27/6/2021 04:24 PM

ساڵیادی ئاوابوونی دەنگێکی نەمر

مەحموود محەمەدیان

49 ساڵ لەمەوبەر و لە 4ـی ژووەندا یەکێک لە دەنگە هەرمانەکانی هونەری موزیکی کوردی لە سەرەتای گەرمای هاوین و لە کەشێکی خەمبردووی سارددا بۆ هەمیشە سەری نایەوە. حەسەن زیرەک، گۆرانیبژی بەناوبانگی هەموو چاخ و سەردەمەکانی کوردستان لە دوای تێپەڕکردنی ماوەیەک نەخۆشی و ئازار، دواجار لە نەخۆشخانەی شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد و رۆژی دواتر لەناو ئاپۆرەی لاینگران و خۆشەویستانیدا ئەسپاردەی رەوەزەکانی ناڵەشکێنە کرا.
حەسەن زیرەک جیا لەو وەسف و لێکدانەوە باش و خراپانەی بۆی کراوە، بە بڕوای من نموونەی مرۆڤێکی یاخی بوو. یاخیگەرێک لە چەشنی ئەو مرۆڤە یاخییەی کامۆ باسی دەکات؛ کەسێک کە دانی بە پووچی جیهاندا ناوە و بەم هۆیەوە بە ئازادییەکی رەها گەیشتووە بەڵام لە لایەکی دیکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم پووچیە بەردەوام لە جووڵە و نەسرەوتن دایە.
لایف ستایل حەسەن زیرەک زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو مرۆڤە یاخییەی هەیە. ئەگینا ئەستەمە کەسێک کە لە ئێزگەکانی رادیۆ هێندەی سەرۆک و بەرپرسە باڵاکان مووچە وەردەگرێت (بە گوێرەی هاوکارانی) و ئەم هەمووە لاینگرەی و هەبووە، دەبوو هاوشێوەی گۆرانیبێژ و زۆرێک لە هونەرمەندانی ئێستا لە کۆشک و تەلارە بریقەدارەکاندا ژیابایە و دەیان فیلم و وێنە لە سەردەمی پیربوون و تەنانەت مەرگەکەی لەبەر دەست بایە. بەڵام ئەوەی وا دەیبینین مرۆڤێکە تا بڵێی هەناسەسارد و لە هەمانکاتدا مرۆڤێک کە شوێنێکی بچووکیش لە بەفیڕۆچوویی لە ژیانیدا نابینین. ئەم دوو هێڵە لێکدژە، دوو هێڵی هاوتەریبی ئۆنتۆلۆژیای مرۆڤی یاخییە.
ژیانی لەو چەشنە لە ئاستی گشتیدا لەوانەیە ئەستەم بێت و ئەگەر هەیە زۆریش لۆمە بکرێت، بەڵام لە ئاستی هونەر و هزریندا پێدەچێ لایف ستایلێکی گونجاو بێت. چاوخشاندنێک بەسەر ژیانی ئەو کەسانەی مێژوو لە دڵی خۆیدا پاراستوونی ئەم ئیدعایەمان بۆ پشتڕاست دەکاتەوە.
بەرز و پیرۆز بێ یاد و ناوی هونەرمەندی یاخی و نەمر، حەسەن زیرەکی هەمیشە زیندوو.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved