27/7/2021 07:38 PM

مارتین لوتەرکینگ - خەبات بۆ مافی یەکسان (بەشی یەکەم)

مارتین لوتەرکینگ
خەبات بۆ مافی یەکسان

روانگە و پاڵنەر
ئەگەرچی یاسای کۆیلەداری لە ئەمریکا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا لە ئەمریکا هەڵوەشایەوە، بەڵام رەگەزپەرەستی دەیان ساڵ دواتر درێژەی هەبوو و رەشپێستەکان ستەمیان لێدەکرا. تا نیوەی سەدەی بیستەم رەشپێستەکان ناچار بوون شوێنی گشتی و قوتابخانەی جیاواز بەکار بێنن و هەڵبەت باشترینەکان لە پاوانی سپی‌پێسەتەکاندا بوو. ئەوان بەگشتی لە بواری شوێنی نیشتەجێ‌بوون و تەعین‌بووندا تووشی هەڵاواردن دەبوون و تەنانەت لەلایەن هەندێک سپی‌پێستەوە رووبەڕووی ئازار دەبوونەوە و نەیاندەتوانی بەتەواوەتی لە مافی دەنگدانی خۆیان کەڵک وەربگرن.
چالاکانی مافە مەدەنییەکان، دەیان ساڵ بۆ یەکسانی هاوڵاتیانی ئەمریکی خەباتیان کرد و سەرکەوتنی بەرچاویشیان دەستەبەر کرد. یەکێک لەو سەرکەوتنانە بڕیاری دادگای باڵای ئەمریکا لە ساڵی ١٩٥٤ـدا بوو سەبارەت بە دۆسیەی بەناوبانگی «براون لەدژی ئەنجومەنی فێرکاری» کە جیاکردنەوەی قوتابیانی رەشپێست و سپی‌پێستی بە دژی یاسای بنەڕەتی لە قەڵەم دا. ئەگەرچی ئەم سەرکەوتنانە نەیانتوانی ئەو هەڵاواردنەوەی کەوا کۆمەڵگای ئەمریکی گیرۆدەی ببوو لەناو ببات، بەڵام دۆخێکی هێنایە ئاراوە کە لەودا ئەگەری بەرابەری راستەقینەی سپی و رەش لە ئەمریکادا دەبیندرا. لە وەها دۆخێکدا مارتین لۆتر کینگ تێکەڵ بە بزووتنەوەی دەستەبەرکردنی مافە مەدەنییەکانی رەشپێستەکان بوو.

ئامانج و مەبەستەکان
دوکتۆر مارتین لۆتر کینگ قەشەیەکی باپتیستی راهێنراو بوو کە هەوڵی دەدا ئاستی زانیاری گشتی سەبارەت بە رەگەزپەرەستی بەرز بکاتەوە و لەم رێگەیەوە کۆتایی بە هەڵاواردنی رەگەزی و جیاکردنەوەی رەگەزی لە ئەمریکا بهێنێت. لە حاڵێکدا کە ئامانجی سەرەکیی ئەو یەکسانیی رەگەزی بوو، لە سەرەتادا ئامانجی بچووکتری هەڵبژارد و خەباتێکی ریشەیی خۆجێیی بۆ یەکسانیی ئەمریکییە بە رەگەز ئەفریقییەکان رێکخست.  لە ساڵی ١٩٥٥ـدا، کینگ بە شێوەی چالاکانە لە یەکەم خەباتی گرنگ بۆ مافە مەدەنییەکان لە مۆنتنگریی ئالاباما بەشداری کرد؛ ئەو شوێنەی کە جیاکاریی رەگەزی لە پاسەکاندا یاسا بوو.
لە یەکێک لە رووداوەکاندا، رۆزا پارکس – ژنێکی ئەمریکی بە رەگەز ئەفریقی – کە ئامادە نەبوو جێگەی خۆی لە ناوەڕاستی پاسەکدا بدات بە پیاوێکی سپی‌پێست، بە تاوانی سەرپێچی مەدەنی دەستبەسەر کرا.
دەستبەسەرکردنی پارکس، تاکتیکێکی هەماهەنگ‌کراو بوو بۆ رێکخستنی بزووتنەوەیەکی ریشەیی کە توانی رێکخراوەی پاسەکانی مۆنتنگری بایکۆت بکات. لۆتر کینگ، پارکسی بە هۆی متمانەپێکراویەک کە لە کۆمەڵگای رەشپێستاندا هەیبوو، ئەوی وەکوو سیمای سەرەکی ئەم خەباتە هەڵبژارد. پێشتر لە هەمان ساڵدا کچێکی گەنجی تەمەن ١٥ ساڵ هەر بەم تاوانە دەستبەسەر کرابوو بەڵام کینگ و هاوخەباتانی ئەویان بە سیمایەکی کارتێکەر بۆ ئەم خەباتە نەدەزانی. رۆزا پارکس سیمایەک بوو کە کینگ دەیویست وەکوو هێمای خەباتی مەدەنی بە جیهانی نیشان بدات و ئەمەش تاکتیکێکی زۆر گرنگ بوو بۆ خەباتە خۆجێییەکان.
زیندانی کرانی پارکس وەکوو قوربانییەکی هەڵاواردنی رەگەزی، وای کرد کینگ بتوانێ دژکردەوەیەکی گونجاو لە سەرتاسەری کۆمەڵگادا پەرە پێبدات. ئەو کۆمەڵگای ئەفریقییەکانی ئەمریکای هاودەنگ کرد کە سیستمی هاتوچۆی گشتیی مۆنتنگری بایکۆت بکەن و خوازیاری یەکسانیی رەگەزی لە سیستمی هاتوچۆی گشتیدا بن.
پاش یەک ساڵ بایکۆت کردن، دادگای ناوچەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە دۆسیەی «برودێر لەدژی گیل»ـدا، یاسای جیاکاریی رەگەزی لە پاسەکانی مۆنتنگری هەڵوەشاندەوە. لە زۆر رووەوە، بایکۆتی رێکخراوەی پاسەکانی مۆنتنگری بووە هۆی سەرهەڵدانی بزاڤێکی نەتەوەیی بۆ لەناوبردنی هەڵاواردنی رەگەزی . کینگ رێبەڕایەتی ئەم بزاڤەی لە ئەستۆ بوو.
سەرکەوتووبوونی خەبات لە مۆنتنگری، بووە هۆی ئەوەی کینگ و هاوخەباتە ئەمریکییە بە رەگەز ئەفریقییەکانی بە مەبەستی دەستەبەرکردنی مافە مەدەنییەکان، لە ساڵی ١٩٥٧ـدا، «کۆنفڕانسی رێبەریی کرستیانەکانی باشوور» پێک بێنن کە ئامانجەکەی، بەکارهێنانی بایەخە ئەخلاقییەکان و دەسەڵاتی رێکخراوەیی کڵێساکانی باشوور، بە مەبەستی چاکسازیی لە بواری مافە مەدەنییەکان، بە کەڵک وەرگرتن لە شێوەی خەباتی نەرم و نیان  و مەدەنی بوو. کینگ وەکوو رێبەری «کۆنفڕانسی کرستیانەکانی باشوور» دەستی کرد بە رێکخستنی خەباتە خۆجێییەکان بۆ لەناوبردنی جیاکاری لە ویلایەتییە باشوورییەکان بۆ نموونە ئالاباما، جۆرجیا، فلۆریدا و شارە باشوورییەکان نۆ نموونە ئالبانی، بیرمەنگام و سەنت‌ئاگۆستین کە ئاوێنەی باڵانوێنی تێکۆشانەکانی مۆنتنگری بوو. خەبات لەدژی جیاکاری رەگەزی لە شوێنە تایبەتەکان، بۆ نموونە رێستۆرانت، پاس، قوتابخانە و فرۆشگەکان. سەرەڕای دەسەڵاتی حاشاهەڵنەگری پۆلیس و بەرپرسە خۆجێییەکان کە دەیان ساڵ سیاسەتەکانی جیاکاری رەگەزیان چەسپاندبوو، تاکتیکە نەرم و نیانەکانی کینگ بۆ چالاکییە مەدەنییەکان بووە هۆی ئەوەی پرسی جیاکاریی رەگەزی لە ئاستی نەتەوەییدا بێتە بەر باس.
سەرنجدانی گشتیی کۆمەڵگا بە پرسی جیاکاریی رەگەزی، بووە هۆی ئەوەی کینگ ببێت بە سەرەکیترین رێکخەری ئاکسیۆنی «شەشی گەورە» لە رێپێوانە بەناوبانگەی ساڵی ١٩٦٣ـی واشنتۆن. کینگ و هاوڕێیانی لەم ئاکسیۆنەدا، خوازیاری دادپەروەریی ئابووری بۆ سەرجەم ئەمریکییەکان بوون. ئەم رێپوانە دەرفەتێکی گەورە بوو بۆ ئەوان بۆ ئەوەی نیگەرانی و ناڕەزاییەکانی خۆیان لە پایتەخت نمایش بکەن. ئەم بابەتە لە وتاربێژییە بەناوبانگەکەی کینگ، «من خولیایەکم هەیە»، بە باشی خۆی دەرخستووە. رێپێوانەکەی واشینتۆن جگە لەوەی بووە هۆی پەسەندکردنی یاساگەلێکی گرنگ لە بواری مافە مەدەنییەکان، هەروەها ئەو هەلەی بۆ رەخساند کە باسی هەندێک لە پرسەکانی دیکەش بکات بۆ نموونە هەژاری، مافی کرێکاران و ... .

رێبەرایەتی
کینگ، لەدایکبووی ١٩٢٩ـیە لە شاری ئاتلانتای ویلایەتی جۆرجیا. ئەو لە ویلایەتێکدا گەورە بوو کە بە خەستی گیرۆدەی جیاکاریی رەگەزی بوو. ئەو هەم خوێندەواریی سێکۆلاری هەبوو و ئەم ئایینی و لە ساڵی ١٩٥٥ـدا دوکتۆرای خۆی لە بواری تیۆلۆژیدا لە زانکۆی بۆستۆن وەرگرت. لە ساڵی ١٩٥٤ـدا، کەمێک پاش ئەوەی وەکوو قەشەی کڵێسای باپتیست لە شەقامی دکستر لە مۆنتنگری ئەمریکا دەستی بە کار کرد، بە هۆی خەباتی مەدەنی لە مۆنتنگری، بووە سیمای ناوەندیی بزووتنەوەی چالاکانی مافە مەدەنییەکان.
پاش سەرکەوتن لە هەوڵوەشاندنەوەی یاساکانی جیاکاریی رەگەزیی لە سیستمی هاتوچۆی گشتیدا لە مۆنتنگری، کینگ بەشوێن پێکهێنانی رێکخراوێکی گشتگیرتردا بوو کە پرسی جیاکاریی رەگەزی لە ویلایەتەکانی دیکەی ئەمریکا بێنێتە بەر باس. لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٥٧ـدا، کینگ شەست کەس لە رێبەرانی رەشپێستی کڵێساکانی ئەمریکای بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی خەباتێکی زیاتر لەدژی جیاکاریی رەگەزی لە ئەمریکا بخەنە بەر باس. لە ماوەی ئەم دانیشتنانەدا «کۆنفڕانسی رێبەریی کرستیانەکانی باشوور» لەدایکبوو و کینگ رێبەرایەتی ئەم رەوتەی هەتا ساڵی ١٩٦٨، واتە تا ئەو کاتەی تیرۆر کرا، لە ئەستۆ بوو. کینگ، ئەم رێکخراوە نەتەوەییەی، بۆ قووڵکردنەوەی خەباتە نەتەوەیی و خۆجێیەکان بە مەبەستی لەناوبردنی رەگەزپەرەستی سیستماتیک لە سەرتاسەری ویلایەتە یەکگرتووەکان بەکارهێنا.
«کۆنفڕانسی رێبەریی کرستیانەکانی باشوور» لەگەڵ گرووپە خەباتکارە مەدەنییەکانی دیکە بۆ نموونە «ئەنجومەنی نەتەوەیی بەرزیی رەنگین‌پێستەکان» جیاوازیی هەبوو. ئەم رێکخراوەیە کە بە مۆدێلی رێکخستنی نەتەوەیی گشتگیر دامەزرابوو، لقی خۆجێیی نەبوو و بەم جۆرە ئەم هەلەی بۆ ئەوان دەڕەخساند لە پانتایەکی بەربڵاوتردا بتوانن ئەمریکییە بە رەگەز ئەمریکییەکان بهێننە ناو گۆڕەپانی خەباتە مەدەنییەکانەوە و لە رێگەی شێوازی نەرم و نیانەوە بۆ نموونە بایکۆت و کۆبوونەوە درێژە بە خەبات بدەن.
رێبەرایەتی کینگ، ئەوی وەکوو سیمای سەرەکیی خەباتی مافە مەدەنییەکان لە ناو خەڵکدا ناساندبوو و هەر بۆیە ئاگای لەوە بوو کە پێگەی خۆی لەلای زۆرینەی سپی‌پێست رابگرێت و لای ئەوانیش شەرعیەتی هەبێت. بەپێچەوانەی مالکۆم ئیکس، سیمای سەرەکی «نەتەوەی ئیسلام» کە بە خەباتی چەکداریی و هەڵبڕان لە جیهاندا دەناسرێت. کینگ لەگەڵ ئەم شێوازانە بە هیچ شێوەیەک هاوڕا نەبوو و هەوڵی دەدا خۆی وەکوو کەسایەتییەکی میانەڕەو و نەک توندڕەو لە ساحەی گشتیدا نیشان بدات.
لە زۆر رووەوە ئەم میانەڕەوییە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە سپی‌پێستەکانیش بەرەو ئەم خەباتە رابکشێت و تێکەڵ بەم بزاڤەیان بکات. کینگ جگە لەوەی هێمای هیواداری بوو بۆ رەشپێستەکان، هەروەها ببوو بە هێمای هیواداری بۆ سپی‌پێستە پێشکەوتنخوازەکان. ئەو هەوڵی دەدا بزووتنەوەی بەرگری مەدەنی، یەکگرتوو بمێنێتەوە و لە کاتێکدا کە ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو حەزیان لە ئازادی و یەکسانی بوو، هەوڵی دەدا پردێک لە نێوان گروپە چالاکە جۆراوجۆرەکاندا دروست بکات. لە ترسی ئەوەی بزووتنەوەکە تووشی لێکترازان نەبێت، هەرگیز راینەگەیاند کە سەر بە چ رەوتێکی تایبەتە. ئەو بەتایبەت لە پشت دەرگانەوە هەوڵی دەدا رێبەرە رەشەکان هان بدات لەگەڵ یەک هاوکاری بکەن. رێبەرانێک کە لە بارودۆخی ئاساییدا ئامادە نەبوون لەگەڵ یەک هاوکاری بکەن.
کینگ وەکوو رێبەرێکی مەدەبی و بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ، بە خەستی کەوتە ژێر کاریگەری نووسراوە و کردەوەکانی گاندی و چونکە هەستی بە نزیکایەتییەکی زۆر لەگەڵ گاندی دەکرد، ساڵی ١٩٥٩ سەردانی هیندی کرد و بە گوتەی خۆی ئەم گەشتە بە قووڵی کاریگەریی لەسەر تێگەیشتنی ئەو هەبوو بۆ پرسی بەرگری مەدەنی.
کینگ دەڵێ: «لەو کاتەوەی لە هیند بووم زیاتر بە قەناعەت گەیشتووم کە شێوازی بەرگری مەدەنی و نەرم و نیان، کاراترین چەکێکە لە بە دەست گەلانی ستمەلێکراوەوەیە، بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و کەرامەتی مرۆیی».

 

بەشی دووەم

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved