21/7/2021 04:39 PM

فەرهەنگی دیوانی شاعیران:نالی،سالم،كوردی لەنێوان كۆنتێكست وكێڵگە واتاییەكاندا

 

 پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

فەرهەنگی دیوانی شاعیران:نالی ,سالم ,كوردی,ناونیشانی كتێبێكی زۆر بەنرخی پرۆفیسۆر محەمەد نووری عارفە,لەبڵاوكراوەكانی كۆڕی زانیاری كوردستان,ژمارە 39,چاپخانەی دەزگای ئاراس,هەولێر,ساڵی 2007 بەچاپی گەیاندووە.كتێبەكە قەبارەیەكی گەورەی زانیاری داگیركردووە وپێكهاتووە لە هەزار لاپەڕە.سستمی ئەلفابێت بەكارهاتووە ولەهەمان كاتیشدا پەیڕەوی تەواوی زانستە لێكسیكۆڵۆژییەكان كراوە.
هەڵبژاردنی ئەو سێ كەڵە شاعیرە كوردە جۆرێكە لەسەركەشی چونكە ڕاڤەكردنی دەقەكانیان لەڕێگەی زانستە لێكسیكۆڵۆژییەكانەوە ئەركێكی یەكجار قورس وگرانە ولەتوانای هەموو خوێنەرێكدا نیە.بەمانایەكی ڕوونتر گەر خوێنەر شارەزایی تەواوی نەبێت لەزمان وپێكهاتە ڕەوانبێژییەكانی عەرەب وفارس وكورد ئەوا زۆر دوور دەكەوێتەوە لەمانا ڕاستەقینەكانی دەقی ئەو شاعیرانە,ئەمە لەكاتێكدا دەقی ئەم شاعیرانە پێكهاتەیەكی فرە ڕۆشنبیرییە وپێویستی بەكەسانی زۆر پڕۆفیشناڵ وبەئەزموونە.بەپێچەوانەوە دەقەكان مافی خۆیان پێ نادرێن.ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەنووسەری ئەم كتێبە لەنزیكەوە ئاگاداری پێكهاتە ڕۆشنبیرییە دەقییەكانی ئەو شاعیرانەیە.لێرەدا,جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەوە بدرێت كەئەم كتێبە نەك هەر سەرچاوەیەكە بەڵكو سەرچاوەلێگرتنێكی(مرجع ) هەرە بەنرخی ڕاڤە دەقییەكانی شاعیرە ئاماژەپێكراوەنیشە.لەمەش زیاتر بابەتێكی زانستی لێكۆڵینەوەكانیشە,بەتایبەتی نامەكانی خوێندنی باڵا.
فەرهەنگی شیعری جیاوازە لەفەرهەنگی زمانەوانی گەرچی سەرچاوەی هەردووكیان هەر زمانە.لەفەرهەنگییە شیعرییەكاندا ماناكان خۆیان نابەستنەوە بەمانای ووشەكان بەڵكو لەووشەكاندا واتاو ومانای جیاواز دەدۆزرێنەوە.هەر لەبەر ئەمەشە فەرهەنگی شیعری یەكێكە لەگرنگترین خەسڵەتەكانی شێوازگەری وخوێنەر, بەنموونەی پرۆفیسۆر محەمەد نووری عارف,ڕۆڵی بڕیاردانی بەسەر خاوەن دەقەكانەوە هەیە بەوپێیەی ئەم خوێنەرە لەڕێگەی ڕاڤەكردنی ووشەكان وبەخشینی واتا جۆراوجۆرەكان بەدوای ڕۆشنبیریەت وژینگە ودۆخەكانی خاوەن دەقدا دەگەڕێت.بەئاڕاستەیەكی تر,خوێندنەوەی دەق وڕاڤەكردنیان لەلایەن خوێنەرە بەئەزموونەكانەوە جودا نابێتەوە لەپڕۆسەی نووسینی دەقەكان .ئەمەش جۆرێكە لەخوڵقاندنی نووسینێكی نوی ,جیاواز لەدەقە ئۆریجناڵەكە.ڕۆمانووس وشاعیر ووەرگێڕی ئەمریكی,پۆڵ ئۆستەر ( 1947 -   )ئاماژەی بەوە كردووە كە,دەرئەنجام ,خوێنەر خوڵقێنەری نووسینی دەقەكانە چونكە ئەركی خاوەن دەق نووسینی دەقەكەیە,بەڵام ئەركی خوێنەر فراوانكردنی ئاسۆی دەقەكانە,یان ووردكردنەوە وتوێكاری وگەورەكردنی دەقەكانە كەبەمە دەگوترێت "بەگەڕخستنی دەق".بەپێچەوانەوە مانا سەرەتاییەكان دەبنە دیلی دەقەكان وعەقڵی خاوەنەكانیان.لەم بارەیەوە (ماركس) ئاماژەی بەوە داوە كە چێژوەرگرتن لەهونەر پێویستی بە خاوەن ڕۆشنبیرییەكی زۆر بەهێز وباڵا دەبێت بەتایبەتی ڕۆشنبیریەتی هونەر بۆ كۆمەڵگا(امیرە حلمی:178).پرۆفیسۆر محەمەد نووری عارف,لەپێناو تێگەیشتنی دەقەكان وئامادەبوونی لەپڕۆسەی هاوڕێیەتی لەگەڵ خاوەن دەقەكاندا,هەمیشە بەدوای سەرچاوە مەعریفی وزانیاری ومێژوویی وفیكرییەكاندا دەگەڕێت .بەڵگەی ئەمەش بەكارهێنانی ئەو سەرچاوە گرنگ وزۆر وجیاوازانەیە,كوردی وعەرەبی وفارسی,كەلەكتێبەكەدا ئیشی لەسەر كراون.واتە گەرچی دەقی ئەدەبی یان شیعری بریتیە لەدەزگایەكی مەعریفی ولەسەر بنەما سایكۆڵۆژی وسۆسیۆڵۆژی وفیكری وفینۆمینۆڵۆژیاییەكان دامەزراوە بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا خوێندنەوەی خوێنەر بۆ ئەو دەقانە چێژێكی جیاواز دەخوڵقێنێت وسەرنجی وەرگر بۆخۆی ڕادەكێشێت.فراوانكردنی واتا وماناكان,لەڕێگەی زانستە لیكسیكۆڵۆژیاكانەوە,دەرفەتێكە بۆ وەرگر تا ئەویش بەشدار بێت لەپڕۆسەی فرە مانایی وبیرو هزری بەرامبەر بەدەقەكان كراوەتر بێت نەك سوڕانەوە بەدەوری تاكگەرایی مانا.لەم گۆشەیەوە,ستراتیژییەتی پرۆفیسۆر محمەد نووری عارف لەكتێبەكەیدا,بریتیە لەجەختكردنە سەر ووشە ئاڵۆزەكان, كەماناكانی بۆ زۆرینەی خوێنەر ئاشنا نین,دواتر لێكۆڵینەوە لەو ووشانە لەڕووی مێژوویی وكۆنتێكستی (سیاق) وفیكرییەوە,چونكە ئەو ووشانە بەبێ ئەو زانیاریانە بەكاری پەیوەندییەكان هەڵناسن بەتایبەتی لەنێوان دەق وخاوەنەكەی و وەرگر.ئەمەش جۆرێكە لەواتا ئاماژەییەكان كەوەرگر ڕادەكێشێت بۆ نێو دەقەكە وبەشدار دەبێت لەپڕۆسەی وەبەرهێنانی دەق.بەدیوێكی تردا,ئەم جۆرە لەستراتیژییەت هەوڵێكە بۆ دەرخستن وئاشكرا كردنی هێز وتوانای خاوەن دەق وشێوازەكەی.بۆ نموونە,لەلاپەڕە ( 233– 242) ی كتێبە ئاماژەپێكراوەكەی سەرەوەدا,نووسەر ئاماژەی بەووشەی (جام ) و(جامی جەم)داوە كەنالی وسالم وكوردی بەكاریان هێناوە.لێكدانەوەی ئەم ووشانە ئامڕازێكی یاریدەدەرن بۆ تێگەیشتنی دەقەكان,یان سەرە داو وكارئاسانییە بۆ كردنەوەی كۆدی ماناكان.لەم ووشانەدا,نووسەر پشتی بەزانیارییە فەرهەنگی وماناییە كۆنتێكستەكان بەستووە.بۆ ئەم مەبەستە, چەند نموونەیەكی شیعری نالی وسالم وكوردی هێناوەتەوە,بەڵام تەنها یەك بەیتی (نالی) دەكەینە نموونە پراكتیكییەكە ئەویش بەمەبەستی ساغكردنەوەی جامی جەم:
هەرچەندە كەعومری خزر وجامی جەمت بوو
چونكە ئەمەلت زۆرە چ عومرێكی كەمت بوو
لەدیوانی نالی(مەلا عبدالكریمی مدرس وفاتح عبدالكریم ومحمدی مەلا كریم-1976)بەم شێوەیە لێكدانەوەی بۆ كراوە"خچر ,خدری زیندە كەمەشهورە ئاوی حەیاتی خواردۆتەوە تا قیامەت نامرێ.جامی جەم:ئاوێنەكەی جەمشید كەمەشهورە هەموو دنیای تێدا بینیوە.واتە:هەر چەند عومری خدری زیندەشت بۆ بنوسرێت و وەك جەمشید خاوەن شكۆ وپایە بیت,مادام ئاوات وهیوات زۆرە وهەرگیز نابڕێتەوە وهەمووی نایەتە دی,عومرت عومرێكی كەمە,چونكە عومری زۆر ئەوەیە بنیادەم هەموئاواتەكانی تیا بێتەدی و,ئەوەش هەرگیزنابێ(دیوانی نالی:367  )
پرۆفیسۆر محەمەد نووری عارف,بەهۆی ووردكردنەوەی ووشەكان وبەستنەوەیان بەفەرهەنگ وكۆنتێكستە مێژووییەكان زانیاری تر دەخاتە ڕوو.لەم ڕووەوە دەڵێت" جام :1-پیاڵە.پێك.2- دەفرێكە لەفلزی برنج دروست دەكرێ,ئاوی تێدا دەخۆنەوە.3- پارچەی گەورەی شووشە.4-مەقامێكە لەمۆسیقای كۆن.كەدەڵێن جامی پڕ لەشیر ومەی مەبەست:أ – پیاڵەی پڕ لەئاوی كەوسەرە.ب – دەمی یار.ج – وتەیەك كەبیستنی خەڵك بێنێتە جۆش وخرۆش وحاڵ.د – شیعری باش.كەدەڵێن جامی پڕ لەمەی,واتە جامی پڕ لەشیر ومەی.كەدەڵێن جامی جەمشید,جامی جیهان نەما,جامی كەیخوسرەو,جامی گێتی نەما جامی جەم وجامی جەمشید...ئەو جامەیە كەهینی جەمشیدی پاشای پێشدادی بووە ونەخشی جیهانی لەسەر دروست كراوە,یان دەڵێن هەموو جیهانیان تێدا بینیوە...جامێ بووە كەوێنەی حەوت كیشوەری لەسەر نەخش كراوە..هەر شتێ كە بیانویسبایە لەو جامەدا دەیانبینی...جەمشید شەرابیشی داهێناوە...لەنەورۆزدا مەیان دەخواردەوە وداوای مەی وجام وگورانی بێژیان دەكرد...جەمشید (لەجامەكەیدا)بارودۆخی جیهانی لەوەدا دەبینی...جەمشید ..تووشی خۆپەرستی بوو,خۆی بەخودا دادەنا,لەبەر ئەوە شكۆ وگەورەیی نەما وزەححاك بەسەریدا زاڵ بوو..جەمشید وەكو سولەیمان خاوەنی نگین وئەموستیلە بووە...دێو وباڵندە وپەری لەژێر فەرمانی ئەودا بوون(233-242).لەم وەرگرتنانە,تێبینی جەمسەرەكانی زمانی و واتایی ومێژوویی دەكرێت,بەڵام ئەوەی نزیكمان دەخاتەوە لەبەیتەكەی نالی بریتین لە چێژە ژیانییەكان وەك مەیخواردنەوە وگێڕانی ئاهەنگ وجۆش وخرۆشی گۆرانی بێژان ,دەسەڵات تا ڕادەی خۆپەرستی ولادان لەسنوورەكانی خودا,كۆنتڕۆكردنی جیهان بەمرۆڤ وئاژەڵ وگیان لەبەرەكانەوە,كۆتایی هێنانی خۆپەرستی.هەموو ئەمانە سنووری ڕاڤەی بەیتەكە فراوانتر دەكات,بەڵكو بەیتەكە لەفۆڕمێكی وەرگێڕانەوە دەگوێزێتەوە بۆ فۆڕمێكی فرە مانایی وپرسیاركردن لەقسەكەری بەیتەكە.پرسیاركردن (التساۆلات ) لەپرسیارەكان (الاسئلە) فاكتەرێكی وزەبەخشە بۆ كردنەوەی گرێكان.پرسیارە جدییەكانیش ئەمانەن:
- ئەو بەرامبەرە كێیە كەقسەكەر (نالی) دایەڵۆگی لەگەڵدا دەكات؟خۆیەتی ,بەشێوازی مەنەڵۆگ,یان كەسانی نزیكی! – لەسەر چ بنەمایەك نالی كەوتۆتە نێو پڕۆژەی پیداگۆڵۆژییەوە(فێركاری وپەروەردەیی)!
- ئەم پڕۆژەی پیداگۆڵۆژییە بەچ مەبەستێك نمایش ونواندنی بۆ كراوە؟سۆزداری ,فەلسەفی یان مرۆڤایەتی؟
- ئەو هیوا وئاواتانە چین كەبەشی نالی ناكات ,بەڵكو پێی ناگات؟یان چی وای لەنالی كردووە ئەوەندە بێ هیوا بێت لەژیان؟
- ئایا ناوەڕۆكی بەیتەكە دەرئەنجامی شكستە سایكۆڵۆژییەكانە یان هەرەسی ژیان لەبەردەم كێشە وگرفتەكاندا؟ئەویش بەوەی ڕێگرییەكان شكست بەهیوا وئاوەتەكان دەهێنن وخاوەن ووێژدانە ڕەوشتییەكان,بەنموونەی نالی ,توانای بەرگریان نیە ولەولاشەوە ئاڵای ڕەشبینی هەڵدەكەن.بەمانایەكی تر,كێش وقەبارەی گرفتەكان زۆر زیاترن لەكێش وقەبارەی زەمەنە فیزیكییەكان.بەمەش هیوا وئاواتەكان جێبەجێ نابێت,یان لەژیاندا جێگەی سەرجەم هیوا وئاوەتەكانی مرۆڤی تێدا نابێتەوە ولەوێشەوە دوورخستنەوەی هیوا وئاواتەكان ژیان بەرەو بێ مانایی دەڕوات.ئەوەتا ,بەپێی گریمانەكان,نالی حەزی دەكرد تا دوا چركەی ژیانی لەگەڵ سالم وكوردی دا بوایە وتەنانەت گۆڕەكانیشیان بەتەنیشت یەكترەوە بونایە.ئەمە ڕووی نەدا وسالم وكوردی بەیەكەوە لەگردی سەیوان ونالی یش لەدوورە ووڵات.ڕەنگە ئەمە كەمترین هیواكانی نالی بووبێت!.نالی,بەوپێیەی كەسێكی ڕۆشنبیر وهەڵگری پەیامی هەستكردن وتێگەیشتنە بۆ شتەكان,خاوەنی هیوا وئاواتی زۆر بووە.بەڵام چەند لەگەڵیدا بڕوات ئەوا تراویلكەكانی زەمەن بەرەو جیهانێكی نادیاری دەبەن ودەرئەنجامیش,وەك خۆی دەڵێت,عومری خدری زیندوو ودەسەڵاتی جەمشیدیشم هەبێت ئەوا زەمەن وگرفتەكانی وەك پاڵەوانێكی بەكێشە ڕێگر دەبێت لەبەئەنجام گەیاندنی هیواكان ولێرەدا بۆشایی گەورە دەكەوێتە نێوان هیواكانی نالی وزەمەن چونكە زەمەن هەر جارە وبەبیانویەك شكست بەهیواكان دەهێنێت.
- كۆتایی هێنانە بە دەسەڵاتی مرۆڤە باڵا دەستەكان, بەنموونەی جەمشید لەبەرامبەر ڕەفتارەكانیان!
- ئامادەبوونی ئەو دوو كەسێتییە,خدری زیندوو وجەمشید,سەرچاوەن یان بەڵگەی مان ونەمانن.ئەویش بەوەی,مرۆڤەكان, بەخەیاڵ دەتوانن زەمەنەكان درێژ بكەنەوە وبەواقیعیش كۆتایی بەو زەمەنانە بێنن.
ئەم پرسیار وپرسیاركردنانە,بابەتی بەیتەكە,لەڕووی واتایی وڕاڤەییەوە,دەستنیشانی مەبەستێتی نێنەر ونامەكەی دەكات,ئەمەش لەكاتێكدا بەیتەكە دەچێتە نێو دۆخە سایكۆڵۆژی وفیكرییەكانەوە.گەشتەكەی نالی,هاوشێوەی سۆفییەكان,بێ كۆتاییە,یان لەبازنەیەكی كراوەدا بەدەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە و لەنێو زەمەنی ئەو گەشتەدا هیواو ئاواتەكان,بەهۆی ڕێگرییەكانەوە,شكست دەخۆن .بەمانایەكی  فۆڵكلۆری,ڕێسەكەی دەبێتەوە بەخوری وەك ئەوەی هیچی نەكردبێت.لەلایەكی ترەوە وبەهۆی ئامادەبوونی ئەو دوو كارێكتەرە دژبەیەكە,یان دیواڵیزمە(خدری زیندوو وجەمشید- بەردەوامی ونابەردەوامی-)گەمەی ژیان بەبێ ئەنجام درێژە دەكێشێت وبەردەوامیان هەیە.ئەمەش جۆرێكە لەبێ هیوایی نالی بەرامبەر بەژیان.جگە لەمانەش,گوشارە فیكری وسیاسییەكان وچاونۆكی عوسمانییەكان بەسەر دەسەڵاتی بابان دا ولەهەمان كاتیشدا دابڕان ونامۆبوونی نالی لەخاك ونیشتمان وهاوڕێ خۆشەویستەكانی,سالم وكوردی,كردارێكی ڕەشبینی وبێ هیوایی دەخوڵقێنێت.لەكۆتایشدا گۆشەگیری وئاوارەیی دەبنە چەقی ئازارەكان.هەموو ئەمانە ئەوە دەگەیەنن كەلێكۆڵینەوە زمانەوانییە تازەگەرییەكان جەخت لەسەر پەیوەندی زانستی لێكسیكۆڵۆژیا بە ماناناسییەوە (سیمانتیك)دەكات.لێرەدا دوو جۆر لەماناناسی بەدی دەكرێت,یەكێكیان مانا سروشتییەكان,وەك ئەوەی ووشەكان لەلایەن تێكڕای خەڵكییەوە بڕیاری مانایی لەسەر دراوە .ئەوی تریان مانا واتاییەكان كەخوێنەر ولێكۆڵەری لیكسیكۆڵۆژیا لەو مانا وەستاوانە مانای نوێ وتازە دەخوڵقێنێت.گەورە زانای سیمیۆڵۆژیای فەڕەنسی پییر غیرۆ (1949 -   )كاری لەسەر هەردووكیان كردووە,ئەویش بەوەی هەر ووشەیەك خاوەن مانای بنەڕەتی وتایبەتی خۆیەتی بەڵام لەو مانایە چەندین مانای تر بەرهەم دێن ( بیار غیرو:42 ).پرۆفیسۆر محەمەد نووری عارف یش,لەكتێبەكەیدا هەمان ڕێچكەی گرتووە.لەگەڵ ئەمەشدا زیاتر بایەخی بەكردنەوە وفراوانكردنی ماناكان داوە,ئەمەش نزیكمان دەخاتەوە لەقوتابخانەی كۆنتێكستی لەندەنی بەتایبەتی لەتیۆرەكەی جۆن ڕۆبیرت فێرس ( 1890-1960  ) لەكاتێكدا كردنەوەی ماناكان بەمەبەستی تێگەیشتن لەدیاردە سۆسیۆڵۆژی وفیكرییەكان بەكار دێن نەك ڕازانەوە .بۆ ئەم مەبەستە ماناكان دەچنە نێو كەسێتی خاوەن دەق وكردار وبۆچوونەكانیان(فوزی حسن: 103.بۆیە,بەلای( فێرس )ەوە ماناكان لەڕێگەی كۆنتێكستە جیاوازەكانەوە,زمانی وسۆزداری وڕۆشنبیری وهەڵوێستی,بەدەردەكەون وئاشكرا دەبن (احمد مختار عمر:68-69)بەئاڕاستەیەكی جیاواز,گەر بەلای سۆسێرەوە ووشەكان لەخۆیان بدوێن ئەوا جۆرج مەتۆری( 1908- 1998),پسپۆر لەبوار لێكسیكۆڵۆژیا, پێچەوانەی ئەمە كار دەكات و ووشەكان دەخاتە نێو چوارچێوەی پرسیارە كۆنتێكستە سۆسیۆڵۆژی وزمانییەكانەوە ( جورج ماگوری: 10-12 )واتە گەر بمانەوێت لەمانای ووشەیەك بگەین ئەوا پێویستە ئاگاداری مانا نزیك ودراوسێكانی ئەو ووشەیە بین.
كارنامەكانی ئەم كتێبە:
ئەم كتێبە هەڵگری چەند كارنامەیەكە,لەوانە:
- زانینی فیكر وبیر وبابەتی دەقەكان
- بەشداریكردن لەدەستنیشانكردنی مانا تایبەت وگشتییەكان وگەیشتن بەمەبەستێتی (قصدیە) خاوەن دەقەكان.
- ئاشكراكردنی بارە سایكۆڵۆژی وهەستییەكانی خاوەن دەق.
- یارمەتیدانی خوێنەر بۆ تێگەیشتنی دەقەكان.
لەكۆتایدا دەشێ بگوترێت,ئایا نووسین وخوێندنەوەی دەقەكان لەكۆمەڵگای كوردیدا جێگەی خۆیان كردۆتەوە؟نالی وسالم وكوردی بۆ كێیان نووسیووە وئەوانە كێن كەلەدەق وماناكانیان دەگەن؟ئایا كتێبەكەی پرۆفیسۆر محمەد نووری عارف كاری زانستی لەسەر دەكرێت یان بەبێ كراوەیی دەمێنێتەوە؟لەزەمەنی وونبونی خوێندنەوەدا ئایندەی دەقەكان وخوێندنەوەكان بەرەو كوێ دەڕۆن؟چۆن بتوانین دەستنیشانی ڕۆشنبیرییەتی دەق وخاوەنەكەی وخوێنەر, بەنموونەی پرۆفیسۆر محمەد نووری عارف,بكەین؟
پەراوێز وسەرچاوە پێویستەكان:
- أحمد مختار عمر,علم الدلالە, گ 4 ,عالم الكتب,القاهرە,1993
- امیرە حلمی مگر,مقدمە فی علم الجمال وفلسفە الفن,دار التنویر للگباعە والنشر,القاهرە,2013.
-بیار غیرو,علم الدلالە,ترجمە انگوان أبو زید,گ 1 ,منشورات عویدات,بیروت,باریس,1986.
- جورج ماگوری,منهج المعجمیە,ترجمە عبدالعلی الودغیری,منشورات كلیە اڵاداب,الرباگ,1993
- فوزی حسن,محاچرات فی اللسانیات,عمان,وزارە الپقافە,1999.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved