12/7/2021 06:11 PM

کەم‌خەوی ئەگەر تەنها بۆ شەوێکیش بێت مەترسیدارە

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە یەک شەو کەم‌خەوی یان بێ‌خەوی تەندروستیی دەروونی و جەستەییتان ئاڵۆز دەکات. «سۆمی لی»، یەکێک لە توێژەرانی ئەم پرۆژەیە دەڵێ: «کەمبوونی بەردەوامی خەو هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی هەستە ئەرێنییەکان، بەرزبوونەوەی هەستە نەرێنییەکان و دەرکەوتنی ئاڵۆزیی جەستەیی».
بە گوتەی رێکخراوی کۆنتڕۆڵ و بەرگیری لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا، کەسانی گەورەساڵ دەبێ هەموو شەوێک لانیکەم ٧ کاتژمێر بخەون. نەبوونی خەوی پێویست رێگە خۆش دەکات بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و دەمار، قەڵەوی و لەدەستچوونی عەقڵ.
بەڵام تا ئێستا توێژینەوەیەک سەبارەت بە ئاسەواری رۆژانەی بێ‌خەوی ئەنجام نەدراوە. ئەم توێژینەوە نوێیە بە تایبەتی لەسەر ئاسەواری رۆژانەی کەم‌خەوی واتە خەوی کەمتر لە ٦ کاتژمێر چڕ بووەتەوە. ئەم توێژینەوەیە هەروەها سەرنجی ئەم بابەتە دەدات کە ئایا کەم‌بوونی خەوی بەردەوام کاریگەریەکانی روو لە زیادبوون دەنێن یان لە ئاستێکدا دەوەستن.
سومی لی دەڵێ کاتێک کەمبوونی خەو ببێتە خوویەکی رۆژانە، جەستە و زەین تواناکانی خۆیان لەدەست دەدەن و کەسەکە رووبەڕووی زەخت و ماندوویەتی لەڕادەبەدەر دەبێتەوە. کێشەکانی گەدە و ریخۆڵە، کێشەی هەناسەدان، ئێشی قوڕگ بەشێکن لە لێکەوتەکانی کەم‌خەوی. پێدەچێ بەشێک لەم کێشانە بە هۆی لاوازبوونی سیستمی بەرگرییەوە بێنە ئاراوە، چونکە بێ‌خەوی و کەم‌خەوی دژی سیستمی بەرگرییە.
کەوابوو هەوڵ بدەن سیستمی خەوتان ئاڵۆز نەبێت و ئەگەریش بەشێوەیەکی نەخوازراو تووشی کەم‌خەوی بوون با ئەم رەوتە درێژەی نەبێت.

 

سەرچاوە: CNN

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved