4/7/2021 06:29 PM

بەهێزبوونەوەی تالیبان و سەرهەڵدانەوەی توندوتیژیی کۆمەڵایەتی

لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ خەریکی جێهێشتنی ئەفغانستانن، بزووتنەوەی تالیبان لە زۆربەی ناوچەکانی ئەم وڵاتە ئیزن بە ژنان نادات بە تەنها لە ماڵ بچنە دەرەوە و پیاوانیش ناچار دەکات ریش دابنێن. تالیبان لەم هەفتانەی رابردوودا چەندین هێرشی بەربڵاویان لەدژی هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان ئەنجام داوە و دەیان ناوچەی ئەم وڵاتەیان خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە کە بە گوێرەی سەرچاوەکان دەبێتە نزیکەی 40٪ خاکی ئەفغانستان. بەرپرسانی ئەم ناوچانە دەڵێن قوتابخانەکان خەریکە دادەخرێن و یاساکانی پێوەندیدار بە ژنان خەریکە جێبەجێ دەکرێنەوە.
گرووپی تالیبان تا ساڵی 2001 و بە ماوەی چەندین ساڵ حوکمڕانیان بەسەر ئەفغانستاندا دەکرد و لەم ماوەیەدا کۆمەڵێک یاسای توندڕەوانەیان بەسەر کۆمەڵگای ئەفغانستاندا سەپاندبوو. بەپێی ئەم یاسایانە کچان مافی خوێندنیان نەبوو و ژنان نەیاندەتوانی لە دەرەوەی ماڵ کار و پیشەیەکی تایبەتیان هەبێ و تەنها دەیانتوانی لەگەڵ مێرد یان برا یان باوکیان سەردانی دەرەوە بکەن، ئەویش بە حیجاب و سەرپۆشەوە.
هێزەکانی ئەمریکا پاش 20 ساڵ بنکەی سەربازیی «بگرام»ـیان رادەستی هێزەکانی ئەفغانستان کردووەتەوە. ئەم رووداوانە لە کاتێکدا روو دەدەن لە هەندێک لە کارناسان هۆشداری دەدەن کە بە جێهێشتنی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکا و هێزەکانی ناتۆوە، ئەم وڵاتە رووبەڕووی کارەساتی مرۆیی بێتەوە و حکومەتی ئێستای ئەم وڵاتە بڕووخێت. جێی ئاماژەیە تاقمێک لە ژنانی ئەفغان لەدژی هێرشەکانی تالیبان، بە شێوەی خۆڕسک، دەستیان داوەتە چەک.

 

سەرچاوە: thesun

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved