12/7/2021 06:14 PM

چیرۆکێکی ئاشنا و گۆڕانێک بەخێرایی کارەبا

ئه‌رێ ئه‌وه خه‌ریکی چی؟؟
چت کردووه ئه‌م چه‌ن ساڵه؟؟؟؟                                                                                   
ژنێک منێک شتێک...!!!
ئه‌وه زیاد له حه‌وت ساڵە نه‌مدیوه. دوای چاک و چۆنییه‌کی ئاسایی ئه‌م پرسیاره وەڕەزکەرانەی به‌سه‌ردا باراندم. هاوڕێیه‌کی کۆنمه، هی سەردەمی قوتابخانه. که چواڕڕییانه‌که‌م بڕی به ئۆتۆمبێلەکەوە هاته به‌ر دەمم. سه‌ره‌تا نه‌مناسییه‌وه، گووپ و شتی ئه‌ستوور ببوون و ته‌نیا به "به په‌له قسەکردن"ـه‌که‌یدا ناسیمه‌وه. لە ئۆتۆمبێلەکەی سەرکەوتم و سوورێکی ناو شارمان لێدا، پاش چه‌ن خوله‌کێک شێوەی قسه‌‌کانی گۆڕدران و بێ  ئه‌وه‌ی له لایه‌ن منه‌وه پرسیارێک بکرێت، ده‌ستی کرد به گێڕانه‌وه‌ی بەسەرهاتی خۆی. هەندێک له‌گه‌ڵی راهاتم. ئه‌و رواڵه‌ته ماف‌به‌ده‌سته‌ی سه‌ره‌تای نه‌مابوو و به راوێژێکی زۆر تراژیکه‌وه باسی خۆی ده‌کرد. ئه‌م گۆڕانە بۆ من برێک سه‌یر بوو.من هه‌ر له فکری پرسیاره‌کانی  ئه‌و دام و ئێستا بۆخۆی خه‌ریک بوو وه‌ڵامی دەدانەوە. چووینه کافه‌تریایەک و چا و جگەرەیەکی لێ میوان کردم. به‌رده‌وام باسی خۆی ده‌کرد. ورده ورده  لێی وه‌ره‌ز ببووم و ده‌مویست ده‌رباز بم.
به‌ڵام وه‌ک چۆن پارە، پارە دێنێت جاری وایه قسه‌ش قسه دێنێ. له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه منیش به ناچاری و زۆر سنووردار، باسی خۆم بۆ کرد. باسی ئەوەم دەکرد که ئه‌م رۆژانه سه‌ره‌کیترین سه‌رقاڵییه‌کەم نووسینه ‌بەڵام دۆخه‌که بۆ ئه‌م جۆره  چالاکییانه ناله‌باره و شتی لەم چەشنە؛ له لەنەکاو کوتی ئێستاش هه‌ر شیعر و شت ده‌نووسی؟!؟!؟!...منیش وه‌ک چۆن سه‌گ راده‌بێ له خه‌وه‌که‌ی، شڵه‌ژام به یه‌ک دا. به خێرایی کاره‌با چوومه‌وه سه‌رده‌می قوتابخانه‌ی دوا ناوه‌ندی. راستی ده‌کرد. ئه‌و کاتیش خه‌تێکم به لاپه‌ڕه‌کاندا دێنا به‌ڵام نه‌مده‌زانی چین و هه‌ر چه‌ن هه‌میشه له یادمن به‌ڵام بیرهێنانەوەی ئه‌و کوڕه ئه‌ویش به جۆره سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه بەڕاستی شۆک کردم.
مۆبایلەکەی هاته ده‌نگ. هه‌ندێک لێدوانی له‌گه‌ڵ پیموابێ هاوسه‌ره‌که‌ی کرد و به جۆرێکی ناشیرین دایخسته‌وه. بڕێک تێکچوو و گوتی: من ده‌بێ بڕۆم. پیمناخۆش بوو؛ چونکا خه‌ریک  بوو گه‌رمه قسه ده‌بووم و ئه‌ویش چاکی گوێ بۆ شل کردبووم، به‌ڵام خاتوونی خێزانی دیار بوو لێی تووڕەیە و ئه‌وی له من باشتر بوو.
تاریکان داهات و هه‌واش برێک ساردی ده‌نواند.کۆتاییه‌کانی خه‌زه‌ڵوه‌ر بوو. تا ماڵێ هه‌ر بیرم لهو  کوڕه ده‌کرده‌وه....
ئه‌رێ بڵێی خه‌ریکی چی بێ؟؟؟؟
بڵێی ئه‌م چه‌ن ساڵه چی کردبێ؟؟؟؟
ژنه‌که‌ی چی.....!!!!!!!

 

خاک _ پشکۆ کامەران



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved