13/7/2021 05:46 PM

گوتی: چووم بۆ ریش، سمێڵیشم دانا...

چه‌ن ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له شه‌وێکی گه‌رم و هاوینی وه‌ک ئێستادا له‌گه‌ڵ یه‌کێک له هاوڕێکانم له‌و پارکه بچووکه‌ی لای ماڵی خۆمان دانیشتبووین و باسی خۆمان بۆ یه‌کتر ده‌کرد. ئه‌و ده‌یگوت دوای ته‌واو کردنی دواناوەندی و وه‌رگرتنی دبلۆم له تاقیکاری زانکۆ به‌شداریم کرد به‌ڵام ده‌رنه‌چووم و هه‌ر بۆیه چوومه عەسکەری. ئێستا ٢ ساڵ ده‌بێ ئه‌ویشم ته‌واو کردووه و له رووی ناچارییه‌وه ده‌ستم داوه‌ته کرێکاری و ٣ رۆژ لێره ‌و ٤ رۆژ له‌وێ و به‌م شێوه‌یه ژیان ده‌به‌مه سه‌ر. به‌ڵام ده‌مهه‌وێ له‌م دۆخه رزگار بم.
جێی ئاماژه‌یه که من و ئه‌و پێش ئه‌م چه‌شنه لێدوانانه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که دوارسێ بووین په‌یوه‌ندییه‌کی ئەوتۆمان نه‌بوو و به هه‌ڵکه‌وت سڵاوێکمان لێک ده‌کرد و نه‌ده‌کرد. به‌ڵام دواتر که ئاشنا بووین و بیر و راکانمان ئاڵ و گۆڕ ‌کرد په‌یوه‌ندییه‌کی قووڵ که‌وته نێوانمان و تا ئێستاش هه‌ر درێژه‌‌‌ی هه‌یه.
له من به ته‌مه‌ن تر بوو. کوڕێکی هه‌ستیار و خاوه‌ن بیری وه‌ک ئه‌و ئاسایی بوو گه‌ر ئه‌و دۆخه ئازاری بدات و له فکری ده‌رباز بوون دا بێ. من له‌و ده‌مەدا تازه چووبوومه زانکۆ و له که‌شێکی ته‌واو خوێندکاری دا بووم و هه‌ر بۆیه پێشنیاری درێژه‌ی خوێندنم به‌و هاوڕێیه‌م کرد. ئه‌ویش دوای چه‌ن رۆژیک هاته لام و گوتی منیش پێم باشه و ده‌ستی پێکرد. وره‌یه‌کی زۆر به هێزی ده‌وێ که پاش ٤ ساڵ بگه‌ڕێیه‌وه سه‌ر وانە و کتێب، به‌ڵام ئه‌و کردی و منیش به پێی پێویست یارمه‌تیم ده‌دا. دواجار له تاقیکاریی زانکۆ ده‌رچوو و به دڵێکی یه‌کجار خۆشه‌وه پێێ نایه ناو زانکۆوه....
ئه‌و ٤ ساڵه وه‌ک شه‌وی بووک و زاوا تێپه‌ڕ بوو و ئێستا ماوه‌ی ساڵێک ده‌بێ بڕوانامه‌که‌ی وه‌رگرتووه و له سووچێکی ژووره‌که‌ی دایناوه‌. جار جار له برێک ئاوی هه‌ڵده‌کێشێ و ده‌یخواته‌وه واته  دواقۆناغی خوێندنیشی به جێ هێنا.
ئێستاش وه‌ک ئه‌و شه‌وانه‌ی چه‌ن ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، پارکه بچووکه‌که بۆته ماڵی دووهه‌ممان به‌ڵام رەنگی لێدوانه‌کان گۆڕدراون. نه‌خشه و پیلان کێشان بۆ دوا رۆژ و لیکدانه‌وەی سیاسی و ئابووری و هونه‌رییه‌کان بوونه‌ته گله‌یی و گازه‌نده و خۆسه‌رکوت کردن و هه‌روه‌ها جگەرە کێشانێکی له راده به‌ده‌ر.
هه‌ر له‌م شه‌وانه‌ی رابردوو دا بوو که گوتی: ده‌زانی چۆنه...خۆ ره‌نگه زۆر شت هۆکار بن که من پاش ئه‌م هه‌مووه خوێندنه بکه‌ومه دۆخێکی خراپتر له پێشوو...به‌ڵام...به‌ڵام ئه‌گه تۆ ئه‌و ده‌م ئه‌م رێگایه‌ت له به‌ر دەمی من دانه‌نابایه ره‌نگه تا ئێستا به کرێکاریش بووایه ژیانێکی ئاساییم ده‌سته‌به‌ر کردبایە. مێشکم زۆر ئاڵۆز نه‌ده‌بوو و له‌م قسانه....زۆر له دڵم گران هات.
له سه‌رێکه‌وه حه‌قم پێده‌دا، چونکە هاوته‌مه‌نه‌کانی ئه‌و تێکڕا زه‌ماوه‌ندییان کردووه و بگره منداڵیشیان هەبوو و له لایه‌کیشه‌وه ده‌مگوت خۆ ئه‌گه هانیشم دابێ به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌کی باش و پیرۆزی وه‌ک زانکۆ بووه. تۆ له‌وه‌گه‌رێ که به‌خته‌که‌مان ره‌شه و له سه‌رده‌مێک دا هاتینه دنیا و چووینه زانکۆ و خوێندمان، که کابرا به بڕوانامه‌ی دوکتوڕاشه‌وه هه‌ر ده‌بێ شەقام بپێوێ. لە سەردەمێکداین کە دوو تمه‌ن پاره به دووسه‌د برا په‌یدا نابێ. زار هه‌ر ده‌ڵێ ها و زگ هه‌ر ده‌ڵێ کووا!!!!
ئه‌وه‌ی راستی بێ به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو چه‌رمه‌سه‌رییه‌ی خۆمه‌وه هه‌ر له بیری ئه‌و قسه‌یه‌ دام و ده‌ڵێم ره‌نگه ئه‌و راست بکا و من نه‌ده‌بوو به‌ره‌و خوێندن و زانست و ئه‌و شته قۆڕانه‌م هان دایه و جاری واشه.....هه‌ر لێی گه‌رێ.
به‌ ده‌ردی یه‌کێک له کوڕه‌کان: حه‌ق به هه‌موومانه...

 

خاک _ پشکۆ کامەران



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved