13/7/2021 10:29 PM

گۆگڵ سزای دارایی ده‌درێت

ئاژانسی نه‌هێشتنی قۆرخكاری فه‌ره‌نسا رایگه‌یاندووه، به‌هۆی رێزنه‌گرتن له‌ مافی بڵاوكردنه‌وه‌ی نووسین و هه‌واڵ له‌سه‌ر ئه‌و پێگه‌یه‌، بڕی 593 ملیۆن دۆلار سزای داراییان به‌سه‌ر كۆمپانیای گۆگڵدا سه‌پاندووه‌.

ئاژانسی نه‌هێشتنی قۆرخكاری فه‌ره‌نسا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌: بریاری سزادانی گۆگڵ دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ ئه‌و كۆمپانیا گه‌وره‌یه‌ی بواری گه‌ڕان له‌نێو تۆڕه‌كانی ئینته‌رنێت شكستی هێنا له‌وه‌ی دادپه‌روه‌رانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ بكات كه‌ هه‌ڵده‌ستن به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ له‌سه‌ر ئه‌و پێگه‌یه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، كۆمپانیا گۆگڵ ئه‌و بریاره‌ی ساڵی 2020ی پشتگوێ‌ خستووه‌و مافی ئه‌و كه‌سانه‌ی پێشێل كردووه‌ كه‌ وتارو نووسین له‌سه‌ر ئه‌و پێگه‌یه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌و له‌ فه‌ره‌نسا نیشته‌جێن.

ئاژانسی نه‌هێشتنی قۆرخكاری فه‌ره‌نسا ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، كه‌ ئه‌و سزایه‌ به‌ جددی جێبه‌جێ‌ ده‌كرێت و پێویسته‌ كۆمپانیای گۆگڵ له‌ دوو مانگی داهاتوودا رێوشوێنه‌كانی چۆنیه‌تی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ دیاریبكات كه‌ پێشتر له‌سه‌ر ئه‌و پێگه‌ی هه‌واڵ و نووسینیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

خاك - ئاژانسه‌كان



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved