی-کۆمەڵایەتی و یارمەتیدان بە تووشبووانی کۆرۆنا دەگێڕێت».
بیرۆکەی رۆژی جیهانیی یۆگا یەکەم جار لە لایەن «نراندا مۆدی»، سەرۆکی حکومەتی هیند لە کاتی وتاربێژییەکەی لە دانیشتنی گشتیی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2014ـدا خرایە روو. مۆدی لە قسەکانیدا یۆگای بە «گرنگترین خەڵاتی کەونارای هیند» ناوزەد کرد و خوازیاری «هاتنە ئارای هاوسەنگیی نێوان مرۆڤ و سروشت» لە رێگای یۆگاوە بوو. ئەم بیرۆکەیە لە لایەن 177 وڵاتەوە پشتگیری لێکراو و چەند مانگ دواتر 21ـی شەش وەکوو رۆژی جیهانی یۆگا دەستنیشان کرا.

 

سەرچاوە: hindustantimes

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved