هه‌ر کات ناوی "لوویی پاستۆر"ـم گوێ لێده‌بوو زانستی بایۆلۆجی و به تایبه‌ت بابەتی "بەکتریاناسی" دەهاتەوە یادم. تا ئه‌وه‌ی که رۆژێکیان له کاتی هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ره سه‌ره‌تاییه‌کانی یه‌کێک له کتێبەکانمدا، سه‌رنجم بۆ لای دێڕێک که له سه‌رەوەی لاپه‌ڕه‌که‌وه خۆی ده‌نواند و ناوی "لوویی پاستۆر"ـی له ژێرەوە نووسراوبوو، راکێشرا. فۆنتەکەی ورد و نزیکه‌ی ده رسته ده‌بوو. پێیدا هاتم و خوێندمه‌وه. که‌سێک که ناوه‌که‌یم ته‌نیا و ته‌نیا له زانستی "کیمیا" و "بایۆلۆجی"ـدا بیستبوو ئێستا تووشی قسه‌یه‌کی هاتبووم که به‌لاومه‌وه پاڕادۆکسێکی ساز ده‌کرد و له هه‌مان کاتدا روانگه‌یه‌کی نوێی له زانست به گشتی دەدا به من. هه‌ر بۆیه ده‌گێشتمه هه‌ر یه‌ک له هاوڕێکانم بۆم باس ده‌کرد و بۆم شی ده‌کردنه‌وه که هۆی سه‌رکه‌وتنی ئه‌م جۆره که‌سانه به‌رته‌سک نه‌بوونه‌وه له بوارێکی تایبەتدایە و زانسته‌کان به گشتی لێک گرێدراون و ناتوانین لێکیان جودا بکه‌یه‌وه و کاریگه‌ریی راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆشیان له‌سه‌ر یه‌ک هه‌یه. له وه‌ڵامی ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌یانکوت: (تۆ که "کیمیا" ده‌خوێنێ به "ئه‌ده‌بیات" و "کۆمه‌ڵناسی" و به گشتی زانسته مرۆڤیه‌کان چی؟)، وه‌ک سەرچاوەیەک که‌ڵکم لێ وه‌رده‌گرت. زۆربه‌یان له‌گه‌ڵم هاوڕا ده‌بوون و به‌شێکیشیان(زۆرتر مامۆستاکانم) له به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌م دۆخه‌ی که منی تێدا بووم ده‌مانه‌وه و ئێستاش ره‌نگه هه‌ر وا بن. ئێستاش پێکه‌وه ئه‌م وته به نرخه‌ی جه‌نابی پاستۆڕ ده‌خوێنینه‌وه: «له هه‌ر پیشه‌یک دا که هه‌ن مه‌هێڵن تووشی دڵ پێسییه بێ هۆکان بن و ئیزن مه‌ده‌ن ساته‌وه‌خته ناخ‌ته‌زێنه‌کان که ڕه‌نگه بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک روو بدات، به‌ره‌و ناهومێدی راتانبکێشێت. له هێمنایه‌تییه‌که‌یک که لە "تاقیگه و کتێبخانه‌کاندا"1 بوونی هەیە، بژین. سه‌ره‌تا له خۆتان بپرسن که من بۆ وڵاته‌که‌م چیم کردووه و ئه‌و پرسیاره لای خۆتان هێنده دووپاته و چه‌ن پاته بکه‌نه‌وه تا به‌و هه‌سته که‌یف‌هێنه‌ره بگه‌ن که ڕه‌نگه ده‌ورێکی بچووکتان له پێشکه‌وتنی مرۆڤایه‌تیدا هه‌بێ. به‌ڵام هه‌ر خه‌ڵاتێک که ژیان بۆ تێکۆشانه‌کانمان بیدا یان نه‌یدا گرنگ نیه، گرنگ ئه‌وه‌یه کاتێک له کۆتایی تێکۆشانه‌که‌مان نزیک ده‌بینه‌وه، هه‌موومان مافی ئه‌وه‌مان هه‌بێ که به راشکاوی و ده‌نگێکی به‌رز هاوار بکەین: من هه‌رچی له توانامدا بووه کردوومە». 1:لێره‌دا ره‌نگه پاستۆر به پێی پیشه‌که‌ی خۆی نێوی ئه‌م دوو شوێنه‌ی هێنابێ
خاک _ پشکۆ کامەران
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure