29/6/2021 03:46 PM

پەنابەرێکی کورد مەدالیای بوێری وەردەگرێت

چیا رەبیعی، پەنابەری کوردی خەڵکی مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە رۆژی هەینیی رابردوو لەگەڵ چەند کەسی دیکە رووبەڕووی هێرشبەرێکی خەڵکی سومالی بووەوە، لەلایەن سەرۆک حکومەتی ناوچەی باواریای ئەڵمانیاوە مەداڵیای بوێری پێبەخشرا. «مارکوس سودر»ـی سەرۆک حکومەتی ناوچەی باواریا سەردانی شوێنی رووداوەکەی کرد و مەدالیای بوێری بەخشیە ئەم گەنجە کوردە. ئەم بەرپرسە حکومیە بە چیای گوت: «تۆ ئەوەندە بوێر بوویت کە گیانی خۆتت خستە مەترسییەوە بۆ بابەتێک کە لەڕاستیدا ئەرکی تۆ نەبوو و ئەمەش مایەی دڵخۆشییە».
چیا دەڵێت ئامانجی من لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم پیاوە تیرۆریستە ئەنجامدانی ئەرکێکی مرۆیی بوو. ئەم پیاوە سێ ژنی کوشتبوو و بەتەما ئەوەی دێتە سەر رێی بە چەقۆ بیکوژێت و من کە ئەو دیمەنەم بینی خۆم پێ نەوەستا و ئەگەرچی نەمتوانی چەقۆکەی لێ بسێنم بەڵام بە خۆمەوەم سەرقاڵ کرد هەیا هێزەکانی پۆلیس گەیشتنێ و بەم جۆرە بەرگیریم کرد کە کوژرانی کەسانی دیکە.
ئەو گەنجە تەمەن ٢٤ ساڵەی خەڵکی سومالی بە دزینی چەقۆیەک لە دووکانێک لە شار وۆرزبۆرگ هێرشی کردە سەر خەڵک و لەدوای کوشتنی سێ ژنی تەمەن 24، 49 و 82 ساڵ و بریندارکردنی لانیکەم ٧ کەسی دیکە لەلایەن خەڵک و پۆلیسەوە دەستبەسەر کرا. لەو ڤیدیۆیانەی لە شوێنی رووداوەکە بڵاو بوونەتەوە دەردەکەوێت کە چیا بە بێ ئەوەی هیچ جۆرە چەکێکی پێ بێت و تەنها بە جانتاکەی هەوڵ دەدا ئەو بکوژە لە کارەکەی پاشگەز بکاتەوە.
چیا لەدرێژەدا دەڵێ من گیانی خۆم بۆ کەسانێک خستە مەترسییەوە کە چەند ساڵە لە وڵاتەکەیاندا دەژیم و داڵدەیان داوم. ئەم گەنجە کوردە تەمەنی 42 ساڵە و 18 مانگە لە ئەڵمانیا دەژیت و پێشتر شۆفێر تەکسی بووە و ئێستا لە کەمپی پەنابەراندا سەرقاڵی خوێندنی زمانی ئەڵمانییە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved