24/7/2021 06:21 PM

نان و ئازادی _ بەشی یەکەم

پێشەکی
سیدنی هوک (١٩٠٢-١٩٨٨) یەکێک لە فەیلەسووفە دیارە ئەمریکییەکانی سەدەی بیستەم بوو. هوک، کە یەکێک لە شاگردە بەهەستەکانی جان دێیوی بوو، ئاڵاهەڵگری کردەوەخوازی (پراگماتیزم) و دیموکراسی بوو. ئەو لە شاری نیۆرک لەدایک بوو و چەندین ساڵ لە زانکۆی نیۆرک وانەی وتەوە.
وتاری بەناوبانگی ئەو لەژێر ناونیشانی «نان و ئازادی» لە ساڵی ١٩٤٠ـدا بڵاو بووەوە واتە ئەو کاتەی کەوا ئەوروپا لەگەڵ دوو هەڕەشەی پاوانخوازانەی نازیسم و کۆمۆنیزم بەرەوڕوو بوو. رۆشنبیرانی ئەمریکی بەخێرایی هەستیان بە تۆتالیتاریزمی فاشیستی کرد بەڵام کەمینەیەکی گرنگ لەم کەسانە پێشوازیان لەم ئیدعایەی کۆمۆنیزم کرد کە خەڵک هەتا سەربەخۆیی ئابووری دەستەبەر نەکەن، نابێ نیگەرانی «ئازادییە بۆرژواییەکان»  بن. هەرچەند هوک لە ماوەی دەیەی ١٩٢٠ـدا مارکسیست بوو، بوو بە یەکێک لە بەناوبانگترین دژەمارکسیستەکانی دەیەی ١٩٣٠.
هوک لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە ئازادیی فەرهەنگی و عەقڵانی لە هەموو کۆمەڵگاکاندا سەرەڕای  دۆخی ئابووری، بابەتێکی پێویستە. ئەو بە شێوەیەکی پێشبینی‌خوازانە هۆشداری دا کەوا ئەو کەسانەی بۆ دەستەبەر کردنی نان واز لە ئازادی دەهێنن، ئەگەر هەیە یان نان یان ئازادی لەدەست بدەن. وتارەکەی ئەو، کە هەندێک لە بەشەکانی لێرەدا هاتووە، لە کۆمەڵە نووسراوەکانی ئەودا لەژێر ناونیشاننی «دەسەڵاتی سیاسی و ئازادی تاکەکەسی»ـدا بڵاو بووەتەوە.

نان و ئازادی
ئازادییەکان، وەکوو مافەکان، لەوانەیە یەکتری سنووردار و هەروەها بەهێز بکەن. سەرەڕای باوەڕگەلی جیاواز بۆ مافە رەها و لەستاندنەوەنەهاتووەکان، هیچ کەس ناتوانێ بە شێوەیەکی عاقڵانە لەسەر ئەو باوەڕە بێت کە ماف یان ئازادییەکی تایبەت دەبێ جیا لە دواهاتەکانی ئەو بۆ کۆمەڵگا و کاریگەرییەکانی لەسەر ماف و ئازادییەکانی دیکە، دابین بکرێت. ریزبەندییەکی ئەولەویەت‌ئاسا دەبێ لە نێوان ئازادییەکاندا بە فەرمی بناسرێت و دەبێ شێوازێک بۆ دەستنیشان کردنی ئەو ئەولەویەتە بدۆزرێتەوە. دەکرێ ئازادییەکان بەنیسبەت یەکتر و بەپێی بایەخێکی گشتگیر یان ئارمانی ریزبەندی بکرێن؛ هەرچەند بەپێی جەخت‌کردنەوەیەکی ورد، باسەکە باسی پلەیە کە پێوەندی بە دۆخ‌گەلێکی تایبەتی مێژووییەوە هەیە. بە واتایەک، لە سۆنگەی رستەکەی جان دەیوییەوە کە زۆر خراپ لێی تێگەیشتوون و دەڵێ: «هەر دۆخێک خێر و شەڕی تایبەت بە خۆی هەیە»، دەتوانین بڵێین کە هەر دۆخێک هەڵگری تێکەڵێک لە ئازادییەکانە کە تەنها زیرەکی و عەقڵانیەت دەتوانێ دیاریان بکات.
بۆ گەیشتن بە یاسایەکی پاساودەرانە بۆ ئەو کۆمەڵە ئازادیانەی کەوا لەژێر ناونیشانی ئازادییە سەرەکییەکان لە هەر دۆخێکدا هەڵیدەبژێرین، رەنگە هەر ئەوەندە بتوانین بڕۆینە پێشەوە کە لە حەزی بەزۆرینەکردنی رادەی ئازادی بۆ هەر تاکێک نزیکتر بینەوە. ئێمە جیهانێکمان دەوێ کە لەودا سەرجەم کەسەکان تا ئەو شوێنەی دەکرێ ئازاد بن بۆ ئەوەی کەسایەتییەکانی خۆیان لە کۆمەڵگایەکی ئاشتی‌خوازدا پەروەردە بکەن. لەناو فەرهەنگە رۆژئاواییەکاندا، قوتابخانە جۆراوجۆرە فەلسەفییەکان ئەم بایەخە لە ژێر تیشکی کۆمەڵێک گریمانەی لێکدژ سەبارەت بە مرۆڤ و جیهان لێک دەدەنەوە و بونیاتی دەنێن. بەڵام ئەوانە هەر قسەیەکی دیکە کە سەبارەت بە مرۆڤ بکرێت، لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ دەبێ بتوانێ بژاردەیەکی عەقڵانی و ئەخلاقی هەبێت رێک دەکەوەن و سەرجەم ئەو ئازادیانە رێگەپێدراون کە توانستی هەڵبژاردنی عەقڵانی و ئەخلاقی بەهێز بکەن.
دیموکراسی دادوەرانەترین و ئاشتی‌خوازانەترین شێوازێکە کە بۆ چارەسەرکردنی دژایەتیی بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی ناکۆکیی نێوان ئازادییەکان دۆزراوەتەوە. واتای ناوەندیی دیموکراسی – واتە رەزامەندییەک کە ئازادانە ئاراستە دەکرێت – لەسەر کردەوەی کۆمەڵێک لە ئازادییەکان دامەزراوە کە لێرەدا پێی دەگوترێ ئازادیی سیاسی و هەمووی ئەوانە بە راشکاوی لە پڕۆژەیاسای مافەکاندا دانەڕێژراون. بەکارهێنانی ئەم ئازادییە سیاسیانە ئەو شتەیە کەوا لە بنەڕەتەدا دەبێ وەکوو مەبەستمان لە شێوەی ژیانی ئەمریکی لەبەرچاوی بگرین. چونکە ئەم ئازادیانە ستراتیژیکن؛ ئەمانە ئەم دەرەتانە بە ئێمە دەبەخشن کە کۆمەڵێک ئازادیی نوێ بدۆزینەوە و بەرگیری لە زێدەڕۆییەکانی ئازادییە کۆنەکان بکەین. تا ئەو کاتەی ئەم ئازادیانە زاڵ بن، گۆڕان و سنووردارکردنی ئازادییەکانی دیکە توانای گەڕانەوەیان هەیه. کاتێک ئەم ئازادیانە لاواز بکرێن، هیچ ئازادییەکی دیکە ناتوانێ بێتە ئاراوە جگە لە ئیدعای دەسەڵات لەلایەن گروپێکی خۆشگوزەران خاوەن پلە. بەم هۆکارە هەر گروپێک کە بیهەوێ بەشێوەیەکی شیاو بینەری چارەسەرکردنی دژایەتیی نێوان بەرژەوەندیەکان بێت، یان دەربارەی بارودۆخێک کە لە سێبەری ئەواندا دەبێتە خاوەنی ئازادییەکانی خۆی، دەبێ بە قووڵی نیگەرانی دۆخی ئازادی ڕا دەربڕین و کۆبوونەوە، ئازادی پرسیارکردن و وانەوتنەوە، ئازادیی میدیا و جۆرەکانی دیکەی پێوەندی‌ و ئازادیی دەرفەتی فەرهەنگی و پەرەپێدان بێت؛ چونکە تا رادەیەکی زۆر هەڵبژاردنی عەقڵانی و ئەخلاقی پێوەندی بەم بابەتانەوە هەیە.
هاوشێوەی گروپەکانی دیکە لە ژیانی ئەمریکیدا، کار و کەسابەت بە دەگمەن نیشانەیەکی لە خۆی دەرخستووە کە گۆیا ئاگاداریی پێوەندیی نێوان ئەم ئازادییە ستراتیژیکانەیە. حەزی چاوپۆشی کردن لەوان بوونی بووە، مەگیم لە چەند حاڵەتدا کە بکرێت پێوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان بەپەلەترین جۆری ئەو لەگەڵ گروپێکی سنوورداری خاوەن بەرژەوەندیدا نیشان بدەیت... .
پاسیڤ بوونی رێژەیی خاونکارە ئەمریکییەکان بۆ بەهێزکردنی فەرهەنگی پێچەڵپێچی ئازادی لە روانگەی ئایدیالۆژیی خودی ئەوەوە سەرسوڕهێنەرە. هەر چەند لە تیۆریدا، ئەو زۆر جار شێوەی ژیانی ئەمریکی بە جۆرێک لێک دەداتەوە کە گۆیا هاومانایە لەگەڵ کار و کەسابەتی ئازاد، ئەگەر نەڵێین گەشەی خێرای ئەو، لە کردەوەدا، تا ئەم دواییانە بەرگرییەکی کردەوەیی لە ئازادی‌گەلێکی تایبەت کە شێوەی ژیانی ئەمریکی – بەو شێوەیەی کە بەڕاستی پێی دەژین و ئەزموونی دەکەن- پێک دێنن، بەخشیوەتە ئەو سۆشیالیست و لیبڕالانەی کە بە خەستی رەخنەگری کار و کەسابەتی ئازادن.
ئەگەر کاسبکاری ئەمریکی نەک بەپێی ئەو شتەی وا دەیڵێت بەڵکوو بەپێی ئەو شتەی کەوا ئەنجامی دەدات و ئەنجامی نادات هەڵسەنگێنین، لەو حاڵەتەدا هەندێک جار پێدەچێت کە ئەو، زەمینەیەکی هاوبەشی لەگەڵ کەللەڕەقترین دوژمنەکەی، واتە کۆمۆنیزمی دوگمی ئورتودۆکس هەیە. هەرچەند ئەمانە(ئەم دوو روانگەیە) لەسەر ئەو شتەی کەوا بنەمای ئابوورییەکی دروست لە کۆمەڵگادا دروست دەکات ناکۆکن و تێگەیشتنیان لە ئازادیی ئابووری جیاوازە، هەردوکیان لەسەر ئەو بڕوایەن کاتێک سیستمێکی ئابووری دروست جێگیر بێت، ئازادییە فەرهەنگی و سیاسییەکان، خۆیان ئاگاداری لە خۆیان دەکەن. هەردوکیان گیرۆدەی جۆرێک ئۆتۆماتیسمی مێژوویین کەوا کاسبکار تەنها بە کەم‌ و زۆر وازهێنان لە ناهاوئاهەنگی  ئەو، خۆی لە کەرەستە و پێویستیەکانی رزگار بکات،  و ئەوەش ئەو مونیزم و تاک‌بینییە هۆکردەیە کە رۆڵی ئەندێشە و ئارمانەکان بۆ دەستنیشان کردنی ئاراستەی دووبارەی مێژوو دەخاتە لاوە.
کۆمۆنیستی ئۆرتۆدۆکس لە هەر باوەڕمەندێکی دیکە، کۆکترە لەگەڵ قەدەرخوازیی ئابووری بەڵام تێچوویەکی یەکجار زۆر بۆ ئەم کۆک‌بوونە دەخاتە ئەستۆ. ئەو ئازادی لەگەڵ قەبوڵ کردنی پێویستییەکی مێژوویی و بێ‌دەرەتانییەکەی بە یەک شت دەهێنێتە ئەژمار. ئەوەی وا پێدەچێت جێگرەوەیەکی راستەقینە بێت بۆ کەمکردنەوە یان زیادکردنی رادەی ئازادی لە کۆمەڵگادا، بە رای ئەو هیچ شتێک نییە جگە لە کۆمەڵێک شەپۆل لە رەوتێکی ژێرەوەیی بەرگری‌هەڵنەگر کە ئێمە بەرەو ئابووریەکی «پێشکەوتوو» دەبات کە لە دڵی ترس و تۆقاندنی بلیمەتەکانی خۆیەوە – هەڵبژاردەی سیاسی- ئازادی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان گەرەنتی دەکات...

بەشی دووەم

بەشی سێهەم

  

خاک _ سیامەند موهتەدی

ئەو بابەتە لە فارسییەوە وەرگیراوە

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved