28/7/2021 03:44 PM

مارتین لوتەرکینگ - خەبات بۆ مافی یەکسان (بەشی دووەم)

 

کەشی مەدەنی
کینگ و هاوخەباتانی رووبەڕووی دژایەتی بێ‌بەزەییانەی بەرپرسانی خۆجێیی، هێزی پۆلیس لە شارە باشوورییەکان، دژبەرانی مافە مەدەنییەکان و سپی‌پێستانی لاینگری سەرێتی رەگەزی، وەکوو کۆکلس کلانەکان، دەبوونەوە. لاینگرانی مافە مەدەنییەکان جاروبار دەگیران و دەخرانە زیندانەوە.
«کینگ سی جار بە هۆی چالاکییەکانەوە دەستبەسەر کرا». هێزەکانی پۆلیسی شارە باشوورییەکان چکۆلەترین دوودڵیان بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی بەنیسبەت ناڕازیان نەبوو و تەنانەت هەندێک لە پۆلیسەکانی ئالاباما لەگەڵ کۆکلس کلانەکان هاوکاریان هەبوو و ئیزنیان دەدا لات‌ولووتەکان هێرش بکەنە سەر «سوارچاکانی ئازادی». زیاد لەوە، کۆکلس کلانەکان ماڵی چالاکانی مافە مەدەنییەکانیان بۆمبڕێژ کرد و کۆمەڵێک هەڵسووڕاوی ئەم بوارەیان کوشت، بۆ نموونە «مەدگار ئورس». ئەم کردەوە بێ‌بەزەییانە، پشتیوانییەکیی زیاتری بۆ بزووتنەوەی بەرگریی مەدەنی دەستەبەر دەکرد چونکە رای گشتی دەبزواند و ئەو سپی‌پێستانەی کە پێشتر بەنیسبەت پرسی رەشپێستەکان خەمسارد بوون، بوون بە پشتیوانی ئەم بزووتنەوەیە.
جگە لە هەڕەشەی ئەم گرووپانە، کینگ بە بەردەوامی لە ژێر چاوەدێریی FBAـدا بوو بۆ ئەوەی بتوانن پێوەندییەک لە نێوان ئەو و کۆمۆنیستەکاندا بدۆزنەوە. بە هۆی ئەوەی کینگ رێبەرێکی کاریزماتیک بوو و دەیتوانی کۆدەنگی لە نێوان رەشپێستەکان دروست بکات، FBA کینگی بە هەڕەشەیەک بۆ راگرتنی دۆخی هەنووکەیی دەزانی و بۆ ئەوەی بێدەنگی بکات، هەڕەشەی لەقاودانی پێوەندییەکانی ئەو لەگەڵ ژنانی دیکەی دەهێنا ئاراوە. بەڵام کینگ سەری بۆ ئەم زەختانە دانەخست چونکە نەیدەویست ئەو متمانەپێکراوییەی هەیەتی خەوشدار بێت.
ئەگەرچی زۆرینەی حکومەتە ویلایەتییەکان، هەڵوێستێکی دژبەرانەیان بەنیسبەت بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان هەبوو، بەڵام کەشی مەدەنی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەنیسبەت بزووتنەوەی مەدەنی لە زۆر رووەوە لەبار بوو. چاکسازیی یاسای بنەڕەتیی ئەمریکا لە سەردەمی پاش کۆیلەداری، چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ یەکسانی هەمووان هێنابووە ئاراوە کە لە کردەوەدا جێبەجێ نەکرا. سروشتی دیموکراتیکی کۆمەڵگای ئەمریکا ئیزنی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی بە کینگ و هاوڕێیانی دەدا. بەپێچەوانەی میدیا دژبەرەکانی ویلایەتەکانی باشوور کە حەزیان لەوە نەبوو تریبۆن بدەنە کینگ بۆ ئەوەی بۆچوونەکانی بخاتە روو، میدیا نەتەوەییەکان لاینگریان لە ئامانجەکانی ئەو دەکرد.

پەیام و بەردەنگ
لەو کاتەوەی یەکەم جموجۆڵەکان بۆ مافە مەدەنییەکان لە مۆنتنگریی ئالاباما لە ساڵی ١٩٥٥ـدا بەڕێوە چوو، کینگ بەردەوام جەختی لە یەکسانی هەموو رەگەزەکان، چ لە ناو پاسێکدا لە ئالاباما، چ لە رێستۆرانتێک لە جۆرجیا و چ لە شوێنی دەنگدان لە می‌سی‌سی‌پی، دەکردەوە. جگە لەوانە، سەرەڕای مژار و شوێن، کینگ هەموو هەوڵی خۆی لەسەر وەگەڕخستنی خەباتی ناتوندوتیژانە، بۆ نموونە بایکۆتی ئابووری لە ناو شارەکان، کۆبوونەوە، وتاربێژی و رێپێوانی گشتی، چڕ کردەوە. زیاد لە تاکتیکەکانی هاودەنگ کردنی کۆمەڵانی خەڵک، کینگ کاریزما و لێوەشاوەیی خۆی بۆ وتاربێژی سەبارەت بە خەبات لەدژی جیاکاریی رەگەزیش بەکار دێنا. وتاربێژییە باناوبانگەکەی ئەو، «خولیایەکم هەیە»، کە لە ساڵی ١٩٦٣ لە رێپێوانی واشینتۆندا پێشکەش کرا، وەکوو یەکێک لە باشترین وتاربێژییەکان لە مێژووی ئەمریکادا مایەوە.
کینگ بە لێوەشاوەیی پەیامەکەی بەپێی بەردەنگەکانی دادەڕشت. وەکوو هاوپەیمانێک لە بزووتنەوەی «مزگێنی بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی» بەپێی بارودۆخ، دەیتوانی توندوتیژ، رەوان، زانا، رەشۆکی و تەنانەت هەوەسباز (بە بێ ئەوەی کە بەڕاستی وا بێت)، راڕا یان ریاباز دەرکەوێت. «جاناتان ریدێر» یەکێک لە ژیاننامەنووسانی کینگ دەڵێ «ئەو توانستی مانۆڕدانێکی نائاسایی هەیە لەنێوان چەمکەکانی رەش و سپی و شوناسەکانی دیکە و دەتوانێ بە ئاسانی لەگەڵ بەردەنگان هاودڵی بکات. تیدەکۆشێت بەپێی سروشتی بەردەنگان قسە بکات و سنووری نێوان ئەوان تەنانەت لە باری ئایدیالۆژییەوە کەمڕەنگ بکات».
کینگ لە مۆنتنگری، دژکردەوەی پێویستی لەدژی زیندان کردنی نایاسایی رۆژا پارکس رێکخست. کینگ بایکۆتی سەرجەم کەرەستەکانی هاتوچۆی لە شاردا رێبەرایەتی کرد. داخوازیی بایکۆتکاران زۆر نەرم و نیان بوو. ئەوان تەنانەت داوای هەوڵوەشانەوەی یاسای جیاکردنەوەیان نەکرد و تەنها خوازیاری هەڵسوکەوتێکی رێزدارانە بوون لە پاسەکاندا و هەروەها داوای دامەزراندنی شۆفێرە رەشپێستەکانیان دەکرد بۆ ئەو شوێنانەی کە موسافیرەکانی زیاتر رەشپێستن. داخوازییەکی دیکەی ئەوان، پاراستنی مافی خزمەتگوزاری بوو بەڵام خوازیاری گۆڕینی یاسای تەرخانکردنی کورسییەکانی پێشەوە بۆ سپی‌پێستەکان و کورسییەکانی پشتەوە بۆ رەشپێستەکان نەبوون. ئەم بایکۆت کردنە پشتیوانی بەرچاوی کۆمەڵگای رەشپێستانی لێکەوتەوە و بەو هۆیەی زۆرینەی موسافیرانی سیستمی هاتوچۆی گشتی رەشپێست بوون، داهاتی رێکخراوەی پاسەکان بە خەستی دابەزی. بایکۆتکاران رووبەڕووی غەرامە، دەستبەسەرکران و هێرشی فیزیکی بوونەوە بەڵام دواجار لە رۆژی سێزدەهەمی مانگی نۆڤەمبەردا، دادگای فیدڕاڵی ئەمریکا، جیاکاری رەگەزیی ناو پاسەکانی بەپێچەوانەی یاسای بنەڕەتی زانی و لە ئەنجامدا بایکۆتی پاسەکان لە مۆنتنگریی ئالاباما پاش ساڵێک کۆتایی هات.
هەشت ساڵ دواتر لە مارسی ١٩٦٣ـدا، کینگ و «کۆنفڕانسی رێبەریی کرستیانەکانی باشوور» خەباتێکیان بۆ کۆتایی پێهێنان بە جیاکاری لە بیرمەنگامی ئالاباما رێکخست و هیوادار بوون دەرئەنجامەکانی مۆنتنگری دووپات بنەوە. لەم خەباتەدا کینگ لەجیاتی چڕبوونەوە لەسەر مژارێکی تایبەت بۆ نموونە سیستمی هاتوچۆی گشتی، خوازیاری کۆتایی هاتنی سیاسەتە ئابوورییەکان لە بیرمەنگام بوو، چونکە ئەم سیاسەتانە، پەرەی بە جیاکاریی رەگەزی و هەڵاواردن لەدژی ئەمریکییە بە رەگەز ئەفریقییەکانی دەدا. کینگ دەیزانی کە بۆ ئەم خەباتە، کردەوەیەکی مەدەنی خەست پێویستە و هەر بۆیە، خەباتی بیرمەنگامی تا رادەیەک هێرشبەرانەتر لە خەباتەکانی پێشوو، رێکخست. ئەم خەباتە دواتر ناوی نرا «پرۆژەی سی». کینگ و هاوخەباتانی لە چالاکییە مەدەنییەکاندا دەستیان کرد بە بایکۆتی ئابووری ئەو پیشە و کەسابەتانەی کە رەگەزەکانی دیکەیان وەرنەدەگرت و کۆتاییان بە جیاکاری لە دامەزراوەکانی خۆیاندا نەهێنابوو. هاوکات لە شاردا، کۆمەڵێک رێپێوان و کۆبوونەوەی ئاشتیخوازانەیان لە کتێبخانە و رێستۆرانتەکان ئەنجام دا کە دەیانزانی دەبێتە هۆی دەستبەسەرکرانی چالاکانی مافە مەدەنییەکان. کینگ ئەم ستراتیژییەی ئاوەها شرۆڤە دەکرد: «ئامانجی کردەوەی راستەوخۆ ئەوەیە کە وەها دۆخەکە قەیراناوی بکەین بۆ ئەوەی ئەوان ناچار بن دەرگاکانی گفتوگۆ بە رووماندا بکەنەوە».
پۆلیسی بیرمەنگام بۆ سەرکوتی ئەم ناڕەزاییانە، جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی مەدەنی دەستبەسەر کرد، هەروەها بە گۆپاڵ، سەگ و ئۆتۆمبێلی ئاوپژێن هێرشی کردە سەریان. کینگ کە لە قۆناغی سەرەتایی «پرۆژەی سی» دەستبەسەر کرابوو، هەلێکی بۆ رەخسا بۆ ئەوەی لە زیندان نووسراوەی بەناوبانگی «نامەیەک لە زیندانی بیرمەنگامەوە» بنووسێت. لەم نامەیەدا ئەو باس لەوە دەکات ناکرێ بە بێ کردەوەی ناتوندوتیژیی راستەوخۆ و سەرپێچی مەدەنی، مافە مەدەنییە راستەقینەکان دەسبەر بکرێن. هەروەها دەنووسێت: «نادادپەروەری لە هەر شوێنێک بێت، هەڕەشەیە لەسەر دادپەروەری لە شوێنەکانی دیکە» و ئەم راسپاردەیە دەخاتە روو کە «هەر کەسێک بەرپرسایەتییەکی ئەخلاقی هەیە کە یاسا نادادپەروەرانەکان رەچاو نەکات». ئەم نامەیە کە دواتر لە گۆڤار و کتێبە جۆراوجۆرەکاندا بڵاو بووەوە، یەکێک لە باشترین نووسراوەکانە کە لەلایەن هەڵسووڕاوانی بواری مافە مەدەنییەکان لە مێژووی ئەمریکادا نووسراوە. نامه و «پرۆژەی سی» بوونە هۆی ئەوەی لە تا کۆتایی بەهاری ١٩٦٣ دەسکەوتی گرنگ لە بیرمەنگام بێتە ئاراوە، زۆرینەی هەڵاواردنەکان لە بیرمەنگام لەناو چوون و جیاکاریی رەگەزی لە شاردا، بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی.
چەند مانگ لەدوای کۆتایی کەمپینی بیرمەنگام، کینگ بە شێوەیەکی جددی سەرقاڵی رێکخستنی رێپێوانی مێژوویی ٢٨ـی ئاگۆستی واشینتۆن بوو، بۆ ئازادی و پیشە. ئامانجی رێکخەرانی ئەم رێپێوانە زەقکردنەوەی دۆخی ئەمریکییە بە رەگەز ئەفریقییەکان لە باشوور بوو. ئەگەرچی بۆ ئەوەی حەشیمەتێکی زیاتر رابکێشن، ئەم جووڵانەوەیەیان لە ژێر ناونیشانی مافە مەدەنییەکان و رێکخراوە کرێکاری و ئایینییەکاندا رێکخست و پانتای پەیامەکەی لە مافە مەدەنییەکان بۆ رەشپێستەکان بەربڵاوتر بووەوە و پرسی کرێکارانی جیهانیشیان تێدا گونجاند. رێپێوانەکە بە جۆرێک شۆناسی خۆی دۆزیەوە و لووتکەی ئەم ئاکسیۆنە کۆبوونەوەی ٢٥٠هەزار کەسی لە بەر دەم مۆنۆمێنتی لینکۆڵن بوو و وتاربێژی سەرەکیی ئەم بەرنامەیە کینگ بوو. کینگ بە ئیلهام وەرگرتن لە ئینجیل و بەیاننامەی سەربەخۆیی ئەمریکا باسی هیواداربوونی خۆی سەبارەت بە هەماهەنگی نێوان رەگەزەکان و مژدەی یەکسانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد. «خولیایەکم هەیە کە رۆژێک ئەم وڵاتە راپەڕێ و بەپێی بڕوا راستەقینەکانی خۆی بژیت. ئێمە ئەم راستییانە بە بە بابەتێکی بەڵگەنەویست دەزانین کە هەمووی خەڵک بە یەکسانی ئافرێندراون. ئێستا کاتی ئەوەیە کە وڵاتی خۆمان لە لمە خزەکانی نادادپەروەریی رەگەزی بهێنینە دەرەوە و بیبەینە سەر رەوەزە سەختەکانی برایەتی. ئێستا کاتی ئەوەیە دادپەروەری بە شێوەیەکی راستەقینە بۆ سەرجەم مناڵانی خودا دەستەبەر بکەین.»
وتاربێژییەکی کینگ لەگەڵ چەپەڵەلێدان و پێشوازیی چاوەڕواننەکراوی ئامادەبووان رووبەڕوو بووەوە. ئەمریکییەکان لە سەرتاسەری وڵات پێشوازیان لەم وتاربێژییە کرد. سەرکەوتنی ئەم رێپێوانە بووە هۆی ئەوەی یاسای زۆر گرنگ سەبارەت بە مافە مەدەنییەکان پەسەند بکرێن. وەکوو یاسای مافە مەدەنییەکان لە ١٩٦٤ـدا و یاسای مافی دەنگدانی نەتەوەیی لە سالی ١٩٦٥ـدا کە بە شێوەی یاسایی کۆتایی بە جیاکاری لە ئەمریکا هێنا. ئەگەرچی پەسەندکردنی یاسانی مەدەنی، خولیاکانی کینگیان لە واقع نزیک کردبووەوە، بەڵام هێشتا بۆ جێبەجێ کردنیان لە کۆمەڵگادا دەبوو ئامادەکارییەکی زۆر ئەنجام بدرێت. کینگ سێ ساڵی دواتری بە شێوەی ماندوویی‌نەناسانە، تەرخان کرد بۆ گەیشتن بەم ئامانجە. کینگ بە هۆی تێکۆشانە بەرچاوەکانی بە مەبەستی لابردنی هەڵاواردنی رەگەزی، خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵی دەستەبەر کرد و لە ماوەی ساڵەکانی ١٩٦٣ بۆ ١٩٦٤ وەکوو پیاوی ساڵی گۆڤاری تایم هەڵبژێردرا.
لە دوای مەرگی، مەداڵیای شانازی سەرۆککۆماری لە ساڵی ١٩٧٧ و مەداڵیای ئاڵتوونی کۆنگرەی لە ساڵی ٢٠٠٤ـدا پێشکەشی کرا. رۆژێک لە ناو رۆژژمێری ئەمریکادا بە ناوی مارتین لۆتر کینگەوە ناو نراوە و ئەو رۆژەش رۆژی پشوودانی نەتەوەییە. ئەو کۆمەڵێک خەڵاتی لە ژمارنەهاتووی نەتەوەیی و ناودەوڵەتی بەدەست هێناوە.

چالاکییە گشتگیرەکان
کینگ بە وردی پەیام و رۆڵی خۆی رێک دەخست بۆ ئەوەی بتوانێ پشتیوانی رێکخراوەگەلێک لە ناوەوەی ئەمریکادا دەستەبەر بکات، کە ئەگەر بەم شێوەیە نەبوایە پشتیوانیان لێنەدەکرد.
ئەو زۆر جار لە خاڵە فەرهەنگیان کەڵکی وەردەگرت کە بۆ بەردەنگان ئاشنا بوو و گرنگ نەبوو بەردەنگان رەش، سپی، سێکۆلار و یان ئایینی بن. بۆ نموونە لە کۆنگرەی جووەکانی ئەمریکا، گوتی «خەڵک منیان بە زنجیر هێنا بۆ ئێرە، خەڵکی ئێوە، لەو زنجیرانەی لە ئەوروپا بۆیان دروست کردن رایان کرد. یەکێتیی ئێمە بەرهەمی چەندین سەدە خەباتی هاوبەشە. نەک بۆ ئەوەی تەنها خۆمان لە کۆیلایەتی دەرباز بکەین، بەڵکوو بۆ ئەوەی ستەم لەناو ببەن».
کینگ هەندێک جار بۆ دەستەبەرکردنی پشتیوانیی پێویست، ناچار بوو بسازێت. ئەو لە رێپێوانی واشینتۆندا، رۆڵێکی گرنگی بۆ کەمڕەنگ کردنی رەخنە گرتن لە حکومەت گێڕا. رێپێوانەکە بە گشتی بۆ ئیدانەکردنی حکومەتی فیدڕال بە هۆی شکست هێنان لە تێگەیشتن لە پێویستی و نیگەرانییەکانی رەشپێستان، رێکخرابوو بەڵام بە خواستی جان کێنێدی، رێکخەرانی دیکەی بە قەناعەت گەیاند کە چالاکییەکانیان کەمتر هێرشبەرانە بێت. ئەم گۆڕانی راوێژە، بووە هۆی ناڕەزایی کەسانێک، بۆ نموونە «مالکوم ئیکس» کە هاوکات لەگەڵ رەدکردنەوەی ئەم مەراسیمە، بە ناوی نابوو «گاڵتەجاڕیی واشینتۆن». بەڵام ئەم بابەتە پێوەندیی چالاکان و حکومەتی باشتر کرد و بەخێرایی بووە هۆی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی.
لە چواری ئاڤریلی ١٩٦٨، ئەو کاتەی کینگ لە هەیوانی هۆتێلەکەی خۆی لە مێمفیسی تێنێسی وەستابوو، تیرۆر کرا. گەشتەکەی ئەو بۆ پشتیوانی کردنی لە مافی کرێکارانی رەشپێستی بەشی تەندروستی بوو. مەرگی ئەو بووە هۆی ئاڵۆزی و نائارامی لە سەرتاسەری وڵاتدا بەڵام بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان لە پرەنسەپەکانیان لایان نەدا و بەردەوام بوون لە خەبات بۆ یەکسانی رەشپێستەکان. بەگشتی ئەو رەوتەی کینگ دایمەزراند درێژەی پێدرا و زۆرێک لە ئامانج و ئارمانەکانی کینگ دەستەبەر بوو.

 

بەشی یەکەم

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved