25/7/2021 05:22 PM

نان و ئازادی - بەشی دووەم

 

ئەمە لەڕاستیدا زۆر دوورە لە ئایدیالۆژی کاسبکاری ئەمریکی (لەو ئاستەدا کە بەهرەمەند بێت لە ئایدیالۆژی). گریمانەی ئەو ئەوەیە کە کاردانەوەی یاسا سروشتییەکان لە سیستمێکی بازەرگانیی ئازاددا، بەو مەرجەی حکومەت هەوڵ نەدات دەستێوەردانیان تێدا بکات، بەپێی پێویست لەگەڵ خودی پێکهاتەکە، هەموو ئازادییەکانی دیکەی ئێمە دەستەبەر دەکات. ئەگەر روونی بکەینەوە کە ئەو گریمانە و وێنایە چ دەرەنجامێکی لێدەکەوێتەوە، جیهانبینێکی زۆر جیاواز لە ماتریالیزمی دیالکتیکی لێ بەرهەم نایەت.
ئەگەر ئارگیۆمێنتەکەی ئێمە دروست بێت، ئیتر تایبەتمەندیی سیستمی ئابووری هەر شتێک بێت، نابێ هەرگیز ئازادیی فەرهەنگی بە گریمانە بگرین. دەبێ بەردەوام تێبکۆشین بۆ ئەم شتانە. سیستمێکی ئابووریی تایبەت لەوانەیە هاتنە ئارای ئازادییە سیاسی و فەرهەنگییەکان لەناو ببات، بەڵام دەستەیەک لە دەرەتانەکان لەگەڵی دەگونجێن کە وەدیهاتنەکەیان پێویستی بە بژاردە و بەرپرسایەتی‌گەلێکی ئەخلاقی هەیە. باوەڕمەندبوون بە ئابووریی بازاڕی ئازاد بەرابەر نییە لەگەڵ باوەڕمەندبوون بە کۆمەڵگایەکی ئازاد... . لە ئابووریدا، وەکوو هەر لایەنێکی دیکە لە رەفتاری مرۆیی، بڕیارە بنەڕەتییەکان بڕیارگەلێکی ئەخلاقین کە ئاگامەندانە و نائاگامەندانە، عەقڵانی و ناعەقڵانین. ئەگەری ئەوەی کە ئەم بڕیارانە هەڵقوڵاوی زانست و ئاگاهی و عەقڵانی بن تا رادەیەکی زۆر پێوەندی بە رادەی سەرهەڵدانی ئازادییە ستراتیژیکەکانەوە هەیە لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدا.
باوەڕی کاسبکاری خاوەنکار، کە زۆر جاران ئاوا دەردەبڕدرێت کە ئازادی ریشەی لە کەسابەتی ئازاددایە، کاتێک لەگەڵ کێشەی بەهێزکردنی ئازادی لە ناوچە خەمۆکەکانی جیهان رووبەڕوو دەبێتەوە، ئیفلیجی دەکات و بەرەو پاسیڤ‌بوون و لانیکەم داماوی دەبات. چونکە ئەو بە خەستی لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ئازادی (واتە دیموکراسی) بە بێ بنەمایەکی ئابووریی هاوشێوەی ئەمریکا نایەتە ئاراوە، زۆر جاران بڕوایەکی کەمی بە هەر چەشنە پلانێک هەیە کە بۆ نموونە ئاسیا وەکوو ناوچەیەکی ناکۆمۆنیست رابگرێت. بڕواکەی ئەو ئەگەرچی بنەمایەکی جیاوازی هەیە بەڵام زۆریش جیاواز نیە لەو باوەڕانەی کە هەندێک لە ئەندامانی وەفدی نێردراو بۆ کۆنگرەی هیندیی ئازادیی فەرهەنگی هەیانە. ئەم وەفدە، کە بەگشتی لەگەڵ ئامانجەکانی کۆنگرە زۆر هاوڕا بوون، پرسیاریان کرد: «باس کردن لە ئازادی بۆ کەسێک کە خەریکە دەمرێت چ سوودێکی هەیە؟ لە شوێنک کە هەژاریی وەها پەرەی بەربڵاوە کە خەڵک تەنانەت ناتوانن چێژ وەربگرن لە ئازادیەکانی وەها ژیانێک، لێدوان سەبارەت بەو هەڕەشانەی لەدژی ژیانی عەقڵانی و فەرهەنگین چ سوودێکی هەیە؟»
ئەو پرسانەی پرسیاری لەم چەشنە دەخاتە روو، بۆ خەبات بۆ ئازادی جێی باسن؛ نەک لە ئاسیا بەڵکوو لە هەر شوێنێکی دیکەی جیهان کە دژواری و داماویی ئابووری زۆرە. ئەم پرسیارانە بە چڕی لەو شوێنانە بوونیان هەیە کە پرۆپاگاندای کۆمۆنیستی دۆخی ئابووری دەخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە بۆ ئەوەی ئەو کەڵکەڵە دیموکراتیکەکان بۆ ئازادی، وەکوو حەزی بەردەوامبوونی بەهرەمەندیی فرهەنگی چینی خۆشگوزەران، رەد بکاتەوە. لەڕاستیدا کردەوە و دەسکەوتەکانی کۆمۆنیزم جگە لەوەی لە بەڵێنە کۆمۆنیستییەکان کەمترە، بەڵکوو لە کاردانەوەی دیموکراتیش لەخوارترە. بەڵام بەداخەوە ئەم شتە کاتێک لەلایەن تامەزرۆیان و باوەڕمەندان بە کۆمۆنیزمەوە دەدۆزرێتەوە کە ئازادییەکانیان لەناوچووبێت. کەوابوو گرنگە ئەم بابەتانە روون بکرێنەوە؛ بەتایبەت لەو رووەوە کە کۆمەڵێک بەڵگە هەن کە زۆرینەی ئەوروپییەکان و تەنانەت ژمارەیەکی زۆر لە ئاساییەکان قەناعەتیان بەم ئارگیۆمێنتە هێناوە.
ئایا ئانتی‌تێزی نێوان نان و ئازادی شەرعیەتی هەیە؟ ئایا بە قوربانی‌کردنی ئازادیی فەرهەنگی و عەقڵانی، بە رەدکردنەوەی ئەمانە وەکوو کۆمەڵێک کاڵای مەعنەوی کە بە شێوەی ئۆتۆمات پاش دابین بوونی پێویستییە سەرەتاییەکان لە داراییەکانی مرۆڤ زیاد دەبێت، دەکرێ نانێکی زیاتر بەرهەم بهێنرێت؟
وەرن لە مرۆڤێکەوە دەست پێبکەین کە لە برسان خەریکە دەمرێت. بێگومان قسە کردن لە ئازادیی فەرهەنگی بۆ کەسێک کە خەریکە دەمرێت بێ‌سوودە. هەر بەم پێیه، قسەکردن سەبارەت بە خوێندن، تەندروستی، ستەم لەدژی ژنان و مناڵان، چاکسازیی کۆمەڵایەتی و تەنانەت خۆشەویستی بۆ خودا بی‌سوودە. ئەو کارەی کە دەبێ بۆ مرۆڤێکی برسی ئەنجام بدرێت، تێرکردنی ئەوە. بەڵام جێی ئاماژەیە کە ببینین ئەوانەی کە ناڕەزایەتی دەردەبڕن لەدژی قسەکردن سەبارەت بە ئازادی بۆ خەڵکێک کە خەریکە دەمرن، خۆیان هیچ خۆراکێک نادەنە ئەوان و خۆشیان بە قەناعەت ناگەیەننن کە پشتیوانی لەو کەسانە بکەن کە خۆراک دەدەنە ئەم خەڵکە برسیە. لە بری ئەوە باسی شتی دیکە دەکەن؛ ئاراستەکردنی چارەسەر و دەرمانی خەیاڵی، پشتیوانی کردن لە پلان‌گەلێک کە پێویستیان بە کەڵکەڵە بۆ زۆرێک لە بابەتە باڵاکان هەیه، جگە لە ئازادی. ئەگەر بمانهەوێ زۆر رووت قسە بکەین، ئارگیۆمێنت لەدژی باس‌کردن سەبارەت بە ئازادی لەگەڵ خەڵکێک کە لە برسان خەریکە دەمرن، بەگشتی هیچ شتێک نییە جگە لە پاساودانەوەی جۆرێک ستەم و سەرکوتی فەرهەنگی... .
کێشەی سەرەکی بریتییە لە تێگەیشتن لە پێوەندیی نێوان نان و ئازادی. بەڵام بەر لەوەی باسیان بکەین، دەبێ چەند پرسیاری سەرەتایی تاوتوێ بکەین.
یەکەم ئەوەی کە، تەنانەت ئەگەر قەبووڵی بکەن کە نان مەرجی سەرەکییە بۆ ئازادی، ئەوە خۆی لە خۆیدا تەواو نییە کە هەر چەشنێکی تایبەت لە پلانی کۆمەڵایەتی پاساو بداتەوە یان کەمتەرخەمی بەنیسبەت بەرگری لە ئازادی پاساو بداتەوە. چونکە باوەڕمەندان بە بازەرگانیی ئازاد، کۆمەڵ‌خوازی، حکومەتی خۆشگوزەرانی و ئابووری تێکهەڵکێش، هەموویان بە یەک رادە لەسەر ئەو بڕوایەن کە تەنها لە رێگای ئەو سیستمانەی کە ئەوان پشتیوانی لێدەکەن دەکرێ نان بە شێوەیەکی کارا بەرهەم بهێنرێت و دابەش بکرێت. مەگیم کەسێک بیهەوێت ئیدعای پاکی (پێغەمبەرێتی) بکات، ئەگینا مافی خەڵک بۆ هەڵبژاردنی ئەوەی کە کامە سیستمی ئابووری ئاوڕ لە پێوسیتییە مادییەکانی ئەوان دەداتەوە، کورت ناکرێتەوە و ئەم مافی هەڵبژاردنی ئازادانەیە، هەر وەک بینیمان، لەگەڵ خۆی کۆمەڵێک مافی دیکە دەهێنێت کە ئەگەر ببن بە کردەوە، دەبێتە بەشێکی بەرچاو لەو شتەی کەوا ئێمە بە ئازادیی فەرهەنگی و عەقڵانی دەهێنینە ئەژمار.
دووەم ئەوەی کە، لە جیهانی پێچەڵپێچی ئێمەدا بێگومان راستە کە زۆرینەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ یەک لە پێوەندیدان. بەڵام ناکرێ بەو دەرئەنجامە بگەین کە دەکرێ هەموویان بە جارێک چارەسەر بکەیت و بێ‌سوودە ئەگەر کاتەکانمان یەک لە دوای یەک تەرخان بکەین بۆ کێشەگەلێکی تایبەت. ساڵانێک بەر لە ئێستا ئەو کاتەی کۆمەڵێک ئەنجومەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی کاری مناڵان دامەزران، هەندێک لە نووسەران زۆریان رەخنە ئاراستەی ئەم هەوڵانە کرد و دەیانگوت تێکۆشان بۆ لەناوبردنی کاری مناڵان تا ئەو کاتەی کۆی ئەو بارودۆخانەی کەوا هۆکارن بۆ کاری مناڵان لەناو نەچێت، بێ‌سوودە. بەڵام ئەگەرچی بەدڵنیاییەوە ناکرێ بڵێین هۆکارەکانی هاتنە ئارای کاری مناڵان بەگشتی لەناو چوون، بەڵام کاری مناڵان تا رادەیەکی زۆر لە رێگەی ئەو هەوڵانەی بۆ ئەو مەبەستە تایبەتە ئەنجام دراوە، هەڵوەشایەوە. هۆکارە کۆمەڵایەتییەکانی نەخوێندەواری، پێشێل‌کردنی ئازادییە مەدەنییەکان و ستەم لەدژی مناڵان زۆر و پێچەڵپێچن بەڵام زۆر نەفامانەیە کە هەوڵەکان بۆ پەرەسەندنی خوێندەواری، پارێزگاری لە ئازادییە مەدەنییەکان و بەرگیری لە رەفتاری نامرۆیی لەدژی مناڵان لەسەر ئەم ئەساسە بدرێتە بەر رەخنە کە تا ئەو کاتەی هۆکارە بنەڕەتییەکان لەناو نەچن – هۆکارگەلێک کە لەسەر جەوهەر و چییەتیەکەیان کۆدەنگییەکی گشتی بوونی نییە – هیچ کارێک یان کارێکی زۆر ناکرێ ئەنجام بدەیت... .

 

بەشی یەکەم

بەشی سێهەم

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved