26/7/2021 07:47 PM

نان و ئازادی- بەشی سێهەم

خاڵی کۆتایی وەکوو هۆشدارییەک بۆ ئەو کەسانە پێویستە کە بە شێوەیەکی ساویلکانە لەسەر ئەو بڕوایەن چاکسازیی کۆمەڵایەتی خۆی لە خۆیدا تەواو و تۆکمەیە بۆ بەرگیری کردن لە لەناوچوونی ئازادیی فەرهەنگیی بە هۆی پەرەسەندنی هێرشبەرانەی تۆتالیتاریزمی کۆمۆنیست لە خەباتیدا بۆ زاڵبوون بەسەر جیهاندا. هیچ کەس ناتوانێ نکۆڵی لەو رۆڵەی کە ئابووری لە بەدەسەڵات گەیشتنی هیتلەردا گێڕای بکات. بەڵام کاتێک گەیشتە دەسەڵات هیچ کام لەو پلانانەی «مادەی چوار» لە جیهاندا نەیدەتوانی لە بەرامبەر داگیرکاریەکی جیهانی کە وەگەڕی خستبوو بوەستێتەوە. هەر چی بوو، ئەمانە تەنها ئیشتیای ئەویان زیاد دەکرد. دۆخی کۆمەڵایەتی لە دانیمارک، بەلژیکا، نەرویج و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوایی بەدڵنیاییەوە لە دۆخی ئەڵمانیا باشتر بوو، بەڵام هیچیان نەیانتوانی رێگری لە هیتلەر و ستالین بکەن.
لە دۆخی ئێستای پێوەندییە ناودەوڵەتیەکاندا، چاکسازییە کۆمەڵایەتییەکان بەدڵنیاییەوە لە هەر جێیەک کە پێویستی و هەژاریی درێژخایەن بوونی هەبێت، پێویستن. بەڵام ئەو کەسانەی دەڵێن کاتێک زاخەخانەکانی لەندەن و بومبای تەخت کران ئینجا ئازادی خۆی دەتوانێ ئاگاداری لە خۆی بکات، لە جەوهەری تۆتالیتەریی مۆدێرن بێ‌ئاگان. سەرچەشنی پرۆژە بیناسازییەکانی ڤیەنای سۆشیالیست، نە توانیان رێگری لە گاردی نەتەوەیی دولفوس بکەن و نە بەرگیریان لە سەربازانی ئێس ئێسی هیتلەر کرد.
بێ‌هۆ نییە کە جگە لە بارودۆخی تایبەت وەکوو رووداوی سروشتی بۆ نموونە وشکەساڵی و لافاو، وا پێدەچێت پێوەرە بەرزەکانی ژیان لەو وڵاتانەی کە ئازادیی فەرهەنگی و عەقڵانی لە ئاستێکی بەرزتردایە، زیاتر سەرهەڵدەدا و پەرەسەندووترە. هەڵبەت ئەم دادوەرییە رێژەییە؛ چونکە پێوەرەکانی ژیان لەوانەیە کارکردی بوون یان نەبوونی سەرچاوە سروشتییەکان بن و بۆ ئەوەی کە بەراوردەکان شتێک بە ئێمە بڵێن، دەبێ لە نێوان نەتەوەگەلێکدا ئەنجام بدرێت کە توانستە فیزیکاڵەکانیان رەنگاڵەییەکی زۆری نەبێت...بەڵام کاتێک ئەم خاڵانە لەبەر چاو بگرین، ئاشکرایە کە پێوەندییەکی یەکجار زۆر لەنێوان ئازادیی و ناندا بوونی هەیە. بەڵام راستیی گرنگ ئەوەیە کە جووڵە و شوێن گۆڕینی حەشیمەتەکان بۆ دۆزینەوەی ژیانێکی مادی باشتر، هەمیشە بەرەو وڵاتانێکە کە لەواندا هەرێمێکی فەرهەنگی و عەقڵانیی ئازادتر دەستەبەر دەبێت.
کاتێک خەڵک گیرۆدەی رەنجن، دەربازبوونی خێرا لە رەنج دەبێتە خاڵی ناوەندیی ئەوان. هەر بەو جۆرەی وا کەسێک کە ددانی دێشێت، دەربازبوون لەگەڵ بوونی ددانی تەندروست بە یەک شت دەزانێ، ئەوانیش لەوانەیە ئەم دەربازبوونە لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی بە یەک شت بزانن. لە وەها بارودۆخێکدا لەوانەیە بە وردی سەرنجی ئەو کەرەستانە نەدەن کە بۆ دەربازبوونیان پێشنیار دەکرێت و لەوانەیە بڕوا بە هاندان و چەپڵەلێدانی پۆپۆلیستەکان بکەن کە: «کاتێک برسی بن، دەتوانن ئازادی بخۆن؟ دەتوانن ئازادی دەرخواردی مناڵەکانتان بدەن؟ ئازادی گەرمتان دەکاتەوە؟» کەوابوو، جێی خۆیەتی کە پرسیار بکەین ئایا لەڕاستیدا دۆخی ئابووریی کۆمەڵانی خەڵک لە ئاکامی لەناوچوونی ئازادییە فەرهەنگی و سیاسییەکاندا باشتر بووە یان نا... .
هەندێک جار ئەو کەسانەی نان و ئازادی دەخەنە بەرامبەر یەکتری پێشنیار دەکەن کە بەتەواوەتی ئەگەری ئەوە هەیە بۆ هەبوونی ئەمنیەتی پیشەیی و خانوو و بەهرەمەندبوون لە پشکی خوێندن و فێرکاری و بیمەی تەندروستی، ئازادی بدەن بە دەستەوە. بەڵام دیسانیش بیرکردنەوەیەکی ئاسایی، بێ‌بایەخبوونی وەها جیاکارییەک لە نێوان ئازادی و ئەمنیەتدا دەردەخات. چۆن دەکرێ ئەمنیەتی راستەقینەت هەبێ هەتا ئەو کاتەی دەسەڵاتێکی دڵخواز – چ دەسەڵات خاوەنکار بێت و چ دەسەڵاتی گرووپێک یان بەتایبەت دەسەڵاتی حکومەت وەکوو خاوەنکار – پابەند بە مەرجەکانی پرۆسەگەلی دیموکراتیکی کارای ئازاد نەبێ؟  
قووڵترین وانەی سەردەمی ئێمە ئەوەیە کە لەڕاستیدا بەبێ ئازادیی سیاسیی هیچ چەشنە ئازادییەکی دیکەت نابێ، بەڵکوو تەنها بەکارهێنانی نادڵنیا و خەمۆکی بەخشش‌گەلێکمان دەبێ کە لە هەر ساتێکدا لەوانەیە لەنەکاو بوەستێن و هیچ کەس لە بەرامبەر ئەو کەسانەی بە هۆی ئەم بڕیارانەوە زەرەرمەند دەبن وڵامدەر نابێت.
ئەم وێنایە کە دەبێ سەرەتا هەوڵ بدرێت بارودۆخی کار باش ببێت و ئینجا لەسەر ئازادی چڕ ببینەوە، بەڕاستی بۆ خودی کرێکاران – هەر کات بتوانن بژاردەی دڵخوازانەیان هەبێت – نامۆیە. چونکە ئەوان بەپێی ئەزموونی خۆیان فێر بوون کە بە بێ بوونی سەندیکای پیشەیی ئازاد، ئەم چاکسازیانە لە بارودۆخیاندا، دەکرێ بە هۆی یاسایەکی هەڕەمەکیەوە هەڵبوەشێتەوە. بە بێ بوونی سەندیکای پیشەیی ئازاد، بە بێ مافی را دەربڕین، کۆبوونەوە، میدیای ئازاد بۆ دژایەتی لەگەڵ خاوەنکاران – چ ئەم کەسانە سەر بە کەرتی تایبەت بن و چ بەرپرسانی گشتی - ، بەشداری لە دەستنیشان کردنی بارودۆخ و پاداشتەکانی کار، لە باشترین حاڵەتدا گاڵتەجاڕیە و زۆر جاران هیچ شتێک نین جگە لە ئامرازێکی یاسایی بۆ سەپاندنی سیستمێک لە کاری زۆرەملی. لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە ئازادیی سیاسی بوونی نییە، کارکردی سەندیکا پیشەییەکان ئەوە نییە کە پارێزگاری لە کرێکار بکەن یان خەبات بکەن بۆ بەرژەوەندییەکانی،  بەڵکوو مەبەستیان بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانە کە لە دابەشکردنیدا بەهەڵکەوت خودی ئەو هیچ رۆڵێکی نییە. کرێکار بە بێ ئازادیی سیاسی، بە بێ ئەوەی ئەمنیەتی هەبێت، دەبێت بە کۆیلەی دزگا و مەکینەی بەرهەمهێنان، سەرەڕای فۆرمە یاساییەکانی خاوەنایەتی.
ئەوە دەریدەخات کە هەڵەیەکی گەورەیە کە گریمانەکەمان ئەوە بێت ئازادی تەنها کەڵکەڵەی چینی بلیمەت و تێکنۆکراتە کە کارەکەیان دروستکردن و بڵاوکردنەوەی ئەندێشەکانە. تەنانەت لەوە هەڵەتر ئەو روانگەیەیە کە لای وایە ئازادی ئەو شتەیە کە دەبێ تەنها لەپاش دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانیی تەواودا دەستەبەر بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانی چێژی لێوەربگریت. لەڕاستیدا تەنانەت ئەگەر رێکلامەکانیش ئیدعا بکەن، هەر کەسێک لە ژیان و کاری رۆژانەیدا پشکێک لە ئازادی هەیە. تەنانەت نووسراوەکانی مارکسیش بە جەخت‌کردنی تەواوەوە ئانتی‌تێزی نێوان نان و ئازادی رەد دەکەنەوە. ئەو دەنووسێ: «پرۆلتاریایەک کە ئیزنی ئەوە بە خۆی نادات هاوشێوەی کۆمەڵانی خەڵک هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت، بوێری، متمانەبەخۆیی، سەربەخۆیی و کەرامەتی تاکەکەسیی خۆی لە نانی رۆژانەکەی بە زەروورتر دەزانێت».
راستییە مێژووییەکان هەرچی بن، بێگومان دەکرێ وێنا بکەین کە مرۆڤەکان دەتوانن ئازادییەکەیان بگۆڕنەوە بە ئاسوودەیی زیندانێکی باش کە لەودا دەتوانن زیندانبانەکەیان سزا بدەن (دۆخێک کە هاووڵاتیانی وڵاتانی پەردەی ئاسنی لێی بێ‌بەشن). ئەم شتە وێنا دەکرێت بەڵام لە باری دەروونناسییەوە، کاتێک بزانن کە خەریکە خۆیان پابەندی چی دەکەن، ئەم وێناکردنە ئەستەمە. بەڕاستی، چ کەسێک نامسۆگەربوونی ژیانی دەرەوەی زیندان و مافی کار کردن و خەبات کردن وەکوو مرۆڤێکی ئازاد، بە سەرجەم خۆراک، پۆشاک، خانوو، خزمەتگوزاریی پزیشکی و تەنانەت پشکنینێکی پیشەیی دۆستانە کە زیاتر رێکخراوە رۆشنبیرە سزاییەکان دەتوانن پێشکەشی بکەن، دەگۆڕێتەوە؟ تەنانەت ئەگەر ئەم چەشنە لە ئەمنیەت تا کۆتایی تەمەن ببەخشنە کەسێک، هیچ شتێک لە سەرنجڕاکێش‌بوونەکەی زیاد ناکات.
پێویست نییە ئیدعا بکەین کە دژکردەویەکی نائاگامەندانە بەنیسبەت ئازادی لە ناخی مرۆڤدا بۆ بەفەرمی‌ناسینی ئەم خاڵە بوونی هەیە کە ویستی ئازادی ناکرێ دابەزێتە سەر ویستی مادییەکان، سەرەڕای ئەوەی زۆر گرنگ بن. لە ئەزموونی هەڵبژاردنی بێ زۆرەملی و ملکەچی، چۆنایەتییەکی لەدابەزاندن‌نەهاتوو بوونی هەیە کە مرۆڤەکان هان دەدات کە بۆ دەستەبەرکردنی ئەو دۆخە تەنانەت گیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە. بڕیار و هەڵبژاردنەکانی ئێمە باش بن یان خراپ، عاقڵانە بن یان ناعاقڵانە، ئەگەر رێگری لەم هەڵبژاردنەی ئێمە بکرێت، وەکوو مرۆڤ هەست بە سووک‌بوون دەکەین. ئەگەر ئازادیی هەڵبژاردن لە ئێمە بسێندرێتەوە،  بەرپرسایەتی لە ئێمە دەسێنرێتەوە و سەندنەوەی بەرپرسایەتی لە ئێمە، سەندنەوە و حاشاکردنە لە مرۆڤایەتی. ئەوە شکۆی تاقانەی مرۆڤە کە ئەگەرچی دڵی بە ژیانی پڕاوپڕە لە هیوا خۆشە و هەوڵی بۆ دەدات، ئامادەیە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە مرۆڤە، بمرێت... .

 

بەشی یەکەم

بەشی دووەم

 

خاک _ سیامەند موهتەدی



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved