1/7/2021 06:28 PM

زیانەکانی وەرزش کردنی لەڕادەبەدەر

وەرزش کردن بێگومان یەکێک لە باشترین رێگاکانە بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتیی جەستە بەڵام زێدەڕۆیی لەم کارەشدا دەتوانێ هەندێک زیانی لێبکەوێتەوە. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کە مەبەست لە وەرزش کردنی لەڕادەبەدەر چییە؟
ئەم بابەتە پەیوەندی بە هەندێک فاکتەری وەکوو تەمەن، دۆخی تەندروستی و جۆری وەرزش و راهێنانەکەوە هەیە. بەگشتی، کەسانی گەورەساڵ دەبێ هەفتەی 5 کاتژمێر وەرزشی سووک و یان 2 کاتژمێر و نیو وەرزشی قورس ئەنجام بدەن. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە زێدەڕۆیی کردن لەم رادەیەی باسی لێوە کرا، سوودێکی زیاتر بە جەستە ناگەیەنێت. توێژینەوەیەکی ناوازە دەریخستووە ئەو کەسانەی وەرزشە سووک و مامناوەندەکان ئەنجام دەدەن بەنیسبەت ئەو کەسانەی وەرزش ناکەن کەمتر لەگەڵ مەترسیی مەرگ رووبەڕوو دەبنەوە. بەڵام لە وەرچەرخانێکی سەیروسەمەرەدا، ئەو کەسانەی زێدەڕۆیی دەکەن لە ئەنجامدانی وەرزشە قورسەکاندا، بە ئەندازەی ئەو کەسانی وەرزش ناکەن تووشی مەترسیی نەخۆشی و دواجار مەرگ دەبن.
وەرزشە قورسەکان رێگە بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و دەمار خۆش دەکات، دیواری ماسولکەکان ئەستوور دەکات و هۆکارە بۆ برینداربوونی ئەندامەکانی ناوەوەی جەستە. ئەم مەترسییە زیاتر رووبەڕووی ئەو ژنانە دەبێتەوە کە هەموو رۆژێک بە ماوەیەکی زۆر وەرزشە قورسەکان ئەنجام دەدەن.
ژنانە بە تایبەتی رووبەڕووی مەترسییەک دەبنەوە بە ناوی «سیانەی ژنی وەرزشوان» کە بریتین لە: لەناوچوونی سووڕی مانگانە، لەدەستدانی مەوادی کانگەیی ناو ئێسک و نەخۆشییەکانی پەیوەندیدار بە خۆراکەوە. ئەنجامدانه وەرزشە قورسەکان لە پیاواندا رادەی حەزە جنسییەکانیان کەم دەکاتەوە و کەوابوو رێژەی هۆرمۆنی تێستێسترۆن لە جەستەیاندا دادەبەزێت.

 

سەرچاوە: yahoo

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved