31/7/2021 01:24 AM

چاره‌سه‌ری قه‌ڵه‌وی به‌ گیراوه‌ سروشتییه‌كان

سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ری قه‌ڵه‌وی و چه‌وری ورگ به‌ گیراوه‌ سروشتییه‌كان له‌نێوان زانست و خورافه‌و وه‌همدا، د.كامه‌ران ره‌سوڵ ژاژڵه‌یی پسپۆڕی زانستی خۆراك بابه‌تێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و تێیدا زانیاری گرنگی ڕوونكردوه‌ته‌وه‌.

د.كامه‌ران له‌ بابه‌ته‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هیچ گیراوه‌یه‌كی سیحراوی نیه‌ چه‌وری ورگ بتوێنته‌وه‌، هه‌روه‌ك چاره‌سه‌ری قه‌ڵه‌وی و نه‌هێشتنی ورگ و دابه‌زاندنی كێش به‌بێ ڕێجیم و به‌رنامه‌ی خۆراكی و وه‌رزش و نووستنی ته‌ندروست، دوای ده‌ستنیشانكردنی هۆكاری زۆری كێش و قه‌ڵه‌وی كارێكی ئه‌سته‌مه‌و دووره‌ له‌ڕاستییه‌وه‌.

هه‌روه‌ها ڕوونیشیده‌كاته‌وه‌، هیچ گیراوه‌یه‌كی سروشتی نیه‌ كه‌ بتوانێت به‌بێ كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕی كالۆری و وزه‌ی وه‌رگیراو له‌ڕێگای خواردن و وازهێنان له‌ خۆراكی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ وزه‌و ناته‌ندروست وه‌ك شیرینی و چه‌وری و وه‌رزش كێشی مرۆڤ دابه‌زێنێت.

ئه‌و پزیشكه‌ ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، راسته‌ كۆمه‌ڵێك گیراوه‌ی سروشتی و گژوگیا یارمه‌تی زیاتر سووتاندنی چه‌وری و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئیشتیها ئه‌ده‌ن، به‌ڵام بێ پاپه‌ندبوون به‌ ڕێجیم و وه‌رزشكردن، كاریگه‌ریان زۆر كه‌مه‌، بۆ نموونه‌ قاوه‌ی سه‌وز، زه‌نجه‌بیل، لیمۆو نه‌عنا، سركه‌ی سێو، گوڵه‌مێخه‌ك ئه‌مانه‌ هه‌موویان سوودیان بۆ جه‌سته‌ هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ته‌نها هیج كاتێك نابنه‌ هۆی دابه‌زاندنی كێش یان ڕێگرتن له‌ قه‌ڵه‌وی.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، به‌كارهێنانی ئه‌م گیراوانه‌ زۆركات ده‌بێته‌ هۆی پاككردنه‌وه‌ی ڕیخۆڵه‌كان و نه‌هێشتنی غازات و قه‌بزی، به‌ڵام ناتوانن چه‌وری ورگ و جه‌سته‌ بتوێننه‌وه‌ به‌بێ ڕێجیم و وه‌رزش و نووستنی ته‌ندروست له‌ شه‌ودا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌كاتی ڕێجیمدا به‌كاربێن ئه‌وا ڕێژه‌ی سووتانی چه‌وری زیاتر ده‌كه‌ن.

خاك - ئا/ لانه‌ كاشان



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved