31/7/2021 02:37 PM

خەبات لە بناغەوە-بەشی دووەم

پەیام و بەردەنگ
پەیامی سەرەکیی بزووتنەوەی دژەئاپارتاید ئەوە بوو کە ئاپارتاید دەبێ کۆتایی بێت و رەشپێستانی ئەفریقای باشوور دەبێ مافەکانی خۆیان دەستەبەر بکەن. بزووتنەوە دەبوو کەمینەی سپی‌پێستی بە قەناعەت بگەیاندایە کە ئاپارتاید بەردەوام نابێت. بۆ ئەم مەبەستە، ئەوان دەسەڵاتی خۆیان وەکوو زۆرینە لە رێگەی «سەرپێچی»ـی بە بێ توندوتیژی و هاوکاری نەکردن لەگەڵ رژێم، دەسەپاند. ئەوان دەسەڵاتی ئابووری خۆیان بەکار دێنا بۆ بایکوت کردنی کرێی خانوو، بایکوت کردنی بەکارهێنەر (کڕیارانی کاڵاکان) و هەروەها بایکوت کردنی کار و پیشەی سپی‌پێستان و ئەو رەشپێستانەی لەگەڵ رژێم هاوکاریان هەبوو. مانگرتنی خوێندکاران و کرێکاران و بەرگیری کردن لە کار، شێوازێکی دیکە بوو لە سەرپێچی کردنی مەدەنی. بایکوت کردنی بەکارهێنەر (کڕیاری کاڵاکان)، تاکتیکێکی زۆر کاریگەر بوو. چونکە ئەم تاکتیکە، سپی‌پێستانی لەگەڵ سیاسەتەکانی حکومەت گرێ دەدا و ئەوان کە زیانیان بەردەکەوت، زەختیان دەخستە سەر حکومەت بۆ ئەوەی سیاسەتەکانی خۆی بگۆڕێت. گرنگتر لەوە، ئەم تاکتیکە بەرگرییەک بوو لە بەرامبەر سەرکوتدا. هەر ئەو جۆرەی سەرۆکی پۆلیس باس دەکا: «ئەگەر نەیانهەوێ شت بکڕن چ تاوانێکیان ئەنجام داوە؟ کردەوەیەکی خەڵکییە، ئێوە دەتوانن چ کارێک بکەن؟ ناتوانن بیاندەنە بەر دەسڕێژ و یان هەموویان بخەنە زیندانەوە». رەشپێستەکانی ئەفریقای باشوور خۆیان لە هاوکاری کردن لەگەڵ ئەو برپرسانەی حکومەت داینابوون دەبوارد. لە نێوەندەکانی دەیەی ١٩٨٩دا، شەپۆلی توندوتیژییەکان لە شارۆچکەکان بەرز بووەوە و هەندێک لە نوێنەرانی رەشپێست، ئەفسەرانی پۆلیس و ئەو کەسانەی تۆمەتی سیخوڕیان لەسەر بوو کوژران. شکۆی حکومەت لە شارۆچکەکان شکا و رێکخەرانی خۆجێیی ئەم بۆشاییەیان بە کۆمیتەکانی شەقام پڕ کردەوە. ئەگەرچی توندوتیژیی خێرایی بەخشی بە رەوتی دەست لەکار کێشانەوەی نوێنەرانی حکومەت لە شارۆچکەکان، بەڵام لە لایەکی دیکەوە رژێم بە توندی دەستی کرد بە سەرکوت؛ ئەوە لە حاڵێکدایە کە چالاکییە مەدەنییەکان، کۆمەڵێک دەسکەوتی بچووک بەڵام گرنگی دەستەبەر دەکرد.
هاوکات چالاکان، سەرنجی جیهانیان بۆ لای جیاکاریی رەگەزی و توندوتیژی پۆلیس راکێشا. لە ساڵی ١٩٨٩ـدا، بزووتنەوە جگە لە رێکخستنی خۆپیشاندان و بەرگیری کردنی کەسەکان لە ئیش و کار، خەڵکی هاودەنگ کرد بۆ ئەوەی ئاپارتاید (جیاکاریی رەگەزی) لە کەنارەکانی دەریا و نەخۆشخانەکان بخەنە ژێر پرسیارەوە. ئەوان زمانی مافی مرۆڤیان بەکار دێنا بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ چالاکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا پێوەندی دروست بکەن. زیندانییەکان بە مانگرتن لە خواردن، سەرنجی جیهانیان بۆ لای خۆیان راکێشا و هەروەها زەختیان خستە سەر بەرپرسانی حکومی بۆ ئەوەی ئازادیان بکەن یان دۆخی زیندان باش بکەن. نێلسۆن ماندێللا، بەرپرسانی زیندانی بەم قەناعەتە گەیاند، لە رێگەی فاکس و تەلەفۆنەوە، لە ژوورە تاکەکەسییەکەی خۆیەوە، ئۆپەراسیۆنەکانی بزووتنەوە هەماهەنگ بکات. ئەو هەروەها دەستی کرد بە گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەت بۆ ئەوەی بتوانن خاڵی هاوبەش بۆ دانیشتنەکانی داهاتوو بدۆزنەوە.

چالاکییە بەربڵاوەکان
مۆلفی گوتی: «دەبێ بەشێکی بەرچاو لە حەشیمەتی ئەفریقای باشوور کە بڕوایان بە ئاشتی و دادپەروەری بۆ داهاتوو هەیە یەکگرتوو بکەین». پرۆسەی ئەندامگیریی بەرەی یەکێتیی دیموکراتیک، سپی‌پێست و بە رەگەز هیندیەکانیشی لەخۆ دەگرت و هەروەها یەکێتییە کرێکارییەکان، خوێندکاران، ئەنجومەنە مەدەنییەکان، گرووپەکانی ژنان و کڵێساشی بانگهێشت کرد بۆ ئەندامێتی. کڵێساکان شوێنی دیدارە گشتییەکان بوو و کەسایەتییە ئایینییەکان بۆ نموونە «دزمۆند توتو»، پشتیوانیی گشتیان لە رێگەی وتاربێژییەوە بۆ خەڵک و هەروەها رێکخستن دەستەبەر دەکرد. ئەنجومەنی کڵێساکانی ئەفریقای باشوور، بەرپرسایەتی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەکانیانی خستە ئەستۆ. دواجار، گروپە سپی‌پێستەکانی ئەفریقای باشوور و گروپە بە زەگەز هیندییەکان تێکەڵ بە بزووتنەوە بوون. بزووتنەوەی دژەئاپارتاید، پشتیوانیی ناودەوڵەتی دەستەبەر کرد و کەڵکی لە هەندێک لە هەڵسوکەوتەکانی کۆمەڵگای ناودەوڵەتیی وەکوو بایکۆت کردنی زانکۆکان و مامۆستایانی ئەفریقای باشوور، بایکۆت کردنی یانە وەرزشییەکان لە کێبەرکێکانی جامی جیهانی تۆپی‌پێ و ئۆلەمپیاد و بەرگیری لە چوونەدەرەوەی پارە لە وڵات، وەرگرت. کاتێک بزووتنەوەی دژەئاپارتاید لە سەرتاسەری جیهاندا ناسرا، کۆمەڵگای جیهانی بە پێدانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە دزمۆند توتو لە ١٩٨٤ و ماندێللا لە ١٩٩٣ـدا رێزیان لەو تێکۆشانانە کرد.
فشارە ناودەڵەتی و ناوخۆییەکان لەسەر رژێمی ئەفریقای باشوور دواجار ئەوانی بەم ئەنجامە گەیاند کە بە گوتەی "ئێف. دەبلیۆ. دی کلرەک"، سەرۆکی نوێی ئەفریقای باشوور لە ١٩٨٩ـدا: «کاتی دانوستان هاتووە». ماندێللا ساڵی دوایی ئازاد کرا و یاساکانی ئاپارتاید هەڵوەشانەوە. پاش دانوستانگەلێکی درێژخایەن، هەڵبژاردن لە ١٩٩٤ـدا بەڕێوە چوو و ماندێللا وەکوو سەرۆکی نوێی ئەفریقای باشوور هەڵبژێردرا. وڵات بە شێوەی دیموکراسیی پەرلەمانی لەسەر بنەمای «یەک کەس-یەک دەنگ» دامەزرا و بۆ ماوەی پێنج ساڵ، سەرجەم لایەنە سەرەکییە سیاییەکان لە حکومەتی سەردەمی گواستنەوەدا نوێنەریان هەبوو. پاش دەیان ساڵ ئاپارتاید، ماندێللا رایگەیاند «ئەم وڵاتە جوانە هەرگیز ئەزموونی تاڵی سەرکوتی کۆمەڵێک کەس بە دەست کۆمەڵێک کەسی‌تر بەخۆیەوە نابینێت». چیرۆکی بزووتنەوەی دژەئاپارتاید، ئەم گوتەیەی دزمۆند توتو پشتڕاست دەکاتەوە کە دەڵێ: «کاتێک خەڵک بڕیار بدەن ئازاد بن، هیچ کەسێک ناتوانێ ئەم ئیرادەیە بوەستێنێت».

 

خەبات لە بناغەوە-بەشی یەکەم

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved