29/7/2021 04:44 PM

خەبات لە بناغەوە-بەشی یەکەم

بزووتنەوەی دژەئاپارتاید
لە ئەفریقای باشوور


روانگە و پاڵنەر

لە سەدەی حەڤدەهەمەوە کە هۆڵەندییەکان ئەفریقای باشووریان کرد بە کۆلۆنی، خۆیان بە رەگەزی بەرزتر پێناسە کرد، خۆجێییەکانیان خستە لاوە و دەسەڵاتی سپی‌پێستەکانیان بەهێز کرد. بەڵام سەرکەوتنی حزبی ناسیۆنالیست لە ساڵی ١٩٤٨ـدا، کە سەرجەم ئەندامەکانی سپی‌پێست بوون وەرزێکی نوێی لە سەرکوتکاری لە مێژووی ئەفریقای باشووردا کردەوە. هەر ئەو جۆرەی رێبەری حزب رایگەیاند «دروشمی ئێمە پاراستنی بەرزترێتیی رەگەزی سپی لە داهاتوودایە. تەنانەت ئەگەر پێویست بێ، زوڵم و زۆریش بەکار دێنین». یاساکانی ئاپارتایدی نوێ (بە زمانی ئەفریقای باشوور «ئاپارتس») لە رێگەی ناچار کردنی ئەفریقای باشوور بۆ دابەشکاریی رەگەزی وەکوو ئەوروپییەکان، هیندییەکان و رەنگین‌پێستەکان (رەگەزە تێکەڵەکان) و ئەفریقییەکان، بەرزترێتیی رەگەزیی سپی دەپاراست و تا جێیەی بگونجایە ئەم رەگەزانەی لێک جیا دەکردەوە. ناسپی‌پێستەکان بە زۆرەملی لە ناوچە بێ‌بەشەکان نیشتەجێ دەکران و دەبوو بۆ گەشت‌کردن مۆڵەتیان وەرگرتایە. مافی دەنگدان و بەشداریکردن لە حکومەت و هاوسەرگیری لەگەل سپی‌پێستەکانیشیان لێ زەوت کرا و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا مافی خاوەنایەتی زەویشیان نەبوو. ناسپی‌پێستەکان لە ئەفریقای باشوور، لەدژی ئەم هەوڵاواردنانەدا دەیان ساڵ خەباتیان کرد بەڵام نەیانتواننی گۆڕانێکی هەمیشەیی بهێننە ئاراوە. لە رووداوگەلێکی وەکوو کوشتاری «شارپ ویل» لە ١٩٦٠ و شۆڕشی «سورتو» لە ١٩٧٦، حکومەت بە توندی ناڕازیانی سەرکوت کرد و هەندێک لە رێبەرانی ئەم رەوتە بۆ نموونە ماندێللایان زیندانی کرد و هەندێک کەسی دیکەش بۆ نموونە «ستیو بیکۆ»ـیان کوشت. لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٧٠ـدا، کۆمەڵێک ئەنجومەنی خەڵکی-مەدەنی لە شارۆچکەکانی رەشپێستەکان سەریان هەڵدا. چالاکیی ئەم گرووپانە سیاسی نەبوو و تەنها لەسەر پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی چڕ ببوونەوە. پۆپۆمۆلفی دەڵێ: «پێویست بوو بزووتنەوە لەسەر پرسە خۆجێییەکان کار بکات بۆ ئەوەی ئەو متمانەبەخۆییە ببەخشێتە خەڵک کە ئەوانیش دەتوانن لە رێگەی چالاکییە خەڵکییەکانەوە، ژیانی خۆیان لانیکەم بە رادەیەکی کەم بگۆڕن». چالاکان، کۆمەڵگا خۆجێییەکانیان  لەسەر پرسگەلێکی وەکوو بەرزبوونەوەی کرێی خانوو، نرخی خزموتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ نموونە ئاو و نیشتەجێکردنی زۆرەملی، کۆدەنگ کرد. ئەوان توانیان لە رێگەی خۆپیشاندان، نەدانی کرێ خانوو، هاندانی خەڵک بۆ نەکڕینی شمەک و بایکۆت کردن، زەخت بخەنە سەر بەرپرسان و توانیان دەسکەوتی بچووک و بەرهەست دەستەبەر بکەن، ئەگەرچی دەیانزانی دەبێ ئاسۆیەکی بەربڵاویان هەبێ. «ئێمە دەبێ بەرزبوونەوەی نرخی کرێ خانوو، نرخی سیستمی هاتوچۆ و ئاو و کارەبا بە دووکەڵی ئاگری ئاپارتاید بزانین و هێزەکانی خۆمان بۆ کۆژاندنەوەی ئەم ئاگرە یەکگرتوو بکەین.»

ئامانج و مەبەستەکان
رێبەرانی بزووتنەوەی خەباتە مەدەنییەکان لە ئاستگەلی خۆجێییدا، دەرفەتێکیان بۆ «پێکهێنانی سەرەتایی رێکخراوە خەڵکییەکان» بەدی دەکرد کە دەکرێ لەوێوە رێکخراوەی سیاسیی پێشکەوتوو بونیاد بنرێت؛ رەوتێک کە دەتوانێ خەباتە دیموکراتیکە نەتەوەییەکان بگەیێنێتە لوتکە. بە گوتەی مولفی: «ئاسۆی ئەم پرسە نەتەوەییە، بەرەو ئامانجێکی سەرەتایی بوو کە بە ئاسانی لە دامەزراندنی «بەرەی یەکێتیی دیموکراتیک» لە سالی ١٩٨٣ـدا رەنگی دایەوە». ئێمە داواکاری مافەکانی خۆمانین و ئەو مافانەشمان هەر ئێستا و هەر لێرە دەوێت.»
بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، چالاکان دەیانزانی کە بۆ ئەم مەبەستە تەنها شۆڕشگەلێکی خۆڕسک تەواو نییە و دەبێ کۆمەڵێک رێکخراوە لە سەرجەم وڵاتدا دابمەزرێن. هەر ئەو جۆرەی موکاسلی جەک، یەکێک لە رێبەرانی گەنج دەیکوت: «ئێمە دەبێ ئەم شەڕە لە شارۆچکەکانی رەشپێستانەوە بگوازینەوە بۆ ماڵی ئەوان (سپی‌پێستانی ئەفریقای باشور) و ئەم جووڵەیە هەمان شتە کە بایکۆتی لێکەوتەوە». مەبەست ئەوە بوو کە لە رێگەی زیان گەیاندن بە پیشە خۆجێییەکان، زەخت بخەنە سەر حکومەت و ناڕازیان بیسەلمێنن کە ئەم وڵاتە ناتوانێ درێژە بە ئاپارتاید بدات. ئەو جۆرەی کە مۆلفی باس دەکات: "ئێمە بە پیشە و کەسابەتەکانمان دەگوت، ئێوە بەشێکن لە وڵاتی ئێمە، ئەگەر لەگەڵ زۆرینەی خەڵک لە ئەفریقای باشوور بە شێوەیەکی مرۆیی هەڵسوکەت نەکرێت و رێز لە مافەکانیان نەگیرێت، ئەم وڵاتە سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت و پیشە و کاری ئێوەش لە دۆخێکی ناسەقامگیردا بەردەوام دەبێت.»
هاوکات، بزووتنەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاپارتایددا، پێویستی بە پشتگیریی ناودەوڵەتی بوو. بە گوتەی قەشەی باڵا دزمۆند توتو «ئێمە رووبەڕووی کارەساتێکین لەم وڵاتە و تەنها گوشاری کۆمەڵگای ناودەوڵەتی دەتوانێ رزگارمان بکات». ئەو خوازیاری ئەوە بوو حکومەتی ئاپارتاید لەلایەن وڵاتانی دەرەوە سزا بدرێت بۆ ئەوەی «ئەفریقای باشووری نوێ» کە پشتیوانی زیاتر لە ٧٠٪ـی رەشپێستانی لەگەڵدا بوو، پێک بێت.» ئەوان دەیانزانی کە لە کۆرت‌ماوەدا دەبێ کێشەی ئابووری کە دەئەنجامی سزاکانن تەحەمول بکەن و ئەمەش «نرخێک» بوو کە دەبوو بۆ ئازادی بیاندایە. لە رێگەی ناڕەزایی ناودەوڵەتی و رووماڵی میدیاییەوە، زۆرینەی وڵاتان بە قەناعەت گەیشتن کە دەبێ ئەفریقای باشوور سزا بدەن. بزووتنەوەی دژەئاپارتاید بە زەخت خستە سەر حکومەت لە ناوخۆ و دەرەوە، ئەم پرسەی روون کردەوە کە رژێمی ئاپارتاید ناتوانێ درێژەی هەبێ و حکومەت دەبێ خۆی بەدەستەوە بدات.

رێبەری
بەرەی یەکێتیی دیموکراتیک کە ساڵی ١٩٨٣ لەلایەن موکاسلی جەکەوە دامەزرابوو، رێکخستنی بزووتنەوەی دژەئاپارتایدی خستە ئەستۆ. ئەم هاوپەیمانییە ناکۆجێیە کە زیاتر لە ٥٠٠ رێکخراوەی تازە دامەزراوی لەخۆ دەگرت، بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چاکسازیی حکومی کە مەبەستەی سنووردارکردنەوەی بزووتنەوەی دژەئاپارتاید بوو، پێک هات. پاش سەرکوتی ١٩٨٦، یەکێتیی کرێکارانی رەشپێستیش بە مانگرتنەکانی خۆیان، رۆڵێکی گرنگیان لە بزووتنەوەی دژەئاپارتایددا گێڕا. کۆمەڵگەی رەشپێست، لە ئاستی خۆجێییەوە، دەستی کرد بە رێکخستن و حکومەتێکی خۆبەڕێوەبەریان هێنایە ئاراوە. ئەنجومەنە شەقامیەکان، دەسەڵاتیان لە کۆنسوولە خۆجێییەکان لە هاوکاری رژێمی ئاپارتاید بوون، سەندەوە. ئەو کۆمیتانەی کە لە شەقامی شارۆچکەکان پێک هاتبوو، لە ناو خۆیاندا چەندین نوێنەریان هەڵبژارد بۆ ئەوەی لە کۆمیتەکانی ناوچە کار بکەن.
کۆمیتەکان جگە لەوەی کۆمەڵگای خۆجێییان بۆ مانگرتن و بایکۆت هاودەنگ دەکرد، هەروەها هەڵدەستان بە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و خزمەتگوزاری‌گەلێکی وەکوو پاسەوانی، پاککردنەوە شەقامەکان، کۆکردنەوەی زبڵ و خزمەتگوزاریی پزیشکی. بزووتنەوە «مەرجی حوکمڕانیی راستەوخۆی حکومەتی شکاند» و لە رێگەی خۆبەڕێوەبەرییەوە «تەنانەت بەر لە رزگاری، دەستی کرد بە ئافراندنی دەسەڵاتی خەڵک لە سەردەمی خەباتدا». جگە لەوە، بزووتنەوە لە رێگەی رێکخستنی خۆجێییەوە، خەڵکی لەگەڵ شێوازە ناتوندوتیژەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکان ئاشنا دەکرد.
بزووتنەوە پێویستی بە پشتگیری میانەڕەوەکان و ئەندامانی بەتەمەنتری کۆمەڵگای رەشپێستان کە لە توندوتیژیی توندڕەوەکانی پێشوو دڵسارد ببوونەوە، هەبوو. چالاکە گەنجەکان، کۆمەڵێک دانیشتنی خۆجێییان بەڕێوە دەبرد و هەلیان بۆ رێبەریی بەتەمەنەکان دەڕەخساند. گەنجان بەم شێوەیە جگە لەوەی ببوونە جێێ متمانەی ئەوان، بەڵکوو پشتگیریی جیلەکانی پێشووشیان بەدەست هێنابوو کە زۆر گرنگ بوو.

کەشی مەدەنی

رژێمی ئەفریقای باشوور، بزووتنەوەی دژەئاپارتایدی چەندین جار سەرکوت کرد. یەکێک لە توندترین سەرکوتەکان لە کۆتاییەکانی دەیەی هەشتادا رووی دا کە زیاتر لە ٢٥٠٠٠ کەس دەستبەسەر کران و بە بێ دادگایی کردن خرانە ناو زیندانەوە. یاساکانی سانسۆر، رێگری لە میدیا خۆجێییەکان دەکرد بۆ ئەوەی رووماڵی چالاکیەکانی بزووتنەوەی دژەئاپارتاید بکەن. ئەوان تەنها دەیانتوانی بەیاننامە فەرمییەکانی حکومەت نیشان بدەن. حکومەت بەکارهێنانی شێوازە ناتوندوتیژەکان، ریگری لە کارکردن و بایکۆتی قەدەغە کردبوو و ئەم شێوازە لە خەبات و کۆمیتەکانی شەقامی لە ژێر ناوی «رووخاندن» پۆلێنبەندی دەکرد. لە ساڵی ١٩٨٨ـدا، حکومەت چالاکییەکانی یەکێتیی کرێکارانی رەشپێست و دەیان رێکخراوی دیکەی دژەئاپارتایدی بە نایاسایی لە قەڵەم دا. کاتێک کۆنسوولەکان گەڕانەوە بۆ شارۆچکەکان بۆ ئەوەی دەسەڵات لە کۆمیتەکانی شەقام وەربگرنەوە، هێزەکانی پۆلیس چالاکییەکان خۆیان هەتا سنووری داگیرکاریی سەربازی بەربڵاو کردەوە. هێزە ئەمنییەکانی حکومەت، ئۆپەراسیۆنی نهێنییان لەدژی رێبەرانی بزووتنەوە ئەنجام دەدا. هێزە ئەمنییەکان هێرشیان دەکردە سەر ماڵەکانیان و بۆمبرێژ و تیرۆریان دەکرد.
پۆلیس ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییەکانی ئەشکەنجە دەکرد و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا هانی دەدان بەرەو توندوتیژی بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە رەشپێستەکان بکوژێت. سەرکوتی حکومەت دواجار، کاریگەریی پێچەوانەی هەبوو. وڵاتانێکی وەکوو ویلایەتە یەکگرتووەکان کە بۆ سزادانی ئەفریقای باشوور بەهۆی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەوان لە شەڕی سارددا دوودڵ بوون، بە هۆی رووماڵی بەربڵاوی خۆپیشاندانەکان لەدژی سەرکوتەکان، لەگەڵ وڵاتە ئەوروپییەکان، دەستیان کرد بە سزادانی ئەفریقای باشوور و وازیان لە سەرمایەگوزاری و قەرز پێدان بەم وڵاتە هێنا. ئەم ئاڵوگۆڕانە، خەڵکی ئەفریقای باشووری بە قەناعەت گەیاند کە ئەم دۆخە ناتوانێ درێژەی هەبێ.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved